سزاكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەستیانپێكرد
2019-10-15 06:33:51
درەو میدیا:
سەرۆكی ئەمریكا سزا بەسەر سێ وەزیری توركیادا دەسەپێنێت و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە ئەنجام دەدات
وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا واژۆی لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا كردووە و هەرسێ وەزیرانی (خەلوسی ئاكار بەرگری، سولەیمان سۆیلۆ ناوخۆ، فاتح دۆنمار وزەو سەرچاوەی سروشتی) حكومەتی ئەو وڵاتەی سزاداوە.
لە راگەیێندراوێكیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، فەرمانی سەرۆكایەتییان بەدەستگەیشتووە بۆ جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر توركیا، كە سزاكان سێ بەرپرسی باڵای توركیای گرتووەتەوە لە نێویاندا وەزیری بەرگریی و وەزیری وزەی توركیا هەن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، سەرۆك ترەمپ لەگەڵ فەرماندەی كورد و هەسەدە، مەزڵوم كۆبانێ، قسەی كردووە، مەزڵوم كۆبانێ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، توركیا تاكو ئێستا نەیتوانیووە لەو30 كیلۆمەترەی ناوچەی ئارام كە دانرابوو تێپەڕ بكەن.
بوتەی مایك بێنس ترەمپ دواتر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا قسەی كردووە، سەرۆكی ئەمەریكا بە روونی داوای كردووە دەبێت هێرشەكان بوەستێنرێت و ئاگر بەست رابگەینرێت و دووپاتی كردووەتەوە دەبێت دانووستان هەبێت كێشەكان لەو رێگایەوە چارەسەر بكرێن.
هاوكات لینزی گراهام سیناتۆری كۆمپارییەكانی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ترەمپ پەیوەندی بە مەزڵوم كۆبانیەوە كرد، دڵنیای كردووە هەموو شتێك دەكات بۆ ڕاوەستانی هێرشی توركیا و بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێت كە بۆ هەموو لایەك بەسوود بێت".
لینزی گراهام ئاماژەی بەوەشكردووە" ترەمپ ئەیەوێ كۆتایی بەم خوێنڕێژیە بێت، دەیەوی نیگەرانیەكانی توركیا بڕەوێنێتەوەو دڵنیاییش بداتە كوردەكان كە پشتگوێنەكخراون"