دانیشتی پەرلەمانی عێراق دواخرا
2019-12-11 16:13:11
(درەو میدیا):
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، كوتلەكانی ناو پەرلەمان لەبارەی ماددەی (15)ی پرۆژەیاساكەوە ناكۆكن، (درەو میدیا) ناوەڕۆكی ئەو ماددەیە بڵاودەكاتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەی خۆی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ كاتێكی نادیار دواخست، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، كۆبونەوەكە دواخراوە تا ئەوكاتەی كوتلەكانی ناو پەرلەمان لە لیژنەی یاسایی لەسەر رەشنوسێك رێكدەكەون لەبارەی ئەو مادانەی ناو پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەوە كە كێشەو ناكۆكییان لەسەرە.
ئەوە لەكاتێكدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسا نوێیەكە بدات، یاسایەك كە بووە بە مەرجی پێشوەختە بۆ سازدانی هەر هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراقدا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كێشەی سەرەكی پرۆژەیاسای هەڵبژاردن پەیوەستە بە ماددەی (15)ی ناو پرۆژەكەوە كە تایبەتە بە بازنەكانی هەڵبژاردنەوە.
(درەو میدیا) رەشنوسی ماددەی (15)ی پرۆژەی یاسای هەڵبژاردنەكانی دەستكەوتووە، لەو پرۆژەیەدا چوار پێنشیاز لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە خراوەتەڕوو، زۆری پێشنیازەكان ناكۆكی دروستكردووەو دەبێت پەرلەمان یەكێك لەو چوار پێشنیازە یەكلابكاتەوە، تاوەكو بتوانرێت دواجار دەنگی لەسەر بدرێتو پەسەند بكرێت.
پێشنیازەكانی بازنەی هەڵبژاردن لە پرۆژەكەدا ئەمانەن:
پێشنیازی لیژنەی یاسایی:-
یەكەم: دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای بازنەیەكی هەڵبژاردن بۆ هەموو قەزایەك لە پارێزگایەكدا.
دووەم: وەزارەتی پلاندانان ئەو ئەركە لە ئەستۆدەگرێت كە ژمارەی قەزاكان لە هەر پارێزگایەكو سنوری ئیداریو ژمارەی دانیشتوانی هەموو قەزایەكان بە كۆمسیۆنو لایەنە پەیوەندیدارەكان بدات.
سێیەم: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی قەزایەك لە (100 هەزار) كەس كەمتر بوو ، ئەو قەزایە لەگەڵ نزیكترین قەزای دراوسێیدا تێكەڵ دەكرێنو دەكرێن بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بەجۆرێك ژمارەی قەزاكان نابێت زیاتر بێت لە ژمارەی ئەو كورسییانەی كە بۆ پارێزگاكە تەرخانكراوە.
چوارەم: خۆكاندیدكردنی (تاكەكەسییە)و لەچوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردندا.
پێنجەم: ریزبەندی زنجیرەی كاندیدەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردنەكاندا بەپێی ژمارەی ئەو دەنگدانە دادەنرێت كە هەریەكێكیان بەدەستیانهێناوە، ئەوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە بە براوە ئەژماردەكرێت ئەمەش بەگوێرەی سیستمی براوەی یەكەمو بەوشێوەیە.
شەشەم: لەحاڵەتی یەكسانبوونی دەنگی كاندیدەكان بۆ بەدەستهێنانی دواین كورسی، بە ئامادەبوونی كاندیدەكان پەنا بۆ تیروپشك دەبرێت.
حەوتەم: ئەگەر هەر كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ ببێت، كاندیدێكی تر شوێنی دەگرێتەوە كە لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەكە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنابێت.
پێشنیازی دووەم:-
كورسییەكان دابەشدەكرێت بەسەر لیستە ركابەرەكاندا بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەموار كراو، بەمشێوەیە:
یەكەم: دەنگی راستێندراوی لیستە ركابەرەكان دابەشدەكرێت بەسەر ژماری (1,7)و ژمارەی كورسییە تەرخانكراوەكان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن.
پێشنیازی سێیەم:-
ئەنجومەنی نوێنەران پێكدێت لە (329) كورسی، (320) كورسی دابەشدەكرێت بەسەر عێراقدا وەكو یەك بازنەی هەڵبژاردن تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان دەكرێت، (9) كورسیش پشكی كۆتاكانە بەگوێرەی بڕگەی (دووەم)ی ئەم ماددەیە.
پێشنیازی چوارەم:-
دابەشكردنی كورسییەكانی بازنەیەكی هەڵبژاردن بەپێی میكانیزمێك دەبێت كە تێیدا سەرلەنوێ زنجیرەی كاندیدەكان لە لیستێكدا ریزبەنددەكرێت بەپێی ئەو ژمارە دەنگەی كە هەریەكەیان بەدەستیانهێناوە، براوەی یەكەم ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی هەموو لیستەكان لەچوارچێوەی بازنەیەكی هەڵبژاردن (پارێزگا) بەدەستهێناوە، پاشان ئەوەی دواتری لە ژمارەی دەنگەگانو بەوشێوەیە تاوەكو هەموو كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكە تەواو دەبێت.