زۆرێك لە بەرپرسە گەندەڵەكان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی عێراق
2019-11-05 15:13:22
راپۆرتی: درەو میدیا
لەژێر فشاری توندی خۆپیشاندەراندا، حكومەتی عێراق كە شەشەمین وڵاتی گەندەڵی عەرەبی و سیانزەهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهانە، لە گەندەڵكاران دەپێچێتەوە، بەڵام لە كاتێكی زیادكراوی یاریەكەدایە ناتوانرێت ئومێدی ئەوەی لەسەر هەڵبچنرێت كە گۆڕانكاری دەكات لەبواری بنبڕكردنی گەندەڵیدا.
داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراق بۆ لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران، حكومەتی عێراقی ناچاركردووە كۆمەڵێك ڕێكار بەم ئاڕاستەیەدا بگرێتەبەرو فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەندین بەرپرس دەربكات، هەرچەندە زۆرێك گومانیان هەیە پرۆسەكە سەركەوتووبێ و سزای هەموو ئەو بەرپرسانە بدرێت كە لەدوای ساڵی 2003وە پۆستیان لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق وەرگرتووە، بەو پێیەی حزبە دەسەڵاتدارەكانی عێراق پشتیوانیان دەكەن و، زۆرێكیشیان هەڵاتوون و عێراقیان بەجێهێشتوە.
دەستەی دەستپاكی عێراق رۆژی هەینی ڕابردوو، فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردنی بۆ 60 وەزیر و پەرلەمانتارو بەرپرسی حكومەتە خۆجێییەكانی ئێستا و پێشو بەتۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی دەرچووە، لەسەرو هەموشیانەوە وەزیرێكی ئەم كابینەیە و دوو وەزیری پێشوو و 5 ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمان و 38 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئێستاو پێشوو و 6 بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری یەكێك لەوەزارەتەكان، فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ پارێزگارێك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایەك و 5 بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە، تۆمەتبارەكانیش دەبرێنە بەردەم دادگای تاوانە ناوەندییەكانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیانكردووە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (سامی حەسناوی) پارێزگاری دیوانییە دەرچووە، كە سەربە حزبی (فەزیلە) یە، بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە ماڵی گشتی بە بەهای (دوو ملیارد) دینار، هاوكات سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی كڕین لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دیوانییە بەهەمان تۆمەت دەستگیركراون و، ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكەش بانگهێشتی لێكۆلینەوە كراون.
فەرمانی بانگهێشتكردنیش بۆ وەزیری پێشوی گواستنەوەو پارێزگاری پێشوی بەسرەش دەرچووە، بەتۆمەتی ئەنجامدانی پێشێلكاری یاسایی لەچەند گرێبەستێكدا، فەرمانی بانگهێشتكردنیش بۆ وەزیری پێشوتری تەندروستی و بەڕێوبەری پێشوی فەرمانگەی تەندروستی (بابل) دەرچووە بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و زیانگەیاندن بەماڵی گشتی.
"دەستەی نەزاهە چەند ساڵە لەكوێیە"
(نەدا شاكر) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر دەڵێت"جوڵەكانی دەستەی نەزاهە لەم كاتەدا ڕوونە، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو ئەم دەستەیە لەكوێ بووە، بەوپێیەی ئەودۆسێیانە ساڵانێكە لای دەستەی نەزاهەیە".
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كە بۆ ڕۆژنامەی (ئەلعرەبی جدید) قسەی كردووە"بڕیارەكانی دەستەی نەزاهە بۆ بەرپرسانی پێشوو دەرچووە، زۆرینەشیان لەدەرەوەی عێراقن، ئەوەش وادەكات كە حكومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی بەسەریاندا نەشكێت، ئەو بڕیارانە بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكە، بەڵگەی ئەوەشە كە بڕیارەكانی دەستەی نەزاهە بەرپرسانی پێشووی كردۆتە ئامانج كە لەدەرەوەی وڵاتن ".
پێشیوایە، دەبوو دەستەی دەستپاكی و دەسەڵاتی دادوەری، سودیان لە فشاری شەقام وەربگرتایە كە داوای چاكسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لەگەندەڵكاران دەكەن، وەك دەرفەتێكی گرنگ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر فشارێكی سیاسی لەسەریان.
كاردانەوەیە نەك بڕوابوون بە لێپێچینەوە
(فالح ئەلزیادی) پەرلەمانتاری چاكسازی و بنیاتنان لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە:"بڕیاڕەكانی دەستەی دەستپاكی و هەندێك لەبڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران، كاردانەوەی توڕەی توڕەیی شەقامن".
ئەو پەرلەمانتارە بەهەمان سەرچاوەی وتووە، پێویستە پرۆسەیەكی ئیداری بەردەوام هەبێت نەك كاردانەوە كاریگەری لەسەر دروستبكات، پرسیاری ئەوەشدەكات" ئەگەر خۆپیشاندان و مانگرتنە میللیەكان وەستان، ئایا ڕێوشوێنەكانی دەستەی نەزاهە بۆ لێپێچینەوەو دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە دەوەستێت كە گومانیان لەسەرە یان تێوەگلاون لەگەندەڵی ماڵی و كارگێڕی".
ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و هەلی كارو دابینكردنی خزمەتگوزاری داواكاری و دروشمی سەرەكی خۆپیشاندەران بوو لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵێك داواكاری سیاسی بونەتە ئەولەویەت و زۆرێك لە خۆپیشاندەران ڕۆژانە لەسەر شەقام بانگەشەی بۆدەكەن كە دیارترینیان، هەمواری دەستورو، گۆڕینی سیستمی سیاسی و، كەمكردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و كەمكردنەوەی ئەندامەكانێتی.
(یونادەم كەنا) ئەندامی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق بە سۆمەرییەنیوزی ڕاگەیاندووە:" ئەوەی ڕویداوە و ڕودەدات هۆكارەكەی دەستورو ماددە دەستورییەكان نییە، بەڵكو هۆكارەكەی گەندەڵی بەرپرسان و دەستگرتنی حزبەكەكانە بە دەسەڵاتەوە، ئەوە وڵاتی وێرانكرد".
بەپێی دوایین راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق (6) وڵاتی گەندەڵی جیهان و (133)یەمین وڵاتی گەندەڵی جیهانە.