Draw Media

سەرۆك چۆن لەكاردەخرێت ؟

سەرۆك چۆن لەكاردەخرێت ؟

2019-12-19 06:26:08


(درەو میدیا):
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا  دەنگی (230) بەڵێ لەبەرامبەر ( 197) دەنگی نەخێر، دۆسیەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات پەسەندكرد، بەمەش دەرگای لەبەردەم ئەنجومەنی پیران كردەوە پرسی سەندنەوەی متمانە لە ترەمپ بخاتە دەنگدانەوە.
ترەمپ بوو بە سێیەمین سەرۆك لە مێژووی ئەمریكادا كە روبەڕووی تۆمەتی فەرمی و دادگایكردن دەبێتەوە بۆ لە كارخستنی لە پۆستی سەرۆكایەتی وڵات.

لەبارەی تۆمەتەكانەوە ؟
ترەمپ روبەڕووی دوو تۆمەت كراوتەوە، تۆمەتی یەكەم خراپ بەكارهینانی دەسەڵاتە، لەم كەیسەدا ترەمپ تۆمەتبار دەكرێت بەوەی كۆمەكی سەربازی ئەمریكای بۆ ئۆكرانیا بەبەهای (٤۰۰ ملیۆن) دۆلار راگرتووە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ڤۆلۆدیمیر زیلیسنكی سەرۆكی ئەو وڵاتە ناچار بكات دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی جۆزیف بایدن جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بكاتەوە، بایدن ركابەری ترەمپەو خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندید كردووە، دەوترێت ترەمپ دەیەوێت لەم رێگەیەوە ناوبانگی بایدن بزڕێنێت.
ترەمپ و لایەنگرانی دەڵێن جۆزیف بایدن كاتێك جێگری سەرۆكی ئەمریكا بووە، دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیای هانداوە بۆ ئەوەی داواكاری گشتی وڵاتەكەیان لە كارەكەی دوربخەنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی كۆمپانیای غازی ئۆكرانیا نەكرێت كە كۆڕەكەی بایدن (هانتەر بایدن) ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەو كۆمپانیایەیە، ترەمپ و كۆمارییەكان تائێستا لەمبارەیەوە بەڵگەی روونیان نەخستوەتەڕوو.
لەسەر ئەم كەیسە كە ناوی لێنراوە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتییەكان زۆرینەن تێیدا، بەزۆرینەی (۲۳۰) بڕیاری تۆمەتباركردنەكەی پەسەند كرد.
تۆمەتی دووەم كە روبەڕووی ترەمپ كراوەتەوە، بریتییە لە دروستكردنی كێشە بۆ كارەكانی كۆنگرێس، ئەمەش لەڕێگەی رێگریكردن لە ئامادەبوونی یاریدەدەرەكانی لەبەردەم كۆنگرێس و وەرگرتنی وتە لێییان لەبارەی ئەو بابەتانەی كە كۆنگرێس ویستویەتی تێیاندا لێپرسینەوە لە سەرۆك بكات، لەم كەیسەشدا ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی (۲۲۹) كەس بڕیارەكەی پەسەندكرد.

ترەمپ لە یەكەم كاردانەوەدا
لە یەكەم كاردانەوەدا دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كۆمارییەكان لە كۆنگرێس یەكگرتووبوون و كەسیان دەنگیان لەسەر بڕیاری تۆمەتباركردنم نەدا، بەڵام دیموكراتەكان سێ كەسیان پشتیوانیان لە ئەو كردووە.
لە تویتێكیشدا ئاماژەی بەوە كردووە" ئەم دادگاییكردنەی كۆنگرێس نادەستوریە و خۆكوژیەكی سیاسیە"

سەرۆك چۆن لادەبرێت ؟
پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتوو ترەمپ لە ئەنجومەنی پیران روبەڕووی دادگا بكرێتەوە، بەڵام ساغكردنەوەی تۆمەتەكان لەسەری و دواجاریش دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا پێویستی بە دەنگی رەزامەندی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەیە، كە لایەنگرانی ترەمپ لە پارتی كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا.
ستیفانی گریشام،وتەبێژی كۆشكی سپی لەبەرامبەر بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی رایگەیاند" كۆماریەكان لە ئەنجومەنی پیران بێتاوانی سەرۆك دەسەلمێنن"
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand