Draw Media

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆتایی ره‌شنووسی پێشنیازی یاسایی چاكسازی

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆتایی ره‌شنووسی پێشنیازی یاسایی چاكسازی

2019-12-11 10:05:57


راپۆرت: سەرتیپ وەیسی كەریم 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 11ی كانونی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ره‌شنووسی یاسایی چاكسازی كۆده‌بێته‌وه‌و بڕیاریشه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت. دوای خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ره‌شنووسه‌كه‌ ئه‌وه‌ی گرینگ و په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌.
به‌شێكی ناوه‌ڕۆكی ره‌شنووسه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ :
یه‌كه‌م: له‌باره‌ی خانه‌نشینی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان
له‌باره‌ی خانه‌نشینی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان و پله‌ تایبه‌ته‌كان ...هتد دوو پێشنیاز كراون :
پێشنیازی یه‌كه‌م: مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ و ته‌نها بۆ مه‌به‌سته‌كانی ئه‌م بڕگه‌یه‌ موچه‌ی بنه‌ره‌تی ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌ك وه‌زیر هه‌ژمار ده‌كرێت:
1. رێژه‌ی ( 25%) بیست و پێنج له‌سه‌دا له‌ كۆی گشتیی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا وه‌ریده‌گرێت.
2.رێژه‌ی ( 2.5%) دوو و نیو له‌سه‌دا له‌ كۆی گشیتی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا وه‌ریده‌گرێت ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌ی خانه‌شنیی بۆ هه‌ر ساڵێكی خزمه‌ت.
3.شایسته‌ی موچه‌ی خانه‌نشین نابێت له‌ رێژه‌ی ( 70%) حه‌فتا له‌سه‌دا تێپه‌رێت له‌ كۆی گشتیی دوا مووچه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خزمه‌ت وه‌ریده‌گرێت.
پێشنیازی دووه‌م : موچه‌ی خانه‌نشینی هه‌ژمار ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:
ئه‌نجامی لێگدانی تێكرای مووچه‌ له‌ ژماره‌ی ساڵانی خزمه‌تی خانه‌نشینی به‌ رێژه‌ی كۆكراوه‌ی ( 2.5%) دوو له‌ سه‌دا.
واته‌ موچه‌ی خانه‌شینی یه‌كسانه‌ به‌ تێكرای مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی جارانی 2.5% جارانی ژماره‌ی مانگه‌كانی خزمه‌ت دابه‌ش دوانزده‌ له‌سه‌ر 100.
2. ده‌رماڵه‌ی ئه‌م بڕاوانامه‌ی خواره‌وه‌ یان هاوشێوه‌كه‌یان كه‌ له‌ پێش وه‌زیفه‌ یان له‌ كاتی وه‌زیفه‌ به‌ده‌ستیان هێنابێت به‌م رێژه‌یه‌ ده‌بێت و ته‌نها دوا بڕوانامه‌ هه‌ژمارده‌كرێت:
* ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆم به‌ رێژه‌ی پێنج له‌ سه‌دای مووچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت.
*ده‌رماڵه‌ی به‌ كه‌لۆریۆس به‌ رێژه‌ی ده‌ له‌ سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت.
* بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵاو ماسته‌ر به‌رێژه‌ی پانزده‌ له‌ سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت.
* ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ رێژه‌ی 20 له‌سه‌دای موچه‌ی بۆ خه‌رجده‌كرێت.
هه‌ر به‌پێی ره‌شنووسه‌كه‌ش پێویسته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشین بێت ته‌مه‌نی له‌ 45 ساڵ زیاتر بێت و ساڵانی خزمه‌تیشی له‌ 15 به‌سه‌ره‌وه‌ بێت.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ك له‌ موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌رۆك هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و پله‌ تایبه‌ته‌كان وه‌رگرین به‌م شێوه‌یه‌ی لێدێت :
له‌ پێشنیازی یه‌كه‌می خانه‌نشینی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان :
موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی په‌رله‌مانتار به‌ نموونه‌ * 2.5% =
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌ی بنه‌ره‌تیه‌كه‌ 5.500.000 بێت * 2.5 = 1.375.000
ئینجا موچه‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ (5.500.000) * 2.5% * ساڵانی خزمه‌ت/ 12 ( ئه‌گه‌ر 15 ساڵ بێت) = 3.433.500 دینار
ئه‌گه‌ر ساڵانی خزمه‌تی 35 ساڵ بێت
5.500.000 * 2.5% * 35 ساڵ خزمه‌ت/ 12 = 6.187.500
له‌به‌رئه‌وه‌ی نابێت موچه‌ی خانه‌نشینی رێژه‌كه‌ی بگاته‌ له‌سه‌دا حه‌فتای كۆی موچه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ دواین رۆژانی خزمه‌تكردن وه‌ریده‌گرێت كه‌واته‌ موچه‌كه‌ی ده‌بێته‌ 5.600.000
كه‌واته‌ به‌پێی پێشنیازی یه‌كه‌م كه‌مترین و زۆرترین موچه‌ی خانه‌شینی په‌رله‌مانتاران كه‌ به‌ نموونه‌ وه‌رمانگرتووه‌ له‌ نێوان ( 3 ملیۆن چوارسه‌د و سی و حه‌وت هه‌زار) بۆ ( پێنج ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار ده‌بێت) .
نموونه‌ بۆ پێشنیازی دووه‌می خانه‌نشینی :
مووچه‌ بنه‌ڕه‌تی* 2.5% ساڵانی خزمه‌ت
ئه‌گه‌ر موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی 5.5.00.000 * 2.5% * 15 ساڵ خزمه‌ت = 4.812.500
ئه‌گه‌ر بڕونامه‌كانیش حساب بكه‌ین
موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی* ( 5%ی دبلۆم، 10% ی به‌كه‌لۆریۆس، 15%ی ماسته‌رو دبلۆمی باڵا، 20% دكتۆرا)
كه‌واته‌ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار بڕوانامه‌ی دبلۆم 2.337.000 هه‌زاره‌ و زۆرترینیش به‌ دكتۆرا 5.412.000 دیناره‌.
دووه‌م : له‌باره‌ی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران :
ماده‌كه‌ زۆر لاستیكیه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌وانه‌ی شایسته‌ نین وه‌رده‌گرن ده‌رماڵه‌كه‌یان لێده‌برێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان به‌ یاساو رێنمایی دراون ئه‌سته‌ ببڕدرێت، ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی شایسته‌ نین.
ماده‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ :
یه‌كه‌م : خه‌رجكردمی ده‌رماڵه‌ پیشه‌ییه‌كان و ده‌رماڵه‌ی ترسناكی له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رو كارمه‌نده‌ شایستانه‌ی كه‌ له‌ بواری پسپۆری خۆیاندا به‌ فیعلی خزمه‌تی تایبه‌تمه‌ندی له‌ بواری ئه‌رك و چاڵاكی ته‌كنیكی و وه‌زاره‌تیان دامه‌زراوه‌ی په‌یوه‌نیدار ئه‌نجامده‌ن و یه‌كخستنی ده‌رماڵه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ وه‌زیفیانه‌ی له‌ گشت وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌ك ناونیشانی وه‌زیفین و هه‌مان وه‌سفی وه‌زیفیان هه‌یه‌.
دووه‌م: راگرتنی كاركردن به‌هه‌ر په‌یره‌و رێنماییه‌ك كه‌ به‌ ده‌ر له‌ حكومی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و هه‌ر ئیمتیازاتێكی دارایی تر ده‌به‌خشنه‌ فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان.
هه‌ردوو بڕگه‌كه‌ لاستیكی و ناڕوونه‌، بۆیه‌ جێبه‌جێكردنیان قورسه‌.
سێهه‌م: له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌نشینی وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو راوێژكار و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ رێزی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان بوون پێش رێككه‌وتی 5ی 3ی 1991 وه‌ك رێزلێنانێك موچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، له‌ بڕی ئه‌وه‌ پێویسته‌ دوای دڵنیابوون له‌ مه‌رج و پێداویستی و وردبینیكردن و پاككردنه‌وه‌ی لیستی ناوی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ له‌ ناوی كه‌سانی نا شایسته‌، ئیمتیازانی دارایی شایسته‌یان بۆ دابینده‌كرێت له‌به‌ر رۆشنایی یاسایی رێزلێنانی پێشمه‌رگه‌ی ( زێره‌ڤانی هه‌رێمی كوردستان- عێراق) ژماره‌ (23)ساڵی 2007، یان یاسای راژه‌ی خانه‌شینی پێشمه‌رگه‌ ( زێره‌ڤانی هه‌رێمی كوردستان -عێراق) ژماره‌ (28) ساڵی 2007) به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی.
ره‌شنووسه‌كه‌ چه‌ند ماده‌ و بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی تێدایه‌ وه‌كو كەمكردنەوەی موچەی پلە بالاكان، برینی موچە نایاساییەكان، یەكخستنی پلە وەزیفییەكان، لادانی بن دیوارەكان و پاك كردنەوەی لیستی موچەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و كەمئەندامی سەنگەر و چاودێری كۆمەلایەتی لە كەسانی نا شایستە.
كه‌ و كوڕییه‌كانی ره‌شنووسه‌كه‌ :
* ره‌شنووسه‌كه‌ له‌رووی ناونیشانه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌و له‌زۆرشت له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جیاوازه‌ (چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌) .
* یاسای چاكسازیه‌كه‌ ته‌نها ده‌ستكاریكردنی موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشینه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ چاكسازی گشتیه‌وه‌ نییه‌.
* مووچه‌ خانه‌نشینی پله‌كانی خواره‌وه‌ زیاد نه‌كراوه‌ واته‌ ئه‌وانه‌ی 300 هه‌زار كه‌مترن..
*چاكسازی له‌ خه‌رجی و داهات و نه‌وت و بواره‌كانی دیكه‌ نه‌هاتووه‌ و ده‌بوایه‌ باسی هه‌موو سێكته‌ره‌كان بكات .
* زۆربه‌ی ئه‌و رێككارانه‌ی له‌ ره‌شنووسه‌كه‌دا هاتووه‌ به‌ بڕیار كراون له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌ی پێویستی به‌ یاسا نییه‌.
* هیچ نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و داهاته‌ نا نه‌وتییه‌كان نییه‌.
* باس له‌ چاره‌نووسی مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان نه‌كراوه‌.
* له‌ زۆر شوێن ئاماژه‌ به‌و برگه‌و ماده‌ یاسایانه‌ ناكات كه‌ ئه‌و یاسایه‌ هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌.

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand