شەقام گەورەترەین کوتلەی پەرلەمانییە
2019-12-17 17:10:36
راپۆرتی: درەو میدیا
کەمتر لە 48 کاتژمێری تر ئەو وادە یاساییە تەواو دەبێت کە دەستوری عێراق بۆ سەرۆک کۆماری دیاریکردووە تا کەسێک ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حەوتەمین کابینەی حکومەت لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووەوە.
سەرۆک کۆمارو پەرلەمانی عێراق لە ترسی غەزەبی خۆپیشاندەران دۆشداماون، ناوێرێن هیچ بڕیارێک بدەن فوی زیاتر بە کورەی گڕگرتووی شەقامدا بکات، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی 15ی ئەم مانگە داوای لەپەرلەمان کرد گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی دیاریبکات تا کاندیدەکەی ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆ ڕۆژی دواتر پەرلەمانی عێراق وەڵامی دایەوەو بەسەرۆک کۆمار دەڵێت، پێشتر گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیمان بۆ دیارکردویت و، لەسەر ئەو بنەمایەش عادل عەبدولمەهدیت بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپاردووە. پێدەچێت هەریەکەیان بیەوێت ئاگرەکە لەخۆی دوربخاتەوە بەڵام پێناچێت هیچکامیان بەسەلامەتی لێدەرچن.
سەرچاوەیەک لەپەرلەمانی عێراق بە(درەومیدیا)ی ڕاگەیاند، سەرۆک کۆماری عێراق دەیەوێت پەرلەمان لە کێشەیەکی تازەوە بگلێنێت بە هێنانەوە پێشەوەی پرسی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی کە یەکێک بووە لە دیارترین ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ترس لە غەزەبی شەقام تەنها بەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری نەگرتووە، بەڵکو هێزە سیاسیەکانیش کەم تازۆر جورئەتی ئەوەیان نییە خۆیان نزیکی پرسی کاندیدکردنی سەرۆک وەزیران بکەنەوە، هەر کاتێکیش باسی ئەو پرسە بکەن بەمافی شەقامی دەزانن و بەپێویستی دەزانن سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بەپێی ئەو مەرجانە بێت کە شەقامی ناڕازیی دیاریکردووە.
محەمەد خالیدی پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاندووە، پێویستە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران مەرجەکانی خۆپیشاندەرانی تێدابێت.
خالیدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەبارەی ئەو نامەیەوە قسەیکردوە کە پەرلەمان بۆ سەرۆک کۆماری ناردووە دەڵێت: دیاریکردنی عادل عەبدولمەهدی لەڕێی ڕێککەوتنی کوتلە سیاسییەکانەوە بووەو، گەوەرەترین کوتلە لە پەرلەمانی عێراق بوونی نەبووە کاتێک عەبدولمەهدی ڕاسپێردراوە، بۆیە پێویستە کاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو مەرجانەی تێدابێت کە خۆپیشاندەران داوایدەکەن.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەمزوانە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمارو، هەڵبژاردنی کەسایەتیەکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو وادەی یاسایی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایدێت، ئەگەری ئەوەش هەیە وادەکە بۆ ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو درێژبکرێتەوە.
بەبۆچونی بەشێک لە چاودێران، ئەم ئاڕاستە تازەیەی لایەنە سیاسییەکان کە هیچکامیان ئامادەنین پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرن لە تێگەیشتنی تەواوەتییانەوە نییە بۆ ڕەوایەتی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و دورکەوتنەوەیان لەدەسەڵات لەپێناو بەرژوەندی خەڵک، بەڵکو گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی ڕاگوزەر و کاتی دەبێت و کۆمەڵێک ئەرکی دیارکراوی لەسەر شان دەبێت کە دیارترینیان:
+ پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردنەکان.
+ یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
+ پڕۆژە یاسای بودجە.
+ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
لەبەر ئەوەیە هیچکام لە هێزە سیاسییەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدانییە سەرکێشی بە چارەنوسی خۆیان و دەنگی دەنگدەرانیان بکەن و لەپێناو چەند مانگێک لە سەرۆکایەتیکردنی حکومەتێکی پڕ کێشە و ئاشوبدا خۆیان بخەنە ناو گرەو و دۆڕانێکی حەتمییەوە.
سەدرییەکان لەگەڵ ئەوەی ئامادەنین وەک گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیدەکەنەوە لایەنەکەی بەرامبەریان کە هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامرییە ئەو پۆستە بۆ خۆی بەرێت.
مەرجە زۆر و زەوەندەکانی شەقامی ناڕازیی بۆ سەرۆک وەزیرەکانی داهاتوو، بە تایبەت کە ئامادەشنیین ناوێک پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ترسی هێزو لایەنەکان و سەرۆکایەتییەکانیش لە بڕیاردان وادەکات یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران لەو دەرفەتە کەمەی لەبەردەست ماوە هێجگار قورس و ئاڵۆزبێت، بەشێك لە ئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە ڕەوشەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە مۆڵەتە دەستورییەکە کۆتایبێت بەبێئەوەی کەسێک ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و، سەرەنجامیش دۆسیەکە بدرێتە دەست دادگای فیدڕاڵی بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو پرسە.