Draw Media

محەمەد شیاع سودانی بۆ كابینەی نوێ رادەستپێردرێت

محەمەد شیاع سودانی بۆ كابینەی نوێ رادەستپێردرێت

2019-12-14 11:01:20


درەو میدیا:
محەمەد شیاع سودانی كاندیدی بەهێزە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، كە رۆژی رابردوو دەستلەكاركێشانەوەی لە حزبی دەعوەو فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا راگەیاندو ئێستا وەك كەسێكی سەربەخۆ خۆی دەناسێنێت.
رۆژی 19/12/2019 دوایین وادەیە لەبەردەم سەرۆك كۆماری عێراق بۆ راسپاردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، چاوەڕەوان دەكرێت پێش كۆتاییهاتنی ئەو وادەیە سەرۆك كۆمار كەسێك رابسپێرێت. 
پەرلەمانی عێراق بە نوسراوی رەسمی لە 2/12/2019 داوای لە سەرۆك كۆمار كردووە كەسێك رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كە پەرلەمان لە رۆژی 29/11/2019 دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەندكرد، نوسراوەكەی پەرلەمان لە رۆژی 4/12/2019 گەیشتۆتە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەو پێیەیش تا رۆژی 19/12/2019 بوار لەبەردەم سەرۆك كۆماری عێراقدا هەیە بۆ راسپاردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداوە بە ( درەو میدیا)ی رایگەیاند محەمەد شیاع سودانی كاندیدی بەهێزە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و بەشێكی زۆری لایەنەكانیش لارییان نیە لە كانیدیدكردنی ناوبراو، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە ئێستادا خستنەرووی ناوی ( محەمەد شیاع سودانی) بۆ وەرگرتنی رای شەقام و لایەنە سیاسیەكانە بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند رەزامەندی شەقام و لایەنە سیاسیەكانی لەسەرە.
سەرچاوەكەی ( درەو میدیا) ئاماژەی بەوەشكرد كە هەریەك لە ئێران و ئەمریكا رۆڵیان دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بەڵام ئەمجارە ئەستەمە بەبێ رەزامەندی ئەمریكا هیچ كاندیدێك دیاری بكرێت، چونكە ئەمریكا بە فۆرمێكی جیاوازترەوە هاتۆتە ناو گۆڕەپانەكەوەو كاندیدێكی دەوەێت كە جێگەی رەزامەندی خۆی بێت.
لەپاڵ ناوی محەمەد شیاع سودانی ناوی ( مستەفا كازمی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقیش دێت كە نزیكە لە ئەمریكییەكانەوە، پێشتریش ناوی هەریەك لە ( ئیبراهیم بەحرلعلوم وەزیری پێشوی نەوتی عێراق و قوسەی سوهێل و عزەت شابەندەر و عەلی شوكری)یش دەهات، بەڵام ئێستا چانسی محەمەد شیاع سودانی لەهەموویان بەهێزترە. 
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی لەندەنی راگەیاندووە" بڕیارە رۆژی دووشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق  بە مەرسومێكی كۆماری محەمەد شیاع سودانی رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ئەویش دوای رەزامەندی كوتلەی بینا كە كوتلەی زۆرینەن و نەبوونی ناڕەزایی لەلایەن زۆرینەی كۆتلە شیعییەكان، بە پێكهاتەی سونەو كوردیشەوە"

محەمەد شیاع سودانی
-    1970 لە بەغداد لەدایك بووە
-    هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی ( 5 ) منداڵە
-    بەكالۆریۆسی لە كشتوكاڵدا هەیە لە زانكۆی بەغداد 1992 
-    لە ساڵاَی 1980 لەتەمەنی 10 ساڵیدا باوكی لەسێدارەدراوە 
-    2004 قایمقامی عەمارە بووە 
-    2005 بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای میسان لەسەر لیستی حزبی دەعوە 
-    2009 جارێكی تر بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای میسان هەڵبژێردراوەتەوە
-    2009 كراوە بە پارێزگاری میسان 
-    2010 بوەتە وەزیری مافی مرۆڤ لە حكومەتی عێراق
-    2011 بوەتە سەرۆكی دەستەی نیشتیمانی بۆ لێپرسینەوەو دادپەروەری
-    2013 وەزیری كشتوكاڵ بووە 
-    2014 سەرۆكی دامەزراوەی زیندانییە سیاسیەكان بووە 
-    2014 وەزیری كۆچ و كۆچبەران بووە بە وەكالەت 
-    2014 بوەتە وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی
-    2014 وەزیری دارایی بوە بە وەكالەت 
-    ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە
  


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand