سەرۆكی پەرلەمان وێنەی مستەفا بارزانی لە شوێنی پرۆتۆكۆڵ لادەبات
2019-12-19 16:33:40
درەو میدیا:
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێنەی مستەفا بارزانی لە شوێنی پێشوازیكردن لادەبات و ئایەتێكی قورئان لە شوێنەكەی دادەنێت.
لەدوای نۆژەنكردنەوەی نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان لەناو تەلاری پەرلەمانی كوردستان و بەپێی ئەو وێنە نوێیانەی كە ( درەو میدیا) لە سایتی رەسمی پەرلەمانی كوردستانەوە وەریگرتووە، د. رێواز فایەق، لە شوێنی پێشوازی (پرۆتۆكۆڵ) وێنەی مستەفا بارزانی لابردووە لە جێگەی ئایەتێكی قورئانی ( وامرهم شورى بینهم) هەڵواسیوە كە گوزراشتە لە راوێژكردن.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) وێنەی مستەفا بارزانی لە ژووری نوسینگەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان و لە لایەكی تری دیواری ژوورەكە هەڵواسراوە، كە لەبەردەم كامێراكاندا دەرناكەوێت.
هەڵواسینی وێنەی مستەفا بارزانی لەپەرلەمانی كوردستان بەردەوام جێگەی قسەوباس بووە، بەڵام گفتوگۆكان لە خولی پێشووی پەرلەماندا زیاتر چڕبونەوە كە پەرلەمانی كوردستان كەوتە دەست هێزێكی ئۆپۆزسیۆن( بزوتنەوەی گۆڕان)، ئەوكات هەندێك لە چالاكوانی مەدەنی و سیاسی رەخنەیان لەسەرۆكی پەرلەمان ( د. یوسف محەمەد) دەگرت كە بۆچی وێنەی مستەفا بارزانی لە نوسینەكەی سەرۆكی پەرلەمان لانەبردووە، بەڵام بە پاساوی پرۆتۆكۆڵ و بڕیارێكی ساڵی 1997ی پەرلەمان بە هەڵواسینی وێنەی مستەفا بارزانی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، وێنەكە هەر لەشوێنی خۆی مایەوە.
لەدوای رووداوەكانی شەڕی ناوخۆ وبەتایبەتیش لەدوای 31ی ئابی 1996 و كۆنترۆڵكردنی شاری هەولێر لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، وێنەی مستەفا بارزانی لە تەلاری پەرلەمان و تەواوی ئۆفیس و ژووری كۆبونەوەكاندا هەڵواسرا.