Draw Media

جێگرانی سەرۆك.. نە شوێنیان دیارەو نە دەسەڵات

جێگرانی سەرۆك.. نە شوێنیان دیارەو نە دەسەڵات

2019-10-05 18:19:26


راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
نزیكەی مانگێكە وەكو جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا شوێنی كاركردن‌و دەسەڵاتەكانیان دیارنییە‌و لە دیدارە سیاسییەكاندا لە تەنیشت سەرۆكی هەرێمەوە دەرناكەون، كۆسرەت رەسوڵ 12 ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بوو، بەڵام لە سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەش دەرنەكەوت، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟

هاتنەخوارەوەی لە سەری رەش 
نزیكەی چوار مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام هێشتا بینای نوێی سەرۆكایەتی هەرێم دیارنییە.
لەدوای دروستكردنی دامەزراوەكەوە لە ساڵی 2005، بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەری رەش بووە، مەسعود بارزانی كە 12 ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو، دوای وازهێنانی لە پۆستەكەی، بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای نەكرد.
نێچیرڤان بارزانی كە دووەم سەرۆكە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، دوای (14) ساڵ دەیەوێت بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لەسەری رەش بهێنێتە خوارەوەو لەناو شاری هەولێر جێگیری بكات.

سەرۆكێكی بێ بارەگا
بەر لە سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كاركردن بۆ ئامادەكردنی بارەگایەك بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دەستیپێكرد.
لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لابرد، نێچیرڤان بارزانی كە خۆی ئەندازیاری دروستكردنی ئەو وەزارەتە بوو، ئێستا دەیەوێت بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكات بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، تیمێك دەستیانكردووە بە ئامادەكردن‌و نۆژەنكردنەوەی بینای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە دەكەوێتە سەر شەقامی (40 مەتری) بەرامبەر كونسوڵخانەی توركیا، بەڵام دوای چوار مانگ هێشتا سەرۆك بێ بارەگایە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی بینای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت شتێكی جیاوازو سەرەنجڕاكێش بكرێت، نێچیرڤان بارزانی بە سروشتی خۆی وا ناسراوە حەزی لە خۆشگوزەرانی‌و بایەخدانە بە پرۆتۆكۆڵ.
تائێستا نازانرێت بڕی چەندێك پارە لە ئامادەكردنی بارەگا بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بە خەرجدراوە‌و لە داهاتوودا چەندی تری تێدا خەرجدەكرێت. 

جێگری بێ جێگە !
دوای نزیكەی دوو مانگ چاوەڕوانی، دواجار رۆژی (8)ی ئەیلول نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دەستبەكاربوونی بۆ هەردوو جێگرەكەی (جەعفەر شێخ مستەفا- مستەفا سەید قادر) دەركرد.
بەڵام دوای نزیكەی مانگێك لە دەستبەكاربوونیان، تائێستا نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێمی دیارینەكردووە، سەرباری ئەمە سەرۆك و جێگرەكانی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە.
جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم تەنیا كێشەی دەسەڵاتیان نییە، بەڵكو كێشەی شوێن و جێگاشیان هەیە، لەدوای دەستبەكاربونیانەوە بە فەرمی تائێستا یەكجار بەفەرمی لەبەردەم میدیاكاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا دەركەوتوون، ئەوەش لەسەردانەكەی ئەمدواییەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقدا بوو بۆ شاری هەولێر.
(درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندی بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمەوە كرد، ئەو ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، تەنیا وتی:" بۆ ئەو بابەتانە بڕۆن پرسیار لە فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن".
(درەو میدیا) پەیوەندی بە مستەفا سەید قادر جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێمەوە كرد، بەبەهانەی ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلدایە وەڵامی پرسیارەكانی نەدایەوە، لەكاتێكی تردا پەیوەندی پێوەكرایەوە، وەڵامی تەلەفۆنەكەی نەدایەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی زۆربەی كاتەكانی لە دەرەوەی وڵات بەسەر دەبات، بەر لە پشووی جەژنی قوربان سەرۆكی هەرێم بۆ ماوەی مانگێك لە دەرەوەی وڵات بوو، نە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نە میدیاكانی پارتی هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گەشتەكەی سەرۆكی هەرێم بڵاونەكردەوە، ئەوكات سەرچاوەیەكی نزیك سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی بە گەشتێكی خێزانی چوەتە دەرەوەی وڵات.
هەندێك سەرچاوەی سیاسی باڵا كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی ئامادەنەبوونی بینای سەرۆكایەتی هەرێمەوە باسیان لە بوونی ناكۆكی كرد لەناو بنەماڵەی بارزانی كرد، بەڵام ئامادەنەبوون وردەكاری بابەتەكە باس بكەن.
ئێستا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە میدیاكانی پارتیدا زیاتر مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك رۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت هێشتا میدیاو بەرپرسانی پارتی دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ بارزانی بەكاردەهێنن، دیدارە سیاسییەكانی مەسعود بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی زیاترە‌و "بارەگای بارزانی" بە تەواوەتی شوێنپێی بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لەقكردووە، كە لە هەمان بینای سەرۆكایەتی هەرێمدایە لە سەری رەش.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟
ساڵی 2005 كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دروستكرا، بەپێی یاسا سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لە ساڵی 2005وە بۆ ساڵی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێم بوو.
لەماوەی 12 ساڵدا كە جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، كۆسرەت رەسوڵ لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەش دەرنەكەوت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لەناو بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم شوێنێكی بچوك بۆ جێگری سەرۆك دیاریكراوە، بۆیە كۆسرەت رەسوڵ لەو شوێنە دەوامی نەكردووە‌و خانوەكەی خۆی لە شاری هەولێر كردووە بە بارەگای جێگری سەرۆكی هەرێم، ئەمە سەرباری ئەوەی لەو ماوەیەدا زۆربەی كات پارتی‌و یەكێتی ناكۆكیان هەبووە لەنێوانیان‌و كاریگەری لەسەر كاركردنی كۆسرەت رەسوڵ هەبووە وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم.
ساڵی 2013 لەسەروبەندی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی بەمەبەستی بەشداریكردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەو شاری هەولێر بەڕێكەوت، بەڵام هێزێكی سەربە پارتی رێگری لێكرد بچێتەناو هەولێرەوە، ئەوە لەكاتێكدا بوو كۆسرەت رەسوڵ سەرباری پۆستە حزبییەكەی پۆستێكی حكومی هەبوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، واتە جێگری مەسعود بارزانی بوو.
ئەمساڵ كاتێك بڕیاردرا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نوێبكرێتەوە، یاساكەی بەجۆرێك هەمواركرا كە سەرۆك دوو جێگری هەبێت، واتە جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیادكرا، كۆسرەت رەسوڵ 12 ساڵ جێگربوو بەڵام جێگە‌و بارەگای تایبەتی نەبوو، جەعفەر شێخ مستەقا‌و مستەفای سەید قادر نزیكەی مانگێكە جێگرن‌و بارەگایان نییە، دیارنییە ئاخۆ مێژووی خۆی دوبارە دەكاتەوە ؟

رێگایەكی سەخت
مستەفا سەید قادرو جەعفەر شێخ مستەفا بۆ ئەوەی بگەن بە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رێگایەكی سەخت‌و دژواریان بڕی، حزبەكانیان واتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەی نزیكەی (8) مانگ لە گفتوگۆی چڕدابوون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
سەرەتای دانوستانەكان، بزوتنەوەی كردبووی بە مەرج لەسەر پارتی كە دەبێت سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و جێگرەكەشی لای گۆڕان بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی داوای دەكرد دەبێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێت‌و جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و بدرێت بە یەكێتی، دواجار پارتی پێشنیازەكەی یەكێتی قبوڵكرد. یەكێتی سەرباری ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی جێگری پێدرا، ئەمە لەكاتێكدابوو پێشتر سەركردایەتی پارتی بڕیاریدابوو ئەگەر یەكێتی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنەدرێت.
بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی حكومەت هیچ پۆستێكی جێگری پێنەدرا، تاكە ئومێدی سەرۆكایەتی هەرێم بوو، بەڵام لەوێش پێگەی لاوازكراو جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادكرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand