ئەمشەو بۆ شەقامی ناڕازی عێراق یەكلاكەرەوە دەبێت
2019-11-05 16:17:38
درەو میدیا:
سەركردە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق بژاردەی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و شەقامی ناڕازی عێراق تاووتوێ دەكەن.
شەوی رابردوو بەرپرسە باڵاكانی عێراق كۆبونەوە كە هەریەك لە ( سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی و زۆرێك لەبەرپرسە ئەمنییەكانی عێراق) بەشداربوون، پرسی كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكانی عێراق تاووتوێكرا.
بەپێی راگەیەنراوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی ئاساییشی وڵات و چەسپاندنی ئاساییش و سەقامگیری لە وڵاتدا"
سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداوە بە ( درەو میدیا) ی راگەیاند لە كۆبونەوەكەدا پرسی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران تاووتوێكراوەو بڕیاردراوە لەمشەوەوە رێگاكان بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دابخەن و بەهێز كۆتایی بە خۆپیشاندەران بهێنن"
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كە، بەرپرسانی عێراق گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەگەر حكومەتیش لەكاربخرێت، هێشتا خۆپیشاندەران كۆتاییان نایات و داوای هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستمی حوكمرانی وڵات دەكەن، بۆیە دەبێت بەهێز كۆتایی بە ناڕەزاییەكان بهێنرێت".
بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی عێراق خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بڕیوە بۆ ئەوەی كاریگەری بەزۆر چۆڵكردنی شەقام نەگوازرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی نیویورك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە شارەكانی عێراق، نیشانەی ئەوەیە خۆپیشاندانەكان لە كۆنترۆڵ دەرچوون.