Draw Media

عەبدولمەهدی لە هەینییەكی سەختدا

عەبدولمەهدی لە هەینییەكی سەختدا

2019-10-25 15:13:25


راپۆرت: درەو میدیا
ئەمڕۆ عێراق هەینییەكی سەختی بەڕێكرد، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن لەژێر فشاری شەقامدایە دەستلەكاربكێشێتەوە، لەلایەكی تر لایەنە سیاسییەكان فشاری لێدەكەن بمێنێتەوە، لایەنە كوردییەكان هەڵوێستیان لەسەر پێشهاتەكان عێراق روون نییە، دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمیش بێدەنگن، مەسعود بارزانی لەبری پەرلەمان‌و حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كرد‌و وتی:" ئێمە پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی دەكەین".

دەستلەكاركێشانەوە لە گیرفانیدایە
ئەو لایانەنانەی ماوەیەكە لە بۆسەدان بۆی، ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن جورئەتی نەبووە بكوژی خۆپیشاندەران (قەناس بەدەستەكان) ئاشكرابكات، بەشێكی تریان دەڵێن، ناكرێت شكستی ئێستا بخاتە ئەستۆی حكومەتەكانی رابردوو، بەوپێیەی بەدرێژایی 16 ساڵی ڕابردوو خۆی بەشێكی گرنگ بووە لە پرۆسەی سیاسی و چەندین پۆستی هەستیاری تێیدا هەبووە، هەر لەئەنجومەنی حوكم و ئیدارەدانی وەزارەتەكانی دارایی و نەوتەوە تا دەگاتە پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار.
سالێك لەمەوبەر و بە دیاریكراوی لەم مانگەدا، عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی تەوافوقیی هەردوو جەمسەرە ململانێكەرەكەی شیعە، هاوپەیمانی (بونیاتنان) بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی چاكسازی بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بەسەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریكرا، عەلمانی و دیندار، كورد و عەرەب و زۆرینەی شیعەو سوننە پشتیانوانییان لەم هەنگاوەكرد، شەقامی عێراقی چاوەڕوانی داهاتویەكی باشتریكرد، وێڕایی ئەوەی عەبدولمەهدییان بە پیاوێكی گونجاو دەزانی بۆ دەربازكردنی عێراق و پەڕینەوەی لە دۆخی "نادەوڵەتەوە" بۆ "دامەزراوەیبون" و "دورخستنەوەی دەستی حزب لەكایە جیاوازەكان"، عەبدولمەهدی سەر بەهیچ كوتلەیەكی سیاسی نەبوو وەك كاری حزبیش ماوەیەك بوو لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق دوركەتبووەو زیاتر سەرقاڵی نوسینی وتار و دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانی حوكمڕانی بو لەڕوی سیاسی و بە دیاریكراویش لەبواری ئابوریدا.
عەبدولمەهدی ئەو پیاوەی بەوە ناسراوە، نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی بەردەوام لەگیرفانیدایەو دوای بونیشی بەسەرۆك وەزیران زیاد لەجارێك بێمنەتی خۆی پیشانداوە و وتویەتی "من داوای پۆستم نەكردوە، لایەنە سیاسیەكان داوایان لێكردوم"، پێناچێت قەیرانەكانی عێراق و توڕەیی شەقام بواری ئەوەیان بۆ هێشتبێتەوە دەستبكات بەگیرفانیدا، ئەوانەی تائێستاش عەبدولمەهدی بە پیاوی قۆناغەكە دەزانن پێیانوایە، سەرۆك وەزیران كەوتووە بەسەر داروپەردو و پاشماوەی حوكمڕانییەكدا، كە گەندەڵی و نادادی تەواوی جەستەی داڕزاندووەو تەنها ساڵێك نەك بەشی چارەسەر، بەشی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانیشی ناكات.

لەلابردنی دیوارەكانەوە بۆ تەقەكردن لە خۆپیشاندەران
ئەوانەشی ڕەخنە لە عەبدولمەهدی دەگرن پێیانوایە، تاكە شتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق لەماوەی ئەمساڵەدا كردویەتی "لابردنی دیواری كۆنكرێتیە لە هەندێ‌ ناوچەی بەغداد"، پێیانوایە، خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگە دەریخست حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نازانێت مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەكانی بكات، ئەو توندوتیژییەی بەكارهێنا بێوێنەبوو (بەلای كەمەوە لەدوای ڕوخانی سەدام حسێن)ەوە، كوژران و برینداربونی سەدان كەس ئاماژە بە بونی دەوڵەتێكی دیموكراسی ناكات بەڵكو گوزارشت لەدەوڵەتێكی سەركوتكار دەكات كە بایەخ بۆ ژیانی ئینسان دانانێت.  
بەشێكی تر لەو ڕەخنە توندانەی لە عەبدولمەهدی دەگیرێن و شەقامی عەرەبی پێقاندراوە، مەسەلەی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستانە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو هەندێك لە هێزە شیعییەكانی تر كە بەتۆخی كار لەسەر ئەم دۆسییە دەكەن، ئەو وێنەیەیان گەیاندوەتە شەقامی عەرەبی و بەتایبەت شەقامی شیعی، كە عەبدولمەهدی لەسەر نان و قوتی ئەوان، لەسەر حسابی بەدبەختكردنی ئەوان موجامەلەی بەرپرسانی هەرێم دەكات و مانگانە سەدان ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بەبێ‌ ئەوەی تەنەكەیەك نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بچێتە ناو بۆری نەوتی سۆمۆ(كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق).  

لەنێوان دوو ئاگردا
وێڕای دژایەتیكردنی لەلایەن حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی و عەمار حەكیم_وە،  ئێستا عەبدولمەهدی لەنێوان دوو ئاگردایە، ئاگرێكی شەقام كە بەئاشكرا داوای ڕۆیشتنی لێدەكات لەگەڵ ئاگری بەشێك لە هێزە سیاسییەكان و ناوماڵی شیعە، كە داوای مانەوەو تێپەڕاندنی دۆخەكەی لێدەكەن، چونكە ترسی جدییان هەیە لەوەی ئەگەر ئەو دۆخە لەدەست دەربچێت، ڕەنگە زەرمەندی یەكەم شیعەكان خۆیانبن و جارێكی نەتوانن حوكمێكی سەقامگیر لە عێراق  پیادەبكەن.
زۆرینەی تێڕوانینەكان وایە، عێراقی پێش مانگی ئۆكتۆبەر و عێراقی دوای مانگی ئۆكتۆبەر جیاوازییەكی گەورەی دەبێت، ئەم دۆخە ئەگەر گۆڕانكاری گەورەش بەدوای خۆیدا نەهێنێت، ئەوا قوربانی خۆی دەبێت، دوریش نیە یەكێك لە قوربانییە گەورەكان، گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد نەبێت بۆ خاڵی سفر و دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێ‌ لەململانێ‌، جا عەبدولمەهدی بمێنێتەوە یان بڕوات.

بارزانی لەبری دامەزراوە فەرمییەكان
 لایەنە كوردییەكان غائیبێكی گەورەی ئەم دیمەنە سیاسییە نوێیەن لەعێراق، حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوی بێدەنگییان لێكردووە، تاكە كەسێك قسەی كردووە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لەبری  دامەزراوە ڕەسمیەكانی هەرێمی كوردستان پشتیوانی بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەربڕیوە و لەدیدارێكیدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە ڕایگەیاندوە: "جگە لە ڕێگەی دەستوری نابێت هیچ ڕێگەیەكی تر بۆ گۆڕانكاری هەبێت".
بەڕای بەشێك لەچاودێرانیش، دەڕبڕینی پشتیوانی زارەكی  بۆ عەبدولمەهدی لەلایەن كوردەوە  لەم كاتەدا هەستیارەدا بەس نیە، بەڵكو دۆخەكە پێویستی بەهەنگاوی كرداری و پێشنیازی جدی هەیە، لانی كەم بۆ بەهێزكردنی مەوقیفی دۆستێك كە وێڕای هەموو فشارە سیاسییەكان تائێستا ئامادەنییە دەست بۆ قوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببات. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand