Draw Media

نەینەوا: كورسییەكانی كورد لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا

نەینەوا: كورسییەكانی كورد لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا

2018-04-24 14:51:30


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی 12ی ئایار خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەدەچێت، كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای نەینەوا دابەشبووە بەسەر (6) لیستی جیاوازدا، بەهۆی پەرتبون و ئەو شكستانەی بەمدواییانە رویدا، دەنگەكانی كورد لەو پارێزگایە لەبەردەم هەڕەشەدایە.
(درەو) میدیا لەم راپۆرتەدا شیكاری نەخشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای نەینەوا دەخاتەڕوو:

پارێزگای نەینەوا
نەینەوا دووەم گەورە پارێزگای عێراقە، رووبەری ئەم پارێزگایە دەگاتە (25 هەزارو 300 كیلۆمەتر چوارگۆشە)، شاری موسڵ مەڵبەندی پارێزگاكەیە، ژمارەی دانیشتوانی نەینەوا دەگاتە نزیكەی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەس، بەهۆی شەڕی داعشەوە، نزیكەی (500 هەزار) كەس لە دانیشتوانی ئەم پارێزگایە ئاوارەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق بوون.

نەینەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا
پارێزگای نەینەوا (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانكراوە، لەم ژمارەیە (3 كورسی) وەكو كۆتا بۆ كەمینەكان دیاریكراوە:
• ئێزدیی: یەك كورسی كۆتا
• شەبەك: یەك كورسی كۆتا
• مەسیحی: یەك كورسی كۆتا 

ژمارەی دەنگدەران لە نەینەوا
لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (ملیۆنێك و 921 هەزارو 447) كەس بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەكە بووە بە (2 ملیۆن و 267 هەزارو 356) دەنگدەر، واتە زیاتر لە (345 هەزار) دەنگ زیادیكردووە كە ئەمەش چوار تەمەن دەگرێتەوە (1997- 1998- 1999-2000).

كۆتای ژنان لە نەینەوا
بەپێی ئەو سیستمەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دایناوە، دەبێت پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق رێژەی (25%)ی ژنان بن، واتا لە كۆی (329) كورسی (83) كورسی بۆ ژنانە، بۆ زامنكردن و پاراستنی ئەم رێژەیەش (كۆتای ژنان) دانراوە.
نەینەوا كە (34) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی رێژەی (25%)، بەپێی سیستمی كۆتا (8) ژنی بەردەكەوێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوو كە ساڵی 2014دا لە هەموو لیستەكان (138) ژن خۆیان كاندیدكردبوو بۆ بردنەوەی (8 كورسییەكەی كۆتای ژنان)، لە ئەنجامدا ئەم ژنانە سەركەوتن بۆ پەرلەمانی عێراق:
• ئینتیسار عەلی خزر/ متحدون للاصلاح
• محاسن حمدون حامد/ متحدون للاصلاح
• نورە سالم محەمەد/ متحدون للاصلاح
• ڤیان دەخیل/ هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا
• بەهار سلێمان عیسا/ هاوپەیمانی كوردستتانی لە نەینەوا
• جەمیلە محەمەد سوڵتان/ ئیئتیلافی نیشتیمانی
• نەهلە حسێن سەعدوڵا/ هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی
• ساجیدە محەمەد یونس/ ئیئتیلافی عەرەبی

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی لیستەكان ژنیان كاندید كردووە بە ئومێدی بردنەوەی كورسییەكانی كۆتای ژنان.

لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە نەینەوا
لە پارێزگای نەینەوا (35) لیست و هاوپەیمانی بە (919) كاندید ركابەرێتی دەكەن لەسەر بردنەوەی (34) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران.

كورد لە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوادا
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە كۆی (3 ملیۆن و 400 هەزار) كەسی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا، (ملیۆنێك و 200 هەزار) كەسیان كوردن، ئەم پارێزگایە ژمارەیەك ناوچەی جێناكۆكی تێدایە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كە بریتین لە قەزاكانی (شەنگال- تلكێف- شێخان- حەمدانیە- تەلەعفەر- مەخمور) لەگەڵ ناحیەی (باشیك).
لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد لەم پارێزگایە بە چەند لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بەڵام ئەوانەیان كە كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە دوو لایەنی سەرەكی بوون كە بە هەردووكیانەوە لە كۆی (34) كورسی نەینەوا (8) كورسییان بردەوە:
• هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بە سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان: (6) كورسی بردەوە
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (2) كورسی بردەوە
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورد بە (6) لیست بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، هەموو لیستە كوردییەكان لە نەینەوا (151) كاندیدیان هەیە:
• پارتی دیموكراتی كوردستان: (61) كاندید هەیە
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان: (61) كاندیدی هەیە
• لیستی نیشتمان: (5) كاندیدی هەیە
• جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (11) كاندید هەیە
• پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان: (4) كاندیدی هەیە
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (9) كاندیدی هەیە

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی جەماوەری لایەنە كوردییەكان لە ناوچە جێناكۆكەكانی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەو ناوچانەدا دەستڕۆشتوو بووە.
رووداوەكانی كەوتنی شەنگال و كوشتن و دەستگیركردنی سەدان خەڵكی ئێزدیی لەسەر دەستی چەكدارانی داعش و دواتر كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دەنگدەران دەبێت.

لیستە عەرەبییەكان لە نەینەوا
لە پارێزگای نەینەوا (17) لیستی عەرەبی هەن كە بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، ژمارەیەك لەو لیستانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن، هەندێكی تریان نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە، هەندێكیشان لیستی تێكەڵ و جیاوازن:

• هاوپەیمانی فەتح: (60) كاندید هەیە، (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هاوپەیمانێتییە پێكهاتووە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، رێكخراوی بەدر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی، كوتلەی منتصرون، حزب المهنیین للاعمار، بزوتنەوەی صادقون، حزب الطلیعە الاسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی لە عێراق، تجمع كفی صرخە للتغیر، گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی)
• البنا‌ء و الاصلاح: (28) كاندیدی هەیە
• رەوتی حیكمەی نیشتمانی: (60) كاندیدی هەیە و (عەممار حەكیم) سەرۆكایەتی دەكات
• تجمع عراقیون للتغیر: (10) كاندیدی هەیە
• التیار الوطنی العشائری فی العراق: (5) كاندیدی هەیە
• ائتلاف كفا‌ءات للتغیر: (40) كاندیدی هەیە
• نینوی هویتنا: (62) كاندید هەیە و هاوپەیمانێتی لایەنە سوننەكانەو پێكدێت لەم لایەنانە (یەكێتی رۆڵەكانی عێراق، حزبی وەفا، بەرەی رزگاری توركمانی عێراق، حزبی حەل، اتحاد القوی)
• تمدن: (61) كاندید هەیە و (فائق شێخ عەلی) سەرۆكایەتی دەكات
• عراق الارض: 4 كاندیدی هەیە
• سائرون: (23) كاندید هەیە، (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لەم لایەنانە (گردبونەوەی كۆماریی عێراق، حزبی شیوعی، حزبی ئیستیقامە، بزوتنەوەی لاوان بۆ گۆڕانكاری، دەوڵەتی دادپەروەر)
• ئیئتیلافی النصر: (62) كاندید هەیە و (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات
• النهج الدیمقراطي: 60 كاندیدی هەیە
• هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی: (62) كاندیدی هەیە و (ئوسامە نوجیفی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی سوننەیە لە عێراق، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب للعراق متحدون، پرۆژەی عەرەبی لە عێراق، حزبی حەقی نیشتیمانی، حزبی مەجدی عێراقی، حزبی بانگەوازی نیشتیمانی)
• تضامن: (48) كاندید هەیە و (وەزاح مالیك) سەرۆكایەتی دەكات، پێكهاتووە لەم لایەنانە (تجمع العزة الوطنی، امل العراقیة )
• حزبی جەماوەری نیشتمانی: (62) كاندید هەیە، (ئەحمەد عەبدوڵا جبوری) پارێزگاری سەلاحەدین سەرۆكایەتی دەكات
• ئیئتیلافی نیشتمانی: (60) كاندید هەیە، (ئەیاد عەلاوی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێت لەم لایەنانە (حزب التقدم المدنی الحر، حزبی ویفاقی نیشتمانی، گردبونەوەی مەدەنی بۆ چاكسای، گردبونەوەی یەكێتی عێراقی، بەرەی رابون و چاكسازی عێراقی، حزب تصحیح الوطنی، المشروع الوطنی، عمل، وفاق، تجمع نهضة جیل، الخیار العربی، معاهدون)
• هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی: (21) كاندیدی هەیە

ئێزدییەكان دابەشبوون
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق دەگاتە (550 هەزار) كەس، زیاتر لە (100) هەزار كەسیان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە كۆنەكانی كورد، زۆرینەی ئێزدییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك ننیشتەجێن.
سەرەتاكانی ساڵی 2014 هاتنی رێكخراوی داعش بۆ عێراق جارێكی تر ئێزدییەكانی دووچاری كارەساتێكی مێژویی كردەوە، چیرۆكی كوشتن و بردنی كچانی ئێزدی لە قەزای شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، هەموو جیهانی پڕكرد.
بەپێی كۆتای كەمینەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی بۆ پێكهاتەی ئێزدیی لە پارێزگای نەینەوا تەرخانكردووە، بۆ بردنەوەی ئەو كورسییە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان دروستكردووە، سەرباری ئەوەش هەندێك لە لایەنە عێراقی و كوردییەكان خەڵكانی ئێزدییان لە لیستەكانیان كاندیدكردووە تاوەكو دەنگی ئێزدییەكان بۆخۆیان كێش بكەن.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ لیست بە (6) كاندید ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی ئێزدییەكان دەكەن، لیستێكی تری ئێزدیش بە (16) كاندید چوەتە ناو كێبركێی بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەواوە.
لیستی پارتە ئێزیدییەكان لە نەینەوا
• تەڤگەری ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن: حاجی كەندور سمۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم بزوتنەوەیە بە 2 كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی پێكهاتەی ئێزدیی لە نەینەوا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەم حزبە كورسی كۆتای ئێزدیی لە نەینەوا بردەوە و بەوهۆیەوە حاجی كەندور سمۆ گەیشتە سەر كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاجی كەندور ئەمجارەش خۆی كاندیكردوەتەوە و سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی.

• پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدیی: ئەمەش یەكێكی ترە لە پارتەكانی پێكهاتەی ئێزدیی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (2) كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكان لەسەر كورسییە كۆتاكەی ئێزدیی لە نەینەوا.

• پارتی ئێزدیی دیموكراتی: ئەمە یەكێكە لە پارتە سیاسییە نوێیەكان لەناو پێكهاتەی ئێزدیدا، حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، كە بەمدواییانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوەوە و هێزێكی سەربازی دروستكرد بەناوی "هێزی پاراستنی ئێزدخان"، حەیدەر شەشۆ خۆی كاندید نەكردووە، حزبەكەشی كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نییە و بە (16) كاندید ركابەرێتی دەكات لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەوا، ژنێك بە ناوی (سۆنیا سالم حەسەن) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.

• پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیی: ئەمەش حزبێكی نوێی پێكهاتەی ئێزدییەكانە، سەرەتاكانی ساڵی 2017 پێكهێنراوە و مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، (قەحتان عەلی) سەرۆكایەتی حزبەكە دەكات، دەوترێت باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YBS) یە، ئەم حزبە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە (2) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەكات لە نەینەوا.

جگە لەو لیستانەی كە لەسەر پێكهاتەی ئێزدی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەمەبەستی راكێشانی دەنگی دەنگدەرانی پێكهاتەی ئێزدیی، ژمارەیەك كەسایەتی ئێزدییان لە لیستەكانیاندا كاندید كردووە.
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەسی ئێزدیی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێكیان (ڤیان دەخیل) بوو كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا كاندید بوو، ئەوی تر (حاجی كندور سمۆ) بوو كە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان خۆی كاندید كردبوو.
هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەی ئێزدیی دەڵێن ئەگەر ئەو دابەشبونە سیاسییە لەنێوان ئێزدییەكان نەبوایە، ئەو پێكهاتەیە دەتوانێت (8) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە، بەمدواییانە و بەر لە نزیكبونەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەندێك هەوڵ هەبوون بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی ئێزدییەكان، بەڵام دواجار ناكۆكی و پەرتبون زاڵ بوو بەسەر یەكێتی و یەكبون.

شەبەك لە هەڵبژاردنی نەینەوادا
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی كوردە شەبەكەکان لە عێراق نزیكەی (400 هەزار) كەس دەبێت، زۆرینەیان لە (57) گونددا لە دەشتی نەینەوا و ناحیەكانی (باشیك و بەرتەلە) و قەزاكانی حەمدانیە و تلكێف نیشتەجێن.
کوردی شەبەك لەڕوی مەزهەبییەوە دابەشبوون، هەندێك سەرچاوە دەڵێن رێژەی 40%ی شەبەكەكان سەربە مەزهەبی شیعەن و ئەوەی كە دەمێنێتەوە سوننەمەزهەبن، سەرچاوەكانی تر باسلەوە دەكەن رێژەی 55%یان شیعە مەزهەب و 45%یان سوننە مەزهەبن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكامی عێراق لە پارێزگای نەینەوا كورسییەكی كۆتای بۆ پێكهاتەی شەبەك دیاریكردووە، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (سالم جومعە خزر) كە لەسەر لیستی (ئەنجومەنی ئازادیخوازانی شەبەك) خۆی كاندید كردبوو، كورسییە كۆتاكەی پێكهاتەی شەبەكی بردەوە.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ، ژمارەیەك لیست و كەسایەتی سەربەخۆ كێبركێ دەنگ لەسەر بردنەوەی دەنگی دەنگدەرانی شەبەك و كورسی كۆتای شەبەك:
• گردبونەوەی شەبەكی دیموكراتی: یەكێكە لە حزبە سیاسییەكانی پێكهاتەی شەبەك، ئەم حزبە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات بەشداری هەڵبژاردن دەكات و لەو هاوپەیمانێتییەدا (2) كاندیدی هەیە، كاندیدەكان كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكان دەكەن نەك كورسی كۆتای تایبەت بە پێكهاتەی شەبەك.
ئەم حزبە لە هەڵبژاردنی 2014 بەهەمان شێوەی ئێستا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بۆ بردنەوەی كورسییە گشتییەكان بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (حەنین مەحمود ئەحمەد قەدۆ) ئەمینداری حزبەكە لەسەر لیستی هاوپەیمانی نەینەوای نیشتیمانی سەركەوت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
• رەوتی ئازادیخوازانی شەبەك: ئەم رەوتە بە (2) كاندید چوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سنوری پارێزگای نەینەوا، یەكەمین پارتی سیاسی پێكهاتەی شەبەكە لە عێراق، رۆژی 6ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە قەزای شێخان پێكهێنرا.
سەرەرای لیستەكان، ژمارەیەك كەسایەتی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتای شەبەك:
• قوسەی عەباس
• سالم محەمەد
• یاساناس سەعد سالم سوڵتان

مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی نەینەوادا
بەپێی هەندێك ئاماری نارەسمی، بەر لە روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003دا، لە دەشتی نەینەوا (ملیۆنێك و 500 هەزار) مەسیحی هەبوون، بەڵام بەهۆی شەڕی تائیفی لە عێراق و شەڕی داعش بەمدواییانە، ژمارەیەكی زۆریان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود لەناوخۆی عێراقدا ئاوارەبون.
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی كۆتای بۆ مەسیحییەكان لە نەینەوا داناوە، سەرباری ئەو كورسییە كۆتاییە، حزب و لیستەكان چەندین كەسایەتی مەسیحییان كاندید كردووە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (7) لیستی مەسیحی كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن لە پارێزگای نەینەوا و بە هەمویانەوە (13) كاندیدیان هەیە.
• ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشوری: (2) كاندید هەیە
• یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی: (2) كاندید هەیە
• بزاڤی گردبونەوەی سریان: (1) كاندیدی هەیە
• ئیئتیلافی كلدان: (2) كاندیدی هەیە
• ئیئتیلافی رافیدەین: (2) كاندیدی هەیە
• ابنا‌ء نەهرەین: (2) كاندید هەیە
• بزوتنەوەی بابلیۆن: (2) كاندید هەیە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand