Draw Media

ئەوروپا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا دەكات

ئەوروپا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا دەكات

2018-04-24 18:21:03


ئەنجومەنی ئەوروپا داوا لە توركیا دەكات هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دوابخات و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچێتە وڵاتێكی ئەوروپا و نەمسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاش رێگەنادەن وەزیر و بەرپرسانی توركیا لە وڵاتەكانیان بانگەشە بكەن.
پەیامی ئەوروپا
ئەنجومەنی ئەوروپا داوایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا كە بڕیار 24ی حوەزیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوابخرێت بەهۆی ئەوەی لە سایەی باری نائاساییدا بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ پێوەرە ئەوروپییەكاندا یەك ناگرێتەوە.
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەرلەمانەكانی ئەوروپا كە رۆژی سێشەممە 24ی نیسان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەچوو، ئەنجومەنەكە داوای لە توركیا كرد هەڵبژاردنی پێشوەخت دوابخات.


ئەنجومەنی ئەوروپا: هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا لە كاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە باری نائاسایی لە توركیا راگەیاندراوە بەوەش هەڵبژاردنەكە شەفاف نابێت و لەگەڵ پێوەرەكانی ئەوروپادا یەكناگرێتەوە.


ئەنجومەنی ئەوروپا دەڵێت :" هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا لە كاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە باری نائاسایی لە توركیا راگەیاندراوە بەوەش هەڵبژاردنەكە شەفاف نابێت و لەگەڵ پێوەرەكانی ئەوروپادا یەكناگرێتەوە".
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو داوایەی ئەنجومەنی ئەوروپا، بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا وتی:" بۆچی یەكێتی ئەوروپا داوای لە فەرەنسا نەكرد هەڵبژاردن دوابخات لەكاتی باری نائاساییدا، بەڵام كاتێك پرسەكە پەیوەندی بە توركیاوە بێت بیری ئەوەیان دەكەوێتەوە، ئەوە چ سیاسەتێكە".
بۆزداغ راشیگەیاند داواكەی ئەنجومەنی كۆمەڵەی پەرلەمانانی ئەوروپا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە توركیا مایەی قبوڵكردن نیە و ئەوە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی توركیا.
ئەردۆغان بۆ بانگەشە دەچێتە ئەوروپا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند مانگی داهاتوو پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كۆنگرەیەكی هەڵبژاردن لە وڵاتێكی ئەوروپا سازدەكات، هەرچەندە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا رێگە بە بەرپرسانی توركیا نادەن لەسەر خاكی ئەو وڵاتانە بانگەشە بكەن.

ئەردۆغان:  پشت بەخوا، لە ئایاردا یەكەمین كۆبوونەوە لە هۆڵێكی وەرزشی داخراو لە وڵاتێكی ئەوروپیدا سازدەكەین و هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواوكردووە.


ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتاراتی پارتەكەی وتی " پشت بەخوا، لە ئایاردا یەكەمین كۆبوونەوە لە هۆڵێكی وەرزشی داخراو لە وڵاتێكی ئەوروپیدا سازدەكەین و هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواوكردووە".
بەڵام ئەردۆغان ناوی ئەو وڵاتەی ئاشكرانەكرد كە كۆبوونەوەكەی لێ‌ سازدەكرێت.
پێش راپرسییەكەی توركیا لەسەر هەمواركردنی دەستوری نوێ چەند وەزیر و بەرپرسێكی تری حكومەتی توركیا چوونە هۆڵەندا و ئەڵمانیا بۆ بانگەشە كە ژمارەیەكی زۆر رەوەندی توركی لێیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە رێگەیان نەدا كۆنگرەی جەماوەری سازبكەن.
نەمسا و ئەڵمانیا رێگە بە بانگەشە نادەن
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا دوای راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیاوە، سیباستیان كۆرتس راوێژكاری نەمسا كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی راستڕەودەكات و دژی بە ئەندامبوونی توركیایە لە یەكێتی ئەوروپا وتی:" رێگە بە ئەردۆغان نادرێت رەوەندی توركیا بقۆزێتەوە لە ئەوروپا".

نەمسا و ئەڵمانیا ڕێگە بە بەرپرسانی ئەنکەرە نادەن لەو وڵاتانە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن


ئەڵمانیاش كە نزیكەی سێ‌ ملیۆن هاوڵاتی توركیای لێیە رایگەیاند رێگە بە سیاسەتمەدارانی بیانی نادات پێش هەڵبژاردنەكان لەسەر خاكی ئەڵمانیا بانگەشە بكەن و كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەریی سازبكەن.
هیكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە شاری تۆرنتۆی كەنەدا وتی:" بیر و بۆچوونمان روون و ئاشكرایە، رێگە بە هیچ بانگەیەشەكی هەڵبژاردن نادرێت لە ئەڵمانیا سێ‌ مانگ پێش ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێكی بیانی".

راپۆرتی: نامیق رەسول

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand