Draw Media

تەرمی مۆمیاكراوی رەزا شای ئێران دۆزرایەوە

تەرمی مۆمیاكراوی رەزا شای ئێران دۆزرایەوە

2018-04-24 23:22:54


لە كاتی كاركردندا لە ناوچەیەكی نزیك حەرەمی عەبدولعەزیم لە شاری (رەی) لە باشوری تاران، ژمارەیەك كرێكار تەرمێكی مۆمیاكراویان دۆزییەوە.
ماوەیەكی كەم دوای دۆزینەوەی تەرمە مۆمیاكراوەكە، دەنگۆی دۆزینەوەی تەرمی رەزا شا دامەزرێنەری زنجیرەی دەسەڵاتی پەهلەوی ئێران بڵاوبوەوە.
ژمارەیەك لە دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ راستی هەوڵەكەیان پشتڕاستكردەوە، حسێن خەلیل ئابادی ئەندامی ئەنجومەنی تارانی پایتەخت و سەرۆكی لیژنەی كەلەپوری رۆشنبیری ئەنجومەن یەكەمین كەس بوو كە وتی: پێدەچێت ئەو مۆمیایە تەرمی رەزا شا بێت.
خەلیل ئابادی ئاماژەی بەوەكرد، مۆمیاكە تەرمی هەر كەسێك بێت، بایەخێكی كەلەپوری هەیە و دەبێت پارێزگاری لێبكرێت.
شازادە رەزا پەهلەوی كوڕی محەمەد رەزاشا و كوڕەزای رەزا شا لە نوێترین كاردانەوەدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دوای بەدواداچونی تەواوی شایەدحاڵ و رەهەندەكان، ئەو لەگەڵ خانەوادەی سەڵتەنەتی بەو ئەنجامە گەیشتون كە مۆمیاكە بە ئەگەرێكی زۆر بەهێز پەیوەندی بە رەزا شاوە هەیە.

شازادە رەزا پەهلەوی كوڕەزای رەزا شا
رەزا شا ساڵی 1925 كۆتایی بە دەسەڵاتی دواین پادشای زنجیرەی دەسەڵاتی قاجاری هێناو دەسەڵاتی ئێرانی گرتەدەست، لەنێوان ساڵانی 1925-1941 پادشای ئێران بوو، ساڵی 1941 لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا هاوسۆزی و لایەنگری بۆ ئەدۆلف هیتلەری سەرۆكی ئەڵمانیا نیشاندا، ئەمە وایكرد بەریتانیا و یەكێتی سۆڤیەت لەشكركێشی بكەنەسەر ئێران و ناچاریان كرد دەسەڵات رادەستی كوڕەكەی (محەمەد رەزا شا) بكات.
دوای رادەستكردنی دەسەڵات، رەزا شا دورخرایەوە بۆ شاری جۆهانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور، 1944 لەوێ كۆچی دواییكرد، بارودۆخی ناجێگیری ئەوكاتی ئێران رێگر بوو لەبەردەم بنەماڵەی دەسەڵاتداری پەهلەوی تەرمەكەی بگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەهۆی ئەو پەیوەندی ژن و ژنخوازییەی كە لەنێوان بنەماڵەی شاهانەی ئەوكاتی میسر و ئێراندا هەبوو، تەرمی رەزا شا لە ئەفریقای باشوور گواسترایەوە بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر و لە مزگەوتی رەفاعی بەخاكسپێردرا، ساڵی 1948 محەمەد رەزا شا لە فوزیەی كچی فوئادی یەكەمی پادشای میسر جیابوەوە، ئەمە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دروستكرد، 1950 محەمەد رەزا شا تیمێكی شاهانەی رەوانەی میسر كرد بەمەبەستی هێنانەوەی روفاتی رەزا شای باوكی و لە شاری (رەی) مەزارگەیەكی بۆ دروستكرد.

رەزا شای پەهلەوی دامەزرێنەری زنجیرەی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران
دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و روخانی دەسەڵاتی پەهلەوە، بە فەرمانی سادقی خاڵخاڵی یەكێك لە دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی ئێران، مەزاری رەزا شا روخێندرا، ئەوكاتە دەنگۆی ئەوە لە ئێران بڵاوبوەوە كە بنەماڵەی پەهلەوی روفاتی رەزا شایان گواستوەتەوە بۆ دەرەوەی ئێران، بەڵام لەو بەیاننامەیەكدا كە شازادە رەزا پەهلەوی رۆژی سێ شەممە بڵاویكردەوە، ئەو دەنگۆیە رەتكرایەوە و شازادە دەڵێ: هەرگیز روفاتی رەزا شا لەلایەن محەمەد رەزا شاوە رەوانەی دەرەوەی ئێران نەكراوە.
هەر لەبارەی ئەو مۆمیاوە كە گومان دەكرێت مۆمیای رەزا شای باپیری بێت، رەزا پەهلەوی لە بەیاننامەكەیدا نوسیویەتی: روفاتی رەزا شا لە كۆتاییدا دەبێت جارێكی تر هەر لە ئێران و بەوشێوەیەی كە شایستەیە بەخاكبسپێردرێت، رەزا شا ئەگەر بە ناونیشانی باوكی ئێرانی هاوچەرخ یان پادشایەكی ئێران نەبێت، دەبێت ئارامگەكەی وەكو سەرباز و خزمەتكارێكی ئێران لای هەموان ئاشكرا بێت.
لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا رەزا پەهلەوی دەڵێ: ئەم بابەتە تەنها پرسێكی كەسیی یان خێزانیی نییە، بەڵكو بابەتێكە كە رەهەندی میللی و مێژویی هەیە.. لەم رۆژەدا وەكو پاسەوانێكی راستەقینەی كەلەپوری ئەو، داوا لە هەموو ئێرانییەكان دەكەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كۆبونەوەی ئاشتیخوازانەی سەرتاسەری یاد و ناوی ئەو بەرز رابگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand