Draw Media

ئەمریكا سزای بەسەر هاڵك بانكدا سەپاند

ئەمریكا سزای بەسەر هاڵك بانكدا سەپاند

2019-10-16 15:42:54


(درەو میدیا):
دادگای ئەمریكا سزای بەسەر ئەو بانكەدا سەپاند كە ساڵانێك پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا هەڵدەگیرا.
دادگای فیدراڵی ئەمریكا لە نیویۆرك سزای بەسەر (هالك بانك)ی توركیادا سەپاند، ئەو بانكەی كە پێشتر لەچوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵاتدارانی توركیا پارەو داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا هەڵدەگیرا.
دادگای ئەمریكا (هالك بانك)ی تاوانباركرد بەوەی بەشداری لە مامەڵەیەكی چەند ملیار دۆلاریدا كردووە، كە لەو مامەڵەیەدا سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێلكراوە.
ئەمڕۆ (هالك بانك) بەیاننامەیەكی لەسەر حوكمەكەی دادگای فیدراڵی ئەمریكا بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، تێیدا هۆكاری سەپاندنی سزاكە بۆ ئەو هێرشانە دەگەڕێنێتەوە كە توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستتان دەستیپێكردووە‌و دەڵێ:" ئەم تۆمەتانە بەشێكە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كانیاوی ئاشتییەوە بەسەر توركیایدا سەپاندووە".
بەپێی ئەوەی دادگای ئەمریكا ئاماژەی بۆكردووە، (هالك بانك) لەڕێگەی كۆمپانیا سورییەكان‌و بەچاودێری‌و پاراستنی دەسەڵاتدارانی ئێران‌و توركیا، نەوت‌و غازی ئێرانی فرۆشتووە‌و بەوەش خۆی لەو سزا ئابورییانە لاداوە كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
ئەم بڕیارەی دادگای ئەمریكا دژ بە (هالك بانك) هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن‌و ئەنكەرە بەهۆی هێرشی سەربازی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان.
لە یەكەمین كاردانەوەی تونددا بەرامبەر بە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزارەت‌و سێ وەزیری حكومەتی توركیادا سەپاند.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا حوكمەكەی دادگای فیدراڵی ئەمریكای دژ بە (هالك بانك) بە كارێكی نایاسایی‌و "شورەیی" ناوبرد.
(هالك بانك) ئەو بانكەیە كە لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیادا بڕیاردرا پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێیدا هەڵدەگیرا.

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand