Draw Media

پرۆژە چاكسازییەكە چەند داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە؟ 

پرۆژە چاكسازییەكە چەند داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە؟ 

2019-12-14 14:39:51


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
زیاتر لە (هەزارو 100) كەس لە هەرێمی كوردستان بەپلەی وەزیر‌و پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان خانەنشینكراون، ساڵانە زیاتر لە (60 ملیار) دینار بۆ موچەی خانەنشینی ئەم كەسانە دەڕوات، وەزیرو پەرلەمانتار لەكاتی خزمەتیاندا مانگانە (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار وەردەگرن، كە خانەنشین دەبن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ مەرجێكی تەمەن‌و خزمەت‌و بڕوانامە مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار وەردەگرن، پرۆژەیاسای چاكسازی كە ئێستا بووەتە باسی گەرمی شەقام، چ گۆڕانكارییەك لەم ژمارانەدا دەكات ؟ ئایا پەرلەمانتاران بە دەنگ‌و دەستی خۆیان موچەی خانەنشینی خۆیان دەبڕن ؟ (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانە‌و چەندین پرسیاری تردا دەگەڕێت.

پرۆژەیەكی كۆن بە كابینەیەكی نوێوە
دوای دوو ساڵ هێنان‌و بردن لەنێوان حكومەت‌و پەرلەماندا، دواجار رۆژی12ی ئەم مانگە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق)  رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردەوە.
ئەمە جاری دووەمە ئەم پرۆژەیاسایە دەچێتە ناو پەرلەمان، سەرەتا رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017 پرۆژەكە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراو رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا.
پەرلەمانی كوردستان رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری هەمان ساڵ بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە بەدیاریكراویش بڕی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە‌و پرۆژەكەی گەڕاندەوە بۆ حكومەت.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا تەبەنی پرۆژەیاسا بەجێماوەكەی كابینەی پێش خۆی كرد، ئەوەی ئێستا رەوانەی پەرلەمان كراوە، هەمان پرۆژەی كابینەكەی پێشووە بە هەندێك دەستكارییەوە، واتە ئەوەی هەیە پرۆژەیەكی كۆنە بە كابینەیەكی نوێوە.

پلەباڵاكان كێن ؟
پرسی زۆری موچەی پلەباڵاكان لەدوای ساڵی 2005‌و یەكخستنی حكومەت سلێمانی‌و هەولێرەوە، وردە وردە بووەتە جێگەی باسی گەرم لە شەقامدا، لەو ساڵانەدا بۆیەكەمجار میدیای ئەهلی لە سلێمانی بە مانشێتی گەورە دەستی بۆ ئەم بابەتە بردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام هیچ كات رەخنەكان حكومەتی ناچار نەكرد پێداچونەوە بە زۆری موچەی پلە باڵاكاندا بكات.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەپەرلەمانی كوردستانە، پلەباڵاكان ئەوانەی لەكاتی خزمەت‌و دوای خانەنشینبوونیش موچەی زۆر وەردەگرن، بریتین لەوانەی لە یەكێك لەم پۆستانەدا كار دەكەن:
•    سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و جێگرەكانی
•    سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی
•    سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكانی
•    ئەندامانی پەرلەمان‌و وەزیرەكان‌و ئەوانەی بەپلەی ئەوانن
•    بریكارەكانی وەزارەت‌و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن‌و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزیر وەردەگرن
•    خاوەن پلەتایبەتەكان
•    بەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و ئەوانەی بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی‌و ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن
•    سەرۆكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم
•    گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێمی كوردستان موچەی‌و دەرماڵەی هەردوو پلەباڵای (ا)‌و (ب) لەسەر میلاكی (شارستانی‌و سەربازی‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) وەردەگرن

سەرەتایەكی پڕ لە كێشە
لەگەڵ گەیشتی پرۆژەیاساكە بە پەرلەمانی كوردستان، قەیرانێكی نوێ لەنێوان پەرلەمانتاران‌و لایەنەكان دەستیپێكردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان‌و پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان‌و خانەنشینانی سەربازی لەڕێگەی كەناڵی جیاجیاوە فشاری توندیان دروستكردووە، تاوەكو پەرلەمان پرۆژەیاساكە بەوشێوەیە تێنەپەڕێنێت كە لە حكومەتەوە بۆی نێردراوە.
زۆرێك لە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان نیگەرانن لەم پرۆژەیاسایە، چونكە پرۆژەكە موچەی خانەنشینی ئەوان كەمدەكاتەوە، بەپێی یاسا بەركارەكەی ئێستا، پەرلەمانتاران‌و وەزیرەكان بەڕێژەی (80%)ی كۆی گشتی موچەكەیان لەكاتی خزمەتدا خانەنشین كراون، واتە بۆ نموونە پەرلەمانتاران كە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراون، لەكۆی (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناری موچەكەیان لەكاتی خزمەتدا، بە (6 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار خانەنشین كراون، بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی (تەمەن‌و ساڵی خزمەت‌و بڕوانامە)، بەڵام بەپێی پرۆژە نوێیەكە، چەند پێوەرێك بۆ خانەنشینبوون دانراوە لەوانە (تەمەن‌و خزمەت‌و بڕوانامە)، سەرباری ئەمە، بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان كەمكراوەتەوە، بەجۆرێك لە پرۆژە یاساكەدا پێشنیازێك لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانەوە خراوەتەڕوو كە بەراورد بە یاسا بەركارەكەی ئێستا، موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان كەمتردەكاتەوە، بەمشێوەیە:
ئەو پێشنیازە كە لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە داوا دەكات:
•    پلە باڵاكان بە رێژەی (25%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیە خانەنشین بكرێن كە لەكاتی خزمەتدا وەریانگرتووە.
•    سەرباری ئەمە، رێژەی (2.5%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیەی كە پلەباڵاكان لە كاتی خزمەتدا وەریانگرتووە، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت.
•    هەموو ئەمانە بە مەرجی ئەوەی شایستەی موچەی خانەنشینی رێژەی (70%)ی كۆی گشتی ئەو موچەیە تێنەپەڕێنێت كە پلەباڵاكان لە كاتی خزمەتدا وەریانگرتووە.
بەپێی ئەم پێشنیازە، پەرلەمانتارێك كە هەموو مەرجەكانی تێدا بێت، هێشتا بە هێندەی ئەوە موچەی خانەنشینی وەرناگرێت كە ئێستا وەریدەگرێت، ئێستا پەرلەمانتارانی رێژەی (80%)ی كۆی ئەو موچەیە وەردەگرن كە لەكاتی خزمەتدا وەریانگرتووە، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیازە، پلەباڵاكان نابێت (70%)ی كۆی گشتی موچەكەیان وەرگرن، واتە پەرلەمانتاران كە لەكاتی خزمەتدا (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دیناریان وەرگرتووە، خانەنشینییەكەیان دەبێت بە (5 ملیۆن‌و 740 هەزار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا هەموو پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەن‌و خزمەت مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 400 هەزار دینار) موچەی خانەنشینی وەردەگرن.
سەرباری ئەمە، ئەوانەی لەناو پلە باڵاكاندا خانەنشین دەكرێن، بەپێی پرۆژەیاساكە دەبێت ئەم مەرجانەیان تێدابێت:
•    خزمەتی خانەنشینییان لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت.
•    (45) ساڵی تەمەنیان تەواو كردبێت.
•    لە هیچ حاڵەتێكدا بەبێ بوونی ئەم دوو مەرجەی سەرەوە هیچ خانەنشینییەك بۆ پلەباڵاكان ئەژمارناكرێت جگە لە حاڵەتەكانی (مردن) یان (شەهیدبوون) یاخود (خانەنشینبوون بە هۆكاری تەندروستی).
•    پرۆژەكە دەرگای گەڕانەوەی بۆ ئەو كەسانە كردوەتەوە كە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانیان ناوێت‌و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان (ئەمە دەرگای موزایەدەكردن لەناو پەرلەمانتارو وەزیرەكان دادەخات)
سەرباری ئەو كەمكردنەوەیەی كە بۆ موچەی پلە باڵاكان لە پرۆژەیاساكەدا دانراوە، هێشتا زۆر كەس رەخنەیان هەیە‌و دەڵێن موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەم پرۆژە نوێیەشدا هێشتا زۆرەو دەبێت كەمتر بكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە پرۆژە بنەڕەتییەكەدا واتە بەر لە دەستكاریكردن، بڕیاربووە بەهۆی ئەم چاكسازییانەوە مانگەی بڕی (130 ملیار) دینار بۆ خەزێنەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەهۆی لابردنی بڕگەی تایبەت بە (رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران) لە پرۆژە نوێیەكەدا، دەستكەوتی دارایی چاكسازییەكە لە (130 ملیار)‌و بۆ (50 ملیار) دینار كەمدەكات، واتە بە بەبڕی (80 ملیار) دینار كەمیكردووە.
كۆی گشتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمانگێكدا (881 ملیار) دینارە، لەم بڕە (476 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ (دەرماڵە)ی موچەخۆران دەچێت، بڕی (405 ملیار) دینار بۆ موچەی بنەڕەتییە، واتە (54%)ی كۆی گشتی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم بۆ دەرماڵەكان دەچێت‌و رێژەی (46%)ی كۆی گشتی موچە بۆ موچەی بنەڕەتی دەچێت، سەرباری ئەمە ئاماژانە، حكومەت لە ترسی ناڕەزایەتی شەقامی موچەخۆر خۆی لە دەستبردن بۆ ئەم بابەتە بوارد.
زۆرینەی كێشەی ئەم پرۆژەیە لەو بڕگانەدایە كە تایبەتە بە خانەنشینی پێشمەرگە، كە بەشێكی زۆریان كەمئەندامی سەنگەرو پێشمەرگە دێرینەكان‌و كادیرە حزبییەكانن‌و خزێندراونەتە ناو لیستی خانەشینی پێشمەرگە، لەكاتێكدا ئەوانە زۆربەیان تەمەنیان نەگەیشتووەتە خانەنشینی‌و بەپلەی نەقیب‌و عەقیدو رائیدو لیوا موچەی خانەنشینی وەردەگرن. 

چاكسازی رێكخستن ؟
چەند رۆژێكە بابەتی ئەنجامدانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بووەتە پرسی گەرمی گفتوگۆی سیاسەتمەداران‌و خەڵك‌و میدیا، هەندێك ئەمە بە سەرەتایەكی باش بۆ دەستپێكردنی چاكسازی ریشەیی لە هەرێم ناودەبەن، هەندێكی تر رەخنەیان هەیە‌و دەڵێن ئەوەی لەو پرۆژەیاسایەدا هاتووە چاكسازی نییە، بەڵكو (رێكخستنەوە)ی موچە‌و كۆتایهێنانە بە ناعەدالەتییەك كە دەبوو حكومەت زوتر بیكردایە.
دەستبردن بۆ موچەی پلەباڵاكان لەكاتێكدایە، هێشتا كەرتی نەوت كە ئێستا بڕبڕەی پشتی داهاتە لە هەرێمی كوردستان، ناشەفافە‌و بۆ زۆرێك لە چاودێران‌و تەنانەت پەرلەمانتارو وەزیرەكانیش ناڕوونە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمە، لە كۆتایی تەمەنی خۆیدا وەكو سەرۆكی حكومەت، گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی بواری بوردبینیدا ئیمزا كرد بەمەبەستی چاودێریكردن‌و وردبینیكردن لە نەوتی هەرێم، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە ئەو كۆمپانیایە (شەش) راپۆرتی لەبارەی فرۆش‌و داهاتی نەوتەوە بڵاوكردەوەتەوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خەڵك‌و پەرلەمانتاران قایل بكات بەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی پرۆسەیەكی شەفافە.
سەرباری كەرتی نەوت وەكو بڕبڕەی پشتی داهات، كەرتە هەستیارەكانی تریش لە نمونەی وەبەرهێنان‌و بازاڕۆ بازرگانی ناشەفافن‌و لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە قۆرخكراون، حكومەت‌و پەرلەمان تائێستا هەنگاوێكی ئەوتۆیان لەو بوارانەدا هەڵنەگرتووە كە خەڵك هەست بە ئەنجامەكانی بكەن.
لەپاڵ رەخنە زۆرەكاندا، هەوڵدان بۆ یەكخستنی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت لەیەكەكانی هێزی پێشمەرگە لەم پرۆژەیاسایەدا، هەوڵێكە بەئاڕاستەی شەفافكردنی موچەی هێزی چەكدار، كە لەئێستادا دوو یەكەی ژمێریارییان هەیە، هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی سەربازی كە دەوترێت گەەندەڵییەكی زۆری تێدایە، یەكێكی ترە لە هەوڵە باشەكانی ناو پرۆژەكە، ئێستا (شەش) فەرمانگەی خانەنشینی سەربازی لە هەرێمدا هەیە، یاساكە دەیەوێت فەرمانگەیەكی یەكگرتووی خانەنشینی سەربازی دروستبكات.
رێكخستنەوەی لیستی موچەی (كەمئەندامانی سەنگەر)، (زیندانیانی سیاسی)، (پێشمەرگەی دێرین)، (لیستی شەهیدان) هەوڵێكی تری پرۆژەیاساكەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەو بوارە شێواوانە.
بەشێوەیەكی گشتی پرۆژەیاساكە ئەگەر پەسەندبكرێت، كۆتایی بە نادادی لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەهێنێت، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لە لەو موچە زۆرەدا ناكات كە ئێستا وەزیرو پەرلەمانتار‌و پلەباڵاكان لەكاتی خزمەت‌و بەر لە خانەنشینبوونیان وەریدەگرن، كە ئەوەش بەبەراورد بە فەرمانبەرانی ئاسایی جیاوازییەكی زۆرە، بەجۆرێك ئێستا وەزیر یاخود پەرلەمانتارێك مانگە بڕی زیاتر لە (8 ملیۆن) دینار وەردەگرن، لەكاتێكدا تێكڕای موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی مانگانە (500 هەزار) دینارە.  
بەگۆی گشتی بۆ زۆرێك لەوانەی لە نزیكەوە چاودێری كاری پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵاكان دەكەن‌و (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، پێناچێت پەرلەمانتاران بە دەست‌و دەنگی خۆیان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی موچەی خۆیان بدەن، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن لە پشتی پەردەوە ژمارەیەك زۆر لە پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان هەوڵی ئەوە دەدەن دەستكاری بڕگەی تایبەت بە موچەی خانەنشینبون‌و مەرجەكانی خانەنشینبوونیان بكەن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەو پێشووی پێشووی پەرلەمان گەنجن‌و بەپێی پرۆژەنوێیەكە موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە. 

كورتەیەكی مێژوویی
لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم واتە بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا):
• 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
• هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە
• كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
• 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
• 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
• 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand