رێككەوتنەكەی رۆژئاوای كوردستان چۆن كرا؟
2019-10-13 20:47:29
درەو میدیا:
بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان، بە ناوبژیوانی بەرهەم ساڵح و ئاگاداری راستەوخۆی روسیا لەگەڵ دیمەشق گەیشتنە رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ رۆژئاوای كوردستان، چتوەڕەوان دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان رابگیرێت.
لە بەیاننامەیەكدا رێڤەبەری خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە رێككەوتنیان لەگەڵ سوریا و روسیا راگەیاند "گەیشتووینەتە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی سووریا.. تاوەكو سووپای سووریا بە درێژایی سنووری سووریا و توركیا جێگیربكرێت، بۆ ئەوەی هاوكاری هێزەكانی سووریای دیموكرات بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی كە سوپای توركیا و بەكرێگرتەكانیان كۆنترۆڵیان كردووە".
مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەمریكییەكانی راگەیاندوە" ئەگەر واشنتۆن كوردانی سوریا لە هێرشی توركەكان نەپارێزێت، ئەوا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و روسیا رێكدەكەون "
ووردەكاری رێككەوتنەكەی رۆژئاوای كوردستان :
🔷 بەئامانجی رێگریکردن لە هێرشی تورکیا، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریادا کرا کە ئەرکی سەرشانێتی پارێزگاری لە سنوری وڵات و سەروەری سوریا بکات.
🔷 ئەم رێککەوتنە ئامانج لێی چونەناوەوەو بڵاوبونەوەی سوپای سوریایە بەدرێژایی سنوری سوریاو تورکیا، هاوتا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، بۆ رێگرتن لەو دەستدرێژییەو ئازادکردنی پاشماوەی ئەو ناوچانەی تر کە سوپای تورکیاو مورتەزەقە بەکرێگیراوەکانی چونەتە ناوییەوە.
🔷 ئەم رێککەوتنە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت هەموو خاکە داگیراوەکانی تری سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە ئازادبکرێن، وەکو عفرین و ناوچەکانی تر.
🔷 پرۆژەی خۆبەڕێوەبەرێتی سیاسی لە باکورو خۆرهەڵاتی سوریا داوای جیابونەوە ناکات، بەڵکو لە رابردوو و ئێستاشدا هێشتا داوای دیالۆگ و چارەسەری قەیرانی سوریا دەکات بەشێوەیەکی ئاشتیانە و هەرگیز هەڕەشەو دەستدرێژی نەکردوەتە سەر وڵاتانی دراوسێ تەنانەت تورکیاش، لەکاتێکدا ئەو هێشتاتۆمەتبارمان دەکات بە تیرۆر ەکاتێکدا خۆی لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە رۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی تیرۆردا.
چۆن رێككەوتن؟
چەند رۆژێكە گفتوگۆی چڕ هەیە لە نێوان بەرپرسانی هەسەدەو روسیا بە نێوەنگیری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ گەییشتن بە رێككەوتن و بەرگرتن لە داگیركاری سوپای توركیا.
بەپێی بەدواداچوونەكانی ( درەو میدیا ) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستی كەوتووە، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا پەیوەندی چڕو پڕ لە نێوان بەرپرسانی بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقدا هەبووە.
زانیاریەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرەتا ( دیمەشق) رازی نەبووە بەو رێككەوتنە، چونكە پێیان وابووە بەرپرسانی كورد خیانەتیان كردووەو هێزەكانی ئەمریكایان هێناوەتە خاكی سوریاوە، هەروەك فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ رۆژنامەی (وەتەن)ی راگەیاندبوو" كوردەكان هەموو شتێكیان دۆڕاند، بەڵام پێویستە خۆیان نەدۆڕێنن".
دواتر بەرهەم ساڵح چەند جارێك پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای سوریاوە دەكات و بۆ رازیكردنیان بە رێككەوتن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری، پێشتر بەرهەم ساڵح لە رێگەی پەیوەندیەكانیەوە بە سەرۆكی میسر و سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی و پادشای سعودیەوە هەوڵی گەراندنەوەی كورسیەكەی سوریای داوە بۆ كۆمكاری عەرەبی و ئەوانیش رەزامەندیان لەسەر داوە. دواجار بەرپرسانی سوریا بە رێككەوتن رازی دەبن.
دواتر چەند جارێك لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە قسە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەكات و پرۆژەیەك دەخاتە بەردەمیان بەمەبەستی رێككەوتن، چونكە سەرۆك كۆماری عێراق پێی وابووە كلیلی رێكەوتن لەگەڵ دیمەشق "مۆسكۆ"یە، بۆیە دواجار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فلادمیر پۆتن سەرۆكی روسیا دەكات و رازی دەكات بەو رێككەوتنە، سەرئەنجام ئەمڕۆ هەموو لایەنەكان رێككەوتن و سوریا هێزی بەرەو منبج و كۆبانی جوڵاند.
بۆ پشت راستكردنەوەی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی سالار مەحمود راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق نوسیویەتی" سەرۆككۆماری عێراق لەم هەفتەیەدا هەوڵی خۆیدا، بۆیە غەریب حەسۆ هاوسەرۆكی تەڤدەم لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا هەوڵەكانی سەرۆككۆماری بەرزنرخاند"
رێككەوتنەكە چۆن دەبێت؟
سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان خۆسەر و دیمەشق، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی تەڤدەم رایدەگەیێنێت، رێككەوتنی هەسەدە و سوپای سووریا تەنها سەربازییە و پەیوەندی نییە بە چارەنووسی دەسەڵاتی خۆجێی و بەڕێوەبردنی شار و شارۆچكەكان لە رۆژئاوا.
رێككەوتنەكە بەجۆرێكە كە لەسەرەتادا تەنها رێككەوتنێكی سەربازی بێت بەڵام لە داهاتوودا خۆی لە رێككەوتن لە بواری ( ئیدارە، نەوت، چەك و بواری سەربازی، پەیوەندییەكان)دەبینێتەوە و لە داهاتوودا تەواوی رێككەوتنەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سوپای سوریا بە هاوكاری سوپای روسیا دەچنە شارەكانی رۆژئاوای كوردستان، سەرەتا دەچنە شارەكانی ( منبج ، كۆبانی، عەین عیسا )، دواتر بۆ شارەكانی تری رۆژئاوای كوردستان، بەپێی رێكەوتنی نێوانیان سوپای سوریا روبەرووی سوپای توركیا دەبێتەوەو هاوشانی هەسەدە شەڕ دەكات و رێگری لە هاتنی سوپای توركیا دەكات، واتا بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی هەسەدە بەچەكی خۆیانەوە لەگەڵ سوپای سوریا هاوئاهەنگی دەكەن بۆ روبەرووبونەوەی سوپای توركیا بە پشتیوانی روسیا.
سەبارەت بە هەڵوێستی توركیاش لەسەر رێككەوتنی نێوان سوریا و خۆسەری، چاوەڕەوان دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی رابگرێت، ئەویش دوای جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەی، كە داگیركردنی ( گرێ سپی و سەرێ كانیە)، ئەگەر سوپای توركیا توانی ئەو دوو شارە رابگرێت ئەوا ئۆپەراسیۆنەكەی رادەگرێت.
هەروەك روسیا و حكومەتی سوریاش هیچ هێزێك بۆ ئەو دوو شارە نانێرن، واتا بە سوریا و روسیا بە ئاگاداری ئێرانیش رازین بە داگیركردنی ئەو دوو شارە لەلایەن سوپای توركیاوە، بۆیە رێككەوتنەكە دڵرازیكردنی توركیاشی تیایە.