Draw Media

شەفافیەتی نێودەوڵەتی: گەندەڵی هۆكاری سەرەكی ناڕەزاییەتیەكانە

شەفافیەتی نێودەوڵەتی: گەندەڵی هۆكاری سەرەكی ناڕەزاییەتیەكانە

2019-12-19 10:25:20


درەو میدیا:
بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، هۆكاری سەرەكی شەپۆلی ناڕەزاییەتییەكان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتداگەندەڵییە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، رێكخراوەكە پشتی بەچەند راپرسیەك بەستووە كە " 66%ی هاوڵاتیان لەو وڵاتانە لە ئەدای حكومەت رازی نین بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی، 39%ی هاوڵاتیان پێیان وایە سەرۆك و سەرۆك وەزیران و 44%ی پەرلەمانتاران لەگەندەڵییەوە گلاون" 
 
ناڕەزایی دژ بە گەندەڵی
لەم چەند مانگەی دوایدا ملیۆنان هاوڵاتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و، باكوری ئەفریكا ڕژانە سەر شەقامەكان‌و خۆپیشاندانیان دژی حكومەتەكانیان كرد، ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئاستێكی زۆر لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی دەچێت كە دەیەیەك لەمەوبەر سەریهەڵداو، كۆتایی بە زۆرێك لە دەسەڵاتدارە سەركوتكارو گەندەڵەكان لەناوچەكە هێنا. هاوڵاتیان هاتونەتە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی تووڕەیی دژ بەو گەندەڵییە بەر بڵاوەی كە كۆی ئاستەكانی ژیانی ڕۆژانەیانی گرتۆتەوە، لەبەرزترین ئاستی حكومەتەوە تا دەگاتە خزمەتگوزراییە گشتییە بنەڕەتییەكانی، كە پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكرێت.
 رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی پشتی بەچەند راپرسیەك بەستووە لە كەلەنێوان مانگەكانی (ئادار و ئابی) 2018 لە(باكوری ئەفریكا) و (ئاب وتشرینی یەكەمی) 2019 لە(خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) ئەنجامدراوە، راپرسیەكان(6 )وڵاتی گرتۆتەوەو(6 هەزار و 600) كەسی سەروتەمەنی 18 ساڵ بەشدارییان كردووە، ئەو وڵاتانەی ڕاپرسییەكەی تێدا ئەنجامدراوە (لوبنان، سودان، مەغریب، ئوردن، تونس، فەلەستین).
ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرای دەكات لەو ناوچانەی ئەمساڵ خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە:

•    لە 65% هاوڵاتیان واتە لە سێ‌ هاوڵاتی دوانیان پێیانوایە گەندەڵی بەشێوەیەكی ترسناك كەڵەكە بووە.
•    تەنها 28% هاوڵاتیانی شەش وڵات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریكا لەكارو ئەدائی حكومەتەكاتەكانیان ڕازین.

  
ڕاپۆرتی پێوەری گەندەڵیی جیهانی_ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریكا ئاشكرایكردووە، زیاتر لە كەسێك لەنێو پێج كەس ساڵی ڕابردوو بەرتیلی داوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزراییە گشتییەكانی پێبگات، لە نمونەی چاودێری تەندروستی‌و خوێندن.
لە ئوردن‌و لوبنان‌و فەلەستین، زیاتر لە یەك لەسەرسێی هاوڵاتیان كە دەكاتە نزیكەی 3ملیۆن‌و 600 هەزار كەس، پەیوەندییە شەخسییەكانیان قۆستۆتەوە كە بەواستەو واستەكاری ناسراوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو خزمەتگوزراییانەی پێویسیتان پێیەتی. 
 بۆ جاری یەكەمە ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی پرسیارێكی زیادكردووە لە ڕاپرسییەكانیدا كە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی ئوردن‌و لوبنان‌و فەلەستینی كردووە‌و، سەبارەت بە پەڵپی سێكسی ڕای وەگرتوون، كە شێوازێكە لە شێوازەكانی گەندەَلی كە سێكس لەبری پارەی نەختینە بەكاردەهێنرێت لە پرۆسەی بەرتیلدان. بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە ئەنجامەكە شۆكهێنەر بووە، بەوپێیەی لە هەر پێنج كەس كەسێك دووچاری پەڵپ‌و ئیبتزازی سێكسی بۆتەوە كاتێك هەوڵی بەدەستهێنانی خزمەتگوزراییەكی گشتی داوە، یان كەسێك دەناسێت كە ڕووبەڕووی ئەو كارە بۆتەوە. 
(دیلیا ڤیریرا ڕۆبیۆ) سەرۆكی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت" گەندەڵی بە پلەی جیاواز كاریگەری لەسەر كەسە بێدەسەڵاتەكان دروستدەكات، بێبەشیان دەكات لە بەدەستهێنانی خزمەتگوزراییە گشتییەكان بەخۆرایی‌و بەشێوەیەكی یەكسان، هاتنەسەر شەقامی هاوڵاتیانیش نیشانەی ئەوەیە، ئەو كەناڵانەی كاریان پێدەكرێت بۆ لێپرسینەوەو شەفافیەت، بەس نین".   
•    44% ئەوانەی ڕایان وەرگیراوە لە ڕاپرسیییەكەدا پێیانوایە، زۆرینەی پەرلەمانتاران‌و فەرمانبەرەكانی حكومەت یان هەموویان لەگەندەڵییەوە گلاون. 
•    60% هاوڵاتیانی ئەوناوچانە نیگەران‌و توڕەن لە ئاراستەی دیموكراسی لە وڵاتەكانیان.

وێڕایی ئەو وێنە تاریكەی كە ئەنجامی ڕاپرسییەكەی ڕێكخراوی شەفافییەت هەڵیهێنجاوە، هێشتا نیوەی هاوڵاتیان پێیانوایە، هاوڵاتی ئاسایی دەتوانێت كاریگەری لەسەر ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دروستبكات، لەسەر حكومەتەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریكاش پێویستە بەئیرادەیەكی سیاسی ڕاستگۆیانەوە بیسەلمێنێت كە ڕووبەڕووی گەندەڵی‌و گرتنەبەری ڕێوشوێن دەبێتەوە بە ئاراستەی:

•    ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێگەرد بۆ زامنكردنی هەڵبژارنێكی دادپەروەرو دیموكراسی.
•    پشتیوانیكردنی ئەوانەی لە دژایەتی‌و ئاشكراكردنی گەندەڵی‌و كۆمەڵگەی مەدەنی‌و ڕاگەیاندن كاردەكەن.
•    سنورداركردنی واستە‌و دژایەتیكردنی.
•    داننان بە شێوازەكانی جیاوازەكانی گەندەڵ‌و ڕووبەڕووبونەوەی.
•    بەهێزكردنی شەفافیەت‌و مافی بەدەستهێنانی زانیاری.
•    جێبەجێكردنی یاسا.

 
دیارترین ئەنجامەكان
1/ گەندەڵی كەڵكە دەبێت.
 65% بەشداربوان پێیانوایە گەندەڵی لەماوەی 12 مانگی ڕابردوو زیاتر بووە، 12% پێیانوایە گەندەڵی پاشەكشێی كردووە.
2/حكومەتەكان كەمتەرخەمن. 
تەنها 28% هاوڵاتیان ڕازین لەئەدائی حكومەت، 66% هاوڵاتیان ئەدائی حكومەت لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی بە خراپ دەزانن.
3/ پەرلەمانتارو فەرمانبەرانی حكومەت گەندەڵن.
44% ئەوكەسانەی بەشداریی ڕاپرسییەكەیان كردووە پێیانوایە زۆرینەی یان سەرجەم پەرلەمانتاران‌و فەرمانبەرانی حكومەت تێوەگلاون لەگەندەڵی.
4/ بەرتیلدان كارێكی ئاساییە.
ساڵی ڕابردوو لەهەر پێنج كەس، كەسێك بەرتیلیداوە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزرای گشتی‌و یەك لەسەرسێی هاوڵاتیانیش لەڕێی واستەوەكارەكانیان راپەڕاندووە. 
5/ ئیبتزازی سێكسی لە ئوردن‌و لوبنان‌و فەلەستین كێشەیە.
لەپێنج كەس، كەسێك ڕووبەڕووی پەڵپ‌و ئیبتزازی سێكسی بۆتەوە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزراری گشتی، یان كەسێك دەناسێت كە ڕووبەڕووی بۆتەوە.
6/نەبونی بێگەردیی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان.
لە سێ‌ كەس، كەسێك بەریتلی خراوەتە بەردەم لە ئوردن‌و لوبنان‌و فەلەستین بۆ كڕینی دەنگەكەی.
7/ هاوڵاتیان دەتوانن كاریگەرییان لەسەر قەلاچۆكردنی گەندەڵی هەبێت.
وێڕای بوونی مەترسی لە تۆڵەكردنەوە، لەنێوان دوو هاڵاوتیدا یەكێكیان پێیوایە هاوڵاتیان بە گشتی دەتوانن كاریگەرییان لەسەر قەلاچۆكردنی گەندەڵی هەبێت. 

ڕێژەی گەندەڵی لە بەرزبونەوەدایە
•    65% هاوڵاتیان پێیانوایە لە 12 مانگی ڕابردوودا گەندەڵی زیادیكردووە.
•    12% هاوڵاتیان پێیانوایە گەندەڵی پاشەكشێی كردووە.
•    19% هاوڵاتیان پێیانوایە ئاستی گەندەڵی وەك خۆی ماوەتەوە.

حكومەتەكان كەمتەرخەمن
•    66% هاوڵاتیان پێیانوایە حكومەتەكانیان لە بواری ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا لاوازن.
•    28% هاوڵاتیان پێیانوایە حكومەتەكانیان لەو بوارەدا باشە.


گەندەڵی بەپێی دامەزراوەكان
•    44% هاوڵاوتیان ئەندامانی پەرلەمان بەگەندەڵ دەزانن.
•    44% هاوڵاتیان فەرمانبەرانی حكومەت بەگەندەڵ دەزانن.
•    39% هاوڵاتیان سەرۆك‌و سەرۆك وەزیران‌و فەرمانبەرانی نوسینگەكانیان بەگەندەڵ دەزانن.
•    37% بەڕێوەبەری كارەكان بەگەندەڵ دەزانن.
•    35% هاوڵاتیان فەرمانبەركانی حكومەت لەسەر ئاستی لۆكاڵیی بەگەندەڵ دەزانن.
•    35% هاوڵاتیان ئەوكەسانەی لەبواری بانكی كار دەكەن بە گەندەڵ دەزانن.
•    32% هاوڵاتیان پۆلیس بەگەندەڵ دەزانن.
•    28% هاوڵاتیان ڕێكخراوە ناحكومییەكان بەگەندەڵ دەزانن.
•    27% هاوڵاتیان دادوەران‌و فەرمانبەرانی دادگا بە گەندەڵ دەزانن.
•    23% هاوڵاتیان سەركردە ئاینییەكان بە گەندەڵ دەزانن.

ڕیكخراوی شەفافیەتی 
•    لە ساڵی 1993 دامەزراوە
•    لقی لە 100 وڵاتی جیهان هەیە 
•    بارەگاكەی لە شاری بەرلینی ئەڵمانیایە
•    ساڵانە راپۆرتی خۆی بڵاودەكاتەوە سەبارەت بە گەندەڵی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand