نوخبەیەكی شكستخواردو نادادی بەرهەمهێنا
2019-11-02 19:53:48
ڕاپۆرت: درەومیدیا
ڕەنگە عێراق یەكێك بێت لە گرفتارترین ئەو وڵاتانەی گیرۆدەی دەستی ئەجێنداو بەرژەوەندییە ئیقلیمیو نێودەوڵەتییەكان لەجیهان، ئەوەش وایكردووە ببێتە گۆڕەپانێكی هەمیشەیی ڕمبازێنی هێزو جەمسەرگیرییە جیاوازەكان بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان.
ئەوەی كارەساتەكانی قوڵتركردۆتەوە، زۆرینەی هێزە باڵادەست و بڕیار بەدەستەكانی عێراق بەجیاوازی ئینتما و مەزهەب و نەتەوەو تائیفەوە درێژكراوەی هێزێكی دەرەكین، ئەو پەیوەندییانە بەجۆرێك ئاشكراو بێپەردەن هاوڵاتیەكی ئاسایی عێراق كە هیچ سەروسەختیەكیشی نەبێت لەگەڵ سیاسەتدا، زۆر بەسادەیی بۆی جیادەكرێتەوە كام هێزە لەفەلەكی كام دەوڵەتی ئیقلیمدا دەخولێتەوەو بڕیار و كەرەستەكانی مانەوەی لێوە وەردەگرێت، كام هێزەش لەبەرەی نەیارەكەیەتی.
تەنها سیستانی قسەیكرد
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لەوتاری هەینی ڕابردودا، كە هەندێك بەتوندترین پەیامی دادەنێنن لەوەڵامی عەلی خامەنەئی ڕابەڕی شۆڕشی ئێران، كاتێك وتی"پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق كۆتایی بەكاری ئاژاوەگێڕی بهێنن" وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپیشاندانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، وتی:"هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی مافی ئەوەی نییە ئیرادەی عێراقییەكان بۆ چاكسازی و ئایندەیان زەوتبكات" لەمە بترازێت هیچ بەرپرسێكی عێراق وەڵامێكی نەبووە بۆ قسەكانی خامەنەئی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبری ئەمە وەڵامی بەیاننامەی ئەووڵاتە بیانەی داوەتەوە كە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن گیانی خۆپیشاندەران بپارێزێت و ڕێز لە ئیرادەیان بگرێت، لەوەڵامی ئەمەدا دەڵێت:" حكومەتی عێراق داوا لەسەرجەم لایەنەكان دەكات پابەندی بنەمای ڕیزگرتن لەسەرەوەری عێراق بن و دەستوەردان نەك لەكاروباری ناوخۆی".
زۆرێك لەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەكەن، تەقینەوەی دۆخەكە و ناڕەزایی چین وتوێژە جیاوازەكان بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگێڕنەوە:
هۆكارە دەرەكییەكان
قوڵبونەوەی ململانێكانی ئێران و ئەمریكا لە ناوچەكە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تێكچونی دۆخی عێراق، لەدوای ساڵی 2003وە، كاتێك ئەمریكا عێراقی داگیركرد جۆرێك لە ڕێككەوتنێكی ڕانەگەیەندراو لە نێوان تاران و واشنتۆن_دا هەبوو بۆ بنیاتنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، دابەشكارییەكان بەشێوەیەك ڕێكخران كە ڕەچاوی باڵانس و هاوسەنگی بكات.
ئێران و ئەمریكا لەو دەمە لەسەر زیاد لە دۆسیەكی ناوچەكە هاوڕابوون، كە دیارترینیان ڕوخاندنی هەردوو دەسەڵاتی تاڵیبان و ڕژێمی سەدام حسێن بوو، بەڵام دوای پەلكێشانی ئێران و فراوانبونی ڕۆڵی لە سوریاو لوبنان و یەمەن هاوكێشەی هێز جۆرێك لە لاسەنگی تێكەوت، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەلایەن ئەمریكاوەو سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تاران_دا ، عێراق بووە گۆڕەپانی سەرەكی ململانێكانی ئەو دووڵاتە.
ئێران لەم قۆناغەدا پێویستیەكی زیاتری بەعێراق بوو بۆ كەمكردنەوەی ئاسەواری سزاكان لەسەری، بەوهۆیەوە لەگەڵ ئەمریكا كەوتنە ململانێیەكی سەخت، هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی عێراق حكومەتێكی لێبەرهەمهات كە ئێرانییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان تیادا كردو بەخواستی ئەوان هەر سێ سەرۆكاتیەكە (سەرۆكایەتی كۆمار_حكومەت_پەرلەمان) یەكلابوەوە، لە لوبنانیش هەڵبژاردن لەبەرژوەندی حزبوڵای نزیك لەئێران یەكلابوەوە، بۆیە زۆرێك هەرزوو پێشبینی ئەوەیان كرد ئەم دۆخە درێژە نەكێشێت و ئەم حكومەت و پرۆسەیە تەمەنی یاسایی خۆی تەواو نەكات.
هۆكارە ناوخۆییەكان
پرۆسەی سیاسی عێراق كە لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حزبی و تائیفی بنیاتنرا، تەنها خۆشگوزرەانی بۆ نوخبەیەكی سیاسی پێبوو، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و پڕبونی گیرفانی حزب و سیاسیە دەسەڵاتدارەكان لەسەر حسابی هەژاركردنی زۆرینەی خەڵك، نادادی كۆمەڵایەتی و گەورەبونی جیاوازی چینایەتی بونە سیمای دیاری عێراقی نوێ.
زۆرینەی پارتە سیاسیەكان جگە لەوەی خاوەنی بڕیارێكی عێراقی نەبوون و لەهیچ قۆناغێكی هەستیاردا بەبێ هاوكاری دەرەكی تەنانەت بایی ئەوەگیانی یەكتر قبوڵكردنیان تیانەبووە پێكەوە دانیشن، لەسەر ئاستە گشتیەكە هەرلایەنە بۆ پێكهاتەو تائیفەكەی خۆی هەڵپەی كردووە، بەڵام لەوێنە ڕاستەقینەدا ئەم هەڵپەكارییە ئەوەندە تەسك بوەوە ئاستی حزبیشی بڕیوەو دابەزیوە بۆ بەرژوەندی شەخس و بازنەیەكی بچوك لەناوحزبەكانداو، بەشی هەرە زۆری خەڵكی عێراقیش تەنانەت لەمافی هەلی كار لەدامەزراوەیەكی دەوڵەتدا بێبەشبوون.
لەكاتێكدایە ئەم حزبانە لەكاتی دابەشكاری پۆست و كێكی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكاندا، لەژێر ناوی پشك و بەشی پێكهاتەكاندا زۆرینەی دەستكەوتەكانیان چینوەتەوە، بەڵام لەخواردنی بەرهەمەكەیدا خۆیان بوون بەتەنها، هاوڵاتیانی عێراق بەجیاوازی پێكهاتەكانیانەوە، لەكاتی بەشینەوەدا بێبەشبون و لەكاتی قوڵبونەوەی ململانێكان و ناكۆكی سیاسەیەكانیشدا قوربانی و باجدەری سەرەكی بوون.