Draw Media

بارزانی لەبری حکومەت و پەرلەمان هەڵوێستی هەرێمی راگەیاند

بارزانی لەبری حکومەت و پەرلەمان هەڵوێستی هەرێمی راگەیاند

2019-10-27 12:45:17


(درەو میدیا):
مەسعود بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ چاکسازی راگەیاند.
فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە پیرمام و لەگەڵ مەسعو بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵی سایتی (بارەگای بارزانی)، لە كۆبوونەوەکەدا "بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدادو پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كراوە، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە رەواكانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران".
پاڵپشتیکردنی بارزانی لەمانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە خۆپیشاندەران لە شەقام داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی دەکەن.
هەڵوێستی بارزانی هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کە پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات کە بۆ چاکسازی داویەتی.
بارزانی کە هیچ پۆستێکی حکومی نییە، لەبری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم هەڵوێستی کوردی سەبارەت بە رووداوکانی عێراق راگەیاند.
بارزانی پێشترو لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی عەبدولمەهدی راگەیاندو وتی:" هەرێم دژی هەر رێوشوێنێکە لە دەرەوەی دەستور بۆ گۆڕینی سەرۆک وەزیران".
بارزانی کە کوڕەکەی (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتەو برازاکەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمە، یەکێک بوو لەوانەی پشتوانی دانانی عەبدولمەهدی کرد لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو چاوی لەوەیە عەبدولمەهدی بۆماوەی ساڵێکی تر بەبێ رادەستکردنی نەوت بە بەغداد، لە بودجەی عێراق پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، ئەمەش خواستێکە کە روبەڕووی ناڕەزایەتی لایەنە شیعەکانی عێراق بووەتەوەو بووە بە فشار لەسەر عەبدولمەهدی.
بارزانی وەکو یەکێک لە دۆستەکانی کورد تەماشای عەبدولمەهدی دەکات و دەیەوێت بۆ سێ ساڵی ئایندە تا کۆتایی خولەکەی بمێنێتەوەو هاوکارو پاڵپشتی مەسرور بارزانی کوڕی بێت کە ئێستا یەکەم ئەزموونی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand