Draw Media

پارلەمانی كوردستان 12 راسپاردەی بەبێ ناوهێنانی توركیا پەسەندكرد 

پارلەمانی كوردستان 12 راسپاردەی بەبێ ناوهێنانی توركیا پەسەندكرد 

2019-10-15 14:15:39


درەو میدیا:
پەرلەمانی كوردستان  لە كۆبونەوەیەكدا 12 راسپاردەی لەسەر بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان پەسندكرد و بەیەك وشە ناوی توركیای نەهێنا.
دوای یەك هەفتە لە دەستپێكردنی لەشكركێشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا دوای وتاری سەرۆكی فراكسیۆنەكان و گفتوگۆی پەرلەمانتاران، 12 راسپاردەی لەسەر بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان پەسەندكرد بەدەنگی (96) پەرلەمانتار، لەكۆی (97) پەرلەمانتاری ئامادەبوو، واتا تەنها یەك پەرلەمانتار دەنگی بە راسپاردەكان نەدا كە ئەویش ( ئەبوبەكر هەڵەدنی) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو، لە نوسینێكدا بەناوی( بۆ دەنگم نەدا بەڕاسپاردەكانی ئەمڕۆی پارلەمان!؟؟) ئەبوبەكر هەڵەدنی هۆكاری دەنگنەدانی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی"بەهیچ شێوەیەك لەڕاسپاردەكاندا ناوی سوپای توركیا نەهاتوە،لەكاتێكدا بەقورسترین وپێشكەوتووترین چەكی سەربازی ڕووبەرووی گەلێكی سڤیل بۆتەوە كەلەسەر خاكی خۆی دەژی وداوای كەرامەت وئازادی خۆی دەكات"
 

په‌رله‌مان 12 راسپارده‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان په‌سندكرد
هەڵوێست و راسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر رەوشی رۆژئاوای کوردستان
1ـ پەرلەمانی کوردستان دژە شەڕە و داوا دەکەین هەرچی زووە شەڕ و لەشکرکێشی و ململانێی سەربازی کۆتایی پێبهێنرێت و لەبری ئەوە پشتیوانی بژاردەی چارەسەری ئاشتییانەین و دەخوازین لە رێگای دیالۆگەوە کۆتایی بە ناکۆکیەکان بهێنرێت. 
2ـ وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی هیرش و لەشکرکیشی و بە ئامانجگرتن و پەلاماری سەر هاولاتیان، داواکارین سەروماڵ و گیانی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان پارێزراو بێت. 
3ـ پەرلەمانی کوردستان لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بەرمەبنای ڕێکەوتتنامە نێودەوڵەتیەکان، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە هەرێمایەتی و نێوەدەوڵەتییەکان دەکات، هەوڵ و توانایان چڕتر بکەنەوە و گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان زیاتر بکەن بەئاراستەی کۆتایی هێنان بەو شەرو لەشکرکێشیەی کە ئیستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە. 
4- حکومەتی هەریمی کوردستان رادەسپێرین تاوەکو لە چوارچیوەی تواناکان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ریکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان ئامادەسازی تەواو بکات بۆ پیشوازی و حەواندنەوە و بە دەمەوە چوونی ئەوپەنابەرانەی کە بەهۆی شەڕو ململانێکانی ئێستای ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستانەوە ڕوو لەهەریمی کوردستان دەکەن. 
5- داوا لە بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکەین ، وێڕای چرترکردنەوەی هەولە دیپلۆماسییەکان و هەماهەنگی لەگەل حکومەتی فیدرال، کاری زیاتربکات بۆ یەکخستنی هەلویستی تەواوی لایەنە سیاسیە بەڕێزەکانی هەریمی کوردستان بە ئاراستەی پشتیوانیکردن لە بژاردەی ئاشتیانە.
6- داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین ، هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان بێت بە دابینکردنی بەشێک لە بودجەی (گواری)بۆ فریاکەوتن و حەواندنەوەی ئاوارەکان، چونکە هاوکاری و بەدەمەوەچوونی پەنابەری نوێ و ئیدارەدانی ئاوارەو پەنابەرانی ئێستای ناو کامپەکانی هەریمی کوردستان ، بارگرانیەکی دارایی گەورە دەخاتە سەر هەرێمەکەمان و لە تواناکانمان زیاترە. 
7- داوا لە سەرجەم ئەو کونسولخانەو نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییانەی ولاتان دەکەین کە لەهەریمی کوردستانن، حکومەتەکانیان لەو دۆخەی ئیستای رۆژئاوای کوردستان بە وردەکاری رووداوەکانی و لێکەوتە ناوخۆیی و هەریمایەتی و جیهانییەکانی ئاگادار بکەنەوەو هەوڵ و توانا و گوشارە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ململانێی سەربازی و ماڵوێرانی خەلکی سڤیل و ئاوارە بوونیان، زیاتر بکەن و هەموو لایەنە ناکۆکەکان بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی هانبدەن. هاوکات داوایان لێدەکەین کە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان بن بۆ بەدەمەوە چوونی ئاوارەو پەنابەران. 
8- پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتیکی نیشتیمانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی و بەدەمەوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان رادەگەینێت و لە روانگەی ئەرکی نیشتیمانی و مرۆیی و نەریتی کوردستانیانەمانەوە، داخوازیمان ئەوەیە خەڵکی کوردستان وەک نەریتیکی مرۆدۆستانەی کوردستانیانە، ئەوەی لە توانایاندایە لە ریگای ریکخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە ، بەدەم ئاوارەو پەنابەرانەوە بچن . پەرلەمانتارانی کوردستان بەشدارن لەم هەلمەتە نیشتیمانییە. 
9- پەرلەمانی کوردستان نیگەرانییەکی قوڵی هەیە لەوەی ئاراستەی رووداوەکان و کاری هێزەچەکدارە توندرەوەکان بە جۆرێک بن کە دۆخی نەخوازراو و ناهەمواری عەفرین و پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کارە دژە مرۆڤایەتییەکانیان و بە تالان بردنی سەرو ماڵی هاولاتیان و گٶڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دووبارە بکەنەوە. پیویستە هەموو هەولەکان بەو ئاراستیە بن کە رێ لەم هێزە چەکدارانە بگیریت تا دۆخی سەری کانێ و گرێ سپی و کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە وەک عەفرین لێ نەکەن. 
10- گەلی کورد و گەلانی دیکەی سوریا، مافیکی سروشتی و یاسایی و دیموکراسییانەی خۆیانە ، لە چوارچیوەی هەولە دیپلۆماسییەکانی چارەسەری دۆخی گشتی سوریا بە ئاراستەی جنێڤ وئاراستەی ئاستانە و بریارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا، لە هەر ریککەوتنێک بۆ دۆخی سوریای دوای شەر ، مافی نەتەوەیی و هاولاتی بوون و یەکسانی و دادپەروەری لە ئەرک و مافیان لە دەستوری نویی سوریا و شیوەی حوکمرانی لە چوارچیوەی سوریادا بچه‌سپێت.
11- پەرلەمانی کوردستان داوا لەسەرجەم هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ململانیی حیزبی و ئایدیۆلۆژی تەسک بە لاوە بنێنن و قۆناغێکی نویی کاری پیکەوەیی و خەباتی بەرەیی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی بالای خەلکی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێبکەن و لە سەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی و دیالۆگ و پێکەوە ژیان و وەستانەوە دژی تیرۆر ، خەباتی گەلی کوردستان لەرۆژئاوای کوردستان زیاتر پێشبخەن و لاپەرەیەکی نوێ هەلبدەنەوە. 
12- پەرلەمانی کوردستان سەرنجی کۆمەلگای نێوەدەولەتی بۆ ئەو راستییە رادەکیشیت کە رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی هیزەکانی هاوپەیمانی نێودەولەتی و ئەو لەشکرکیشی و ناسەقامگیریەی کە لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئارا، هەموو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر و شکاندنی ئەفسانەی داعش لە ناو دەبات و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریستانی دیکە زیاتر دەکات و بەوەش جاریکی دیکە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەریمایەتی و جیهانی دەکەویتەوە بەر مەترسی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand