Draw Media

روحوڵڵا چۆن دەستگیركرا ؟

روحوڵڵا چۆن دەستگیركرا ؟

2019-10-16 07:48:06


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئێوارەی رۆژی دووشەممە تەلەفزیۆنی ئێران بینەرەكانی دوچاری شۆك كرد، كاتێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا یەكێك لە نەیارە سیاسییەكانی كۆماری ئیسلامی دەردەكەوێت‌و لەلایەكیەوە ئاڵایەكی ئێران‌و لەلاكەی تر ئاڵای سوپای پاسداران دانراوە.
ئەو پیاوە (روحوڵڵا زەم) بوو، یەكێك لە دیارترین رەخنەگرەكان لە كۆماری ئیسلامی، لە تۆمارە ڤیدیۆییەكەدا داوای لێبوردن لە خەڵكی ئێران دەكات كە پشتی بە هێزی دەرەكی وەكو فەرەنسا‌و ئیسرائیل بەستووە‌و لەدژی وڵاتەكەی خۆی قسەی كردووە.

روحوڵڵا زەم كێیە ؟
روحوڵڵا زەم كێیە كە هێندە كاریگەری لەسەر بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی جێهێشتووە تا ئەو رادەیەی ناچاریكردوون سوپای پاسداران راسپێرن دەستگیری بكات ؟
روحوڵلا زەم هاوڵاتییەكی ئێرانییە، لەدایكبووی ساڵی 1973ی شاری تارانی پایتەختە، ئەو كوڕی پیاوێكی ئاینی ریفۆرمخوازی ئێرانە بەناوی (محەمەد عەلی زەم) كە لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 1990 پۆستی حكومی هەبووە لە ئێران.
ساڵی 2009 بۆیەكەمجار پەیوەندی روحوڵلا زەم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی تێكچوو، ئەوەش كاتێك بوو كە شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئێران دەستیپێكردوو، خۆپیشاندەران مەحمود ئەحمەدی نەژاد كاندیدی رەوتی پارێزگارانیان تۆمەتباركرد بە ساختكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەوكات روحوڵلا زەم یەكێك بوو لەوانەی بەشداری خۆپیشاندانەكانی كرد، هێزە ئەمنییەكان دەستگیریان كردو بۆ ماوەیەك زیندانیان كرد.
دوای ئازادكردنی بە ماوەیەك، روحوڵلا زەم توانی لە ئێران هەڵبێت، ئەو رووی لە فەرەنسا كردو لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی كرد‌و لە پاریسی پایتەخت نیشتەجێ بوو.
لە پاریس روحوڵڵا وەكو رۆژنامەنوس بە رەخنەگرتن لە كۆماری ئیسلامی دەستبەكاربوو، سایتێكی ئەلیكترۆنی دروستكرد بە ناوی "ئامدنیوز میدیا"، ئەم سایتە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلگرام كە ئێرانییەكان زۆر بەكاری دەهێنن، دەستی بە چالاكی خۆی كرد، زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 400 هەزار) كەس لەو رێگەیەوە بوون بە بینەرو خوێنەری نوسینەكانی، ئەوكات بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی سەرەكی بینیوە لەو خۆپیشاندانەكانی كە دێسەمبەری 2017ی ئێرانی هەژاندووە.
ئەوكات روحوڵلا زەم لە سایتەكەی خۆیەوە بەردەوام ڤیدیۆو هەواڵی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكان بڵاودەكردەوە، هاوكات چەندین بەڵگەنامەشی بڵاودەكردەوە كە باسیان لە گەندەڵی بەرپرسانی ئێران دەكرد، ئەمە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی زۆر توڕەكرد، تائەو رادەیەی تۆمەتباریان كرد بە رۆژنامەنوسێكی "بێ دین"‌و "دژە شۆڕشی ئیسلامی".
بەهۆی فشارەكانی ئێرانەوە، تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام ئەژماری سایتەكەی روحوڵلا زەمی راگرت، بەرپرسانی ئێران تۆمەتباریان كرد بەوەی زانیاری لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی بۆمبی بەنزینی ئاشكراكردووە، بەڵام سەرباری ئەمانە روحوڵلا توانی بە چەندین ناوی جیاوازە بگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕی تیلیگرام‌و بەردەوامی بدات بە كارو رەخنەكانی لەدژی كۆماری ئیسلامی.
مانگی مارسی ئەمساڵ، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەبارەی روحوڵلا زەم بڵاوكردەوە، كە تێیدا باسلەوەدەكرا چۆن دەزگای هەواڵگری وڵاتان چاودێری كارەكانی روحوڵلا دەكەن.
روحوڵلا هاوكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش ئەژمارێكی هەبوو كە ملیۆنان كەس فۆلۆیان كردبوو، دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لە تویتەر كرد ئەژمارەكەی رابگرن، دواجار تویتەر وەڵامی داواكارییەكەی دایەوە‌و ئەژمارەكەی روحوڵلای داخست.
روحوڵلا زەم لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تۆمەتباردەكرا بەوەی "لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری فەرەنسا لەدژی ئێران كاردەكات"، دواجار كۆماری ئیسلامی روحوڵلای دەستگیركرد، بەڵام لە تۆماری ڤیدیۆی دانپێدانانەكاندا بە هیچ جۆرێك باسی كات‌و شوێنی دەستگیركردنی روحوڵلا زەم لەلایەن سوپای پاسدارانەوەی نەكرا.
 لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین چیرۆك و سیناریۆنی جیاجیا لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردنی روحوڵڵا بڵاوكرانەوە.

روحوڵڵا چۆن دەستگیركرا ؟
رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسا چاپی پاریس، دوێنێ لەزاری ژمارەیەك سەرچاوەوە، چیرۆكی چۆنیەتی دەستگیركردنی روحوڵلا زەمی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئەو چیرۆكەی كە "لۆفیگارۆ" باسی كردووە، دەزگای هەواڵگری ئێران كچێكی گەنجی ناردووە بۆلای روحوڵلا زەم بۆ ماڵەكەی خۆی لە پاریس، ئەو ژنە وای لە روحوڵڵا كردووە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی رابەری باڵای شیعەكانی عێراق بكات لە شاری نەجەف، روحوڵڵا بەنیازی دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی سەردانی عێراق دەكات، بەر لە گەیشتی بە شاری نەجەف لەلایەن هێزێكی ئەمنی ئێرانەوە دەستگیردەكرێت‌و یەكسەر بە دەستبەسەری دەگوازرێتەوە بۆ ئێران.
راپۆرتی رۆژنامە فەرەنسییەكە باسلەوە دەكات، هێزە ئەمنییەكانی ئێران ژمارە تەلەفۆنی روحوڵڵا زەمیان دەستكەوتووە‌و لەو رێگەیەوە توانیویانە چاودێری بكەن.
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، روحوڵلا زەم لەژێر چاودێری پۆلیسی فەرەنسادا بووە‌و پۆلیس ئاگاداری گەشتەكەی ئەو بووە بۆ عێراق، بەڵام رێگری لێنەكردووە.
رۆژنامەكە دەڵێ:" پێدەچێت بەرپرسانی فەرەنسا چاوی خۆیان لە دەستگیركردنی روحوڵڵا زەم داخستبێت لەپێناو ئازادكردنی دوو هاوڵاتی فەرەنسی كە چەند مانگێكە لە ئێران دەستبەسەرن".
"لۆفیگارۆ" نوسیویەتی:" كۆشكی ئیلیزێ بەهۆی دەستگیركردنی فەریبا عادل ‌و یەكێك لە هاوڕێكانی بەناوی رۆناڵد مارشان بەتەواوەتی لەژێر فشاردایە، بۆیە گومان دەكرێت دەستگیركردنی روحوڵڵا زەم رێگای ئازادبوونی ئەو دوو كەسە بكاتەوە كە لەلایەن ئێرانییەكانەوە دەستگیركراون".
رۆژنامەكەی باسی لەوەكردووە، پێدەچێت ئازادكردنی دوو هاوڵاتییە فەرەنسییەكە، جگە لە دەستگیركردنی روحوڵلا زەم، كۆمەكێكی تریش بە ئێرانییەكان بكات وایان لێبكات داوای لە سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا بكەن رێگری بكات لە رادەستكردنی هاوڵاتییەكی ئێران بە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، كە ئەویش ئەندازیارێكی ئێرانییە‌و لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتباركراوە بەوەی سزا ئابورییەكانی ئەمریكای لەسەر ئێران پێشێلكردووە‌و بەتۆمەتی یارمەتیدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەستبەسەركراوە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand