ترەمپ 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە دەكاتەوە ؟
2019-10-15 17:44:30
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف
ترەمپ دەستبەرداری تویتەرەكەی بوو، ئەمجارە تەلەفۆنەكەی هەڵگرتو راستەوخۆ لەگەڵ كوردێك قسەی كرد، ئەو رۆژانە قسەی جیاوازو ناجۆر لەبارەی كوردەوە دەكات، رۆژێك خۆشەویستی دەردەبرێت، رۆژێكی تر بێمنەتیی، ئەمە چیرۆكی كوردە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە واشنتۆن، ئەمریكییەكان یەكەم وڵات بوون لەدوای جەنگی جیهانی دووەم بەڵێنی دروستكردنی دەوڵەتیان بە كورد دا، بەڵام بەردەوام كوردیان لە گۆرەپانەكە لەبەردەم كارەساتی مرۆیی بەجێهێشتووە، ئەم راپۆرتە وردەكاری پەیوەندی كوردو ئەمریكا روندەكاتەوە.
لە تویتەوە بۆ تەلەفۆن
دوای سێ ساڵ لە دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەمریكا، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن لەگەڵ كوردێك قسەی كرد، ئەو كوردە (مەزڵوم كۆبانێ) فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو.
ئەمە یەكەمجار بوو ترەمپ راستەوخۆ لەگەڵ كوردێك بەتەلەفۆن قسەبكات، پێشتر تەنیا لەڕێگەی تویتەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ناوی كوردی دەهێنا.
لەم مانگەدا ترەمپ لەپەراوێزی كۆبونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كەوت، لەو سەردانەدا سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاوڕێیەتی سەرۆك كۆماری دەكرد، بەڵام ئەمە زیاتر دیدارێكی عێراقیانە بوو، نەك دیداری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ كوردو لەبارەی كێشەی كوردەوە.
ترەمپ كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2018 شەوێك بەنهێنی هاتە عێراقو پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە سەربازەكانی وڵاتەكەی كرد، بەڵام لەو سەردانەدا هیچ بەرپرسێكی كوردی نەبینی، بە بەرهەم ساڵحیشەوە كە وەكو كوردێك سەرۆك كۆماری عێراقە.
ترەمپو كورد
دۆناڵد ترەمپ كۆتایی ساڵی 2016 لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربوو، كاتێك بوو بە سەرۆك وڵاتەكەی سەرۆكایەتی جەنگێكی گەورەی دەكرد لەدژی چەكدارانی رێكخراوی "داعش" لە سنوری عێراقو سوریا.
ترەمپ كە حوكمی گرتەدەست، درێژەی بە هەماهەنگی سەربازی وڵاتەكەیدا لەگەڵ كورد، هەماهەنگییەك كە سەرۆكی پێشوو (باراك ئۆباما) بناغەكەی دانابوو.
بەڵام كۆتاییەكانی ساڵی 2018 پەیوەندی نێوان ئەمریكاو كورد كەوتە بەردەم مەترسی، ئەوەش كاتێك بوو (برێت مەكگۆرك) نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی دژ بە "داعش" دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
دەستلەكاركێشانەوەی مەكگۆرك لە ناوەندی سیاسی كورددا لە هەرێمی كوردستانو رۆژئاوای كوردستان ناڕەزایەتیو نیگەرانی لێكەوتەوە، چونكە ئەو پیاوە لەماوەی كاركردنیدا توانی كورد بەشێوەیەكی بەهێز بە ناوەندی دەسەڵاتەوە لە واشنتۆن ببەستێتەوە، بەتایبەتی لە بواری هەماهەنگی سەربازی دژ بە "داعش"، هەندێكجار رۆڵی سیاسیشی دەگێڕا بەتایبەتی لە چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكی نێوان لایەنە كوردییەكان.
دواین رۆڵی مەكگۆرك كاركردن بوون بۆ جێگیركردنی بەرهەم ساڵح وەكو كوردێك لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
تا ئەوكاتە ئیدارەی ئەمریكا تەنیا لەڕێگەی برێت مەكگۆركەوە پەیوەندی لەگەڵ كورد دەبەست، بەڵام كاتێك دەستی لەكاركێشایەوە، دۆناڵد ترەمپ وتی:" من كەسێك بەناوی برێت مەكگۆرك ناناسم"، رەنگە هۆكاری ئەم قسەیە بۆ نیگەرانی ترەمپ لە هەڵوێستەكەی مەكگۆرك بگەڕێتەوە، چونكە مەكگۆرك هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بەستەوە بە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان.
دواجار رۆژی 7ی ئەم مانگە ترەمپ بڕیارەكەی خۆی خستەبواری جێبەجێكردنو سەربازانی ئەمریكای لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە، ئەوكاتیش مەكگۆرك یەكەمین كەس بوو كە لەبەرامبەر كورد هەستی بە شەرمەزاربوون كردو رەخنەی لە هەنگاوەی ترەمپ گرت، مەكگۆرك لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" دۆناڵد ترەمپ فەرماندەی باڵا نییە. بڕیاری سەرەڕۆیانە دەدات بەبێ ئەوەی زانیاری هەبێت یان تاوتوێی مەسەلەكە بكات. سەربازانی سوپا رەوانەی شوێنی مەترسیدار دەكات بەبێ ئەوەی پاڵپشتیان بكات. لەپڕ هەڵدەچێتو هاوپەیمانەكانمان جێدەهێڵێت كاتێك نەیاران فریوی دەدەن یان كە روبەڕوی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی توند دەبێتەوە..".
دوای قسەكانی مەكگۆرك شەپۆلی ناڕەزایەتی لەناوەندی سیاسی ئەمریكا دژ بە بڕیارەكەی ترەمپ دەستی پێكرد، هەموان باوەڕیانوابوو نابێت ئەمریكا دەستبەرداری كورد ببێت وەكو هاوپەیمانێكی خۆی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە دواجار ترەمپیان ناچاركرد، هەوڵی راستكردنەوەی هەڵە مێژوییەكەی بدات، ئەو دوێنێ لەژێر فشاری كۆنگرێسو ناوەندە سیاسییەكان لە واشنتۆن، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات سازداو دواتریش سزای بەسەر سێ وەزیرو دوو وەزارەتی توركیادا سەپاند بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن سوپای توركیاوە لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەریخست كورد لە ئەجێندای كاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكادا بوونی نیە، بەڵام لەناو شەقامو ناوەندە سیاسییە جۆربەجۆرەكانی ئەمریكادا پاڵپشتیكاری بەهێزی هەیە.
كورد بەپێچەوانەی وڵاتانی ترەوە، هیچ پارەیەكی ئەوتۆی لە كڕینی گروپی فشار "لۆبی" لە ئەمریكا بە خەرجنەداوە، بەڵام دەركەوت جەنگی دژ بە "داعش"و قوربانیدانی شەڕڤانانو پێشمەرگەی كورد جۆرێك "لۆبی" بۆ كورد لە ناوەندی سیاسی ئەمریكا دروستكردووە، دیمەنی كچانی رۆژئاوای كوردستان لە بەرەكانی جەنگ ئێستا وێنەو ئایكۆنی پیرۆزی كوردە لای ئەمریكییەكان.
ترەمپو ریفراندۆم
ترەمپ كاتێك رۆژئاوای كوردستانی لەبەردەم هێرشی سوپای توركیا بەتەنیا جێهێشت، ویستی سیناریۆی هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر ناوچە جێناكۆكەكان لە هەرێمی كوردستان دوبارە بكاتەوە، كە ئەوكات واشنتۆن تەنیا وەكو تەماشاكەرێك مایەوەو بێدەنگی هەڵبژارد.
بەڵام بۆ رۆژئاوای كوردستان چیتر پشتیوانەكانی كورد لە بێهەڵوێستی ئەمریكا بێدەنگ نەبوون.
(11) مانگ دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەكو سەرۆكی ئەمریكا، كورد لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆییو جیابونەوە لە عێراق.
ئەوكات هەڵوێستی فەرمی ئیدارەكەی ترەمپ ئەوە بوو كورد ریفراندۆم نەكاتو لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، بەرپرسانی واشنتۆن هۆشدارییاندا بە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان " ئەگەر هەرێم ریفراندۆم بكات، ئاكامی ریفراندۆمەكە هەرشتێك بێت، ئەوكات ئەمریكا ئامادە نییە بەرگری لە كورد بكات".
لەو ساڵەدا ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، رۆژی 22ی سێپتێمبەری 2017 ئەو پیاوە نامەیەكی بەناوی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ مەسعود بارزانی نوسی، لەو نامەیەدا داوایكرد "كورد ریفراندۆم نەكاتو جارێكی ترو بۆ ماوەی یەك ساڵ لەگەڵ حكومەتی بەغداد بكەوێتەوە گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، ئەگەر ئەوكات كێشەكان چارەسەرنەكران، ئەمریكا ئامادەیە پشتیوانی ریفراندۆمی كورد بكات بۆ سەربەخۆیی"، ئەمە بەدیلی ئەمریكا بوو بۆ دواخستنی ریفراندۆم.
بارزانی بەدیلەكەی ئەمریكای قبوڵنەكرد، كاتێك رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكانەوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان دا، ئەمریكا بێدەنگی هەڵبژاردو تەنیا تەماشای بارودۆخەكەی كرد، ئەوكات زیاتر ئەوروپیو ئێرانییەكان رۆڵیانگێڕا لە راگرتنی هێرشەكەی حەشددا.
رەنگە ئەوەی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان جیابكاتەوە ئەوەیە ئەمریكییەكان نایانەوێت لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان) گۆڕەپانەكە بەتەواوەتی بۆ روسیاو ئێران چۆڵ بكەن لەكاتێكدا هێشتا چارەنوسی قەیرانی سوریا یەكلانەبووەتەوە، سەرباری ئەمە نزیكەی (11 هەزار) دەستگیركراوی "داعش" لە گرتوخانەكانی رۆژئاوای كوردستاندا هەن، ئەمە وایكرد جیهان دژی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بوەستێتەوە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا، كە مەترسییان هەیە بەهۆی هێرشەكەوە دەستگیركراوانی داعش لە گرتوخانەكان هەڵبێنو جارێكی تر ببنەوە بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیهان.
چەند رۆژێك لەمەوپێش ترەمپ لە تویتێكدا بەراوردكارییەكی لەنێوان رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەرو دۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان كردو نوسی:" لەبیرتانە دوو ساڵ لەمەوبەر كاتێك عێراق دەیەویست لە دژی كوردەكان شەڕ بكات، زۆر كەس دەیانویست ئێمە شانبەشانی كورد دژی عێراق شەڕ بكەین، لەكاتێكدا ئێمە كەمێك پێش ئەوە لەگەڵیان لەیەك سەنگەر بووین، من وتم نا، كوردەكانیش شەڕیان نەكرد، دواجار وایانكرد. ئێستا هەمان شت لە توركیا دووبارە دەبێتەوە".
ترەمپ چۆن لە كورد تێگەیشتووە ؟
چەند رۆژێكە زۆترین قسەكانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كوردەوەیە، ئەو ماوە لەدوای ماوە لە تویتەرەكەی خۆیەوە لەبارەی كوردو دۆخی رۆژئاوای كوردستانەوە دەنوسێتو هەڵوێستەكانی جیاوازو ناجۆرن، جارێك عیشقو خۆشەویستی خۆی بۆ كورد رادەگەیەنێت، جارێكیش بێ منەتی خۆی نیشان دەدات.
دیارترین قسەكانی ترەمپ لەبارەی كوردەوە دەتوانرێت لەم دێڕانەدا كورتبكرێتەوە:
• رێگەبدەن سوریاو ئەسەد پارێزگاری لە كوردەكان بكەنو سنوری خۆیان بپارێزنو دژی توركیا بجەنگن.
• هەركەسێك دەیەوێت یارمەتی سوریا بدات لە پاراستنی كوردەكان، پێمباشە، روسیا بێت، چین بێت، ناپلیۆن پۆناپارت بێت.
• من بە ژنەڕاڵەكانی خۆمم وت بۆچی دەبێت ئێمە بەرگری لە ئەسەد بكەین و لەپێناو خاكەكەی ئەودا بجنگین.
• ئێمە 7 هەزار كیلۆمەتر لە سوریاوە دورین.
• ناچینە ناو شەڕێكی 200 ساڵەی نێوان كوردو توركیا، بەڵام سزای گەورە بۆ توركیا بەڕێوەیە.
• كوردەكان، دەیانەوێت بە ئازادكردنی هەندێك لە داعشەكان، ئێمە راپێچی شەڕەكە بكەن.
• من كوردەكانم خۆشئەوێ لەبەرئەوەی ئازان.
• كورد لە جەنگی جیهانی دووەمدا یارمەتی ئێمەی نەداوە.
• كورد لە جەنگی نۆرماندی یارمەتی ئێمەیان نەدا.
• كورد كە لەگەڵ ئێمە لەدژی داعش شەڕی كردووە لەپێناو خاكەكەی خۆیدا شەڕیكردووە.
• ئێمە پارەی زۆرمان بۆ كوردەكان خەرجكردووە.
• بەهەموو ئەمانەشەوە ئێمە هەر كوردمان خۆش ئەوێ.
كورد لە ئەجێندای ئەمریكادا
كورد ئێستا گەورەترین گروپو كۆمەڵەی ئەتنی-یە كە لەجیهاندا بێ دەوڵەتە، لە دێرزەمانەوە دوای دروستبوونی دەوڵەتو نەخشەی سنورەكان، كورد لەسەر خاكەكەی خۆی دابەشكراوە بەسەر وڵاتانی عێراقو ئێرانو توركیاو سوریا، هەندێكی تر پەڕاگەندە بووە بۆ وڵاتانی ئەرمینیاو جۆرجیاو ئازەربایجان.
لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە (1914- 1918) كورد خەونی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی لا دروستبووە، بۆ ئەمەش لەپاڵ هەوڵو قوربانیدانەكانی خۆیدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام چاوی لە زلهێزەكانی وەكو ئەمریكاو روسیا بووە خەونەكەی بۆ بەدیبهێنن.
(تۆماس وودرو ویڵسۆن) كە (28) هەمین سەرۆكی ئەمریكا بوو لەماوەی ساڵانی (1913 بۆ 1921) یەكەمین سەرۆكی ئەمریكا بوو كە بەڵێنی دا دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كورد دروست بكات، بەڵام ئەو رۆیشتو سەرۆكەكانی دواتری ئەمریكا بەڵێنەكەیان پشتگوێ خست.
لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیشدا (1939 بۆ 1945) دەرفەتێكی تر بۆ كورد هاتەپێشەوە، جۆزیف ستالین بەڵێنیدا دەوڵەتێك بۆ كورد دروستبكات لەسەر خاكی ئەو بەشەی كوردستان كە كەوتبووە بندەستی رژێمی شاهەنشاهی ئێران، بەڵام ئەویش هەرزوو لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكێك لە نەوتی ئێران لە بەڵێنەكەی پاشگەزبووەوەو پێشەوا قازی محەمەدو كۆمارەكەی (كۆماری كوردستان) خستەبەردەم پەتی سێدارەی رژێمی شاهەنشاهیی.
حەفتاكانی سەدەی رابردوو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ریچارد نیكسۆن (37)هەمین سەرۆكی ئەمریكا دەرفەتێكی تر بۆ كورد هاتەپێشەوە، ئەوكاتیش بەهەمان شێوەی ئێستا ئەمریكییەكان دەستبەرداری كوردبوونو شوڕشی كورد لە عێراق دوچاری نسكۆ هات.