دادگای هەولێر فەرمانی دەستگیركردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس دەردەكات
2019-10-27 12:17:43
(درەو میدیا):
لەسەر سكاڵای برازایەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردن بۆ تەواوی ستافی (درەو میدیا)و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) دەركرد.
ئەمڕۆ هەردوو رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا) ئەندامی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا)و (هێمن مامەند) ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی (مەودا پرێس) لەسەر سكاڵایەكی یاسایی مەتین دلۆڤان بارزانی چوونە بەردەم دادگای هەولێر.
دوای وەرگرتنی وتە لێیان، دادگا بە كەفالەتی (5 ملیۆن) دینار رۆژنامەنوس (نیاز عەبدوڵا)ی ئازادكردو رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) راگیرا تاكاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەكەی.
چەند پارێزەرێك لە دادگای هەولێر بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، مەتین بارزانی سكاڵای یاسایی لەسەر تەواوی ستافی (درەو میدیا) تۆماركردووەو سكاڵاكە پەیوەندیدارە بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانییەوە كە لە رۆژی 17ی تەموزی ئەمساڵ لە سایتی (درەو میدیا) بڵاوبوەتەوە، سەبارەت بە رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكارێكی توركیا" لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە هەولێر.
لە فەرمانی دەستگیركردنەكەدا ناوی هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) هاتووە.
مەتین بارزانی لە رۆژی 22ی تەموزی رابردوو سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە ستافی (درەو میدیا) هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی لەلایەن دادگاوە پێنەگەیشتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی دەركردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پارێزەرەكان لە هەولێرەوە بە (درەو میدیا)یان راگەیاندووە، مەتین بارزانی بەپێی یاسای ژمارەی (2)ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان سكاڵای لەسەر ئەو (5) رۆژنامەنوسە تۆماركردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو بابەتەی كە بڵاوبوەتەوە، بابەتێكی رۆژنامەوانییەو دەبوو بەپێی یاسای ژمارەی 35 ی ساڵی 2008 كاری رۆژنامەوانی، سكاڵاكە تۆماربكرایە.