Draw Media

مەسرور بارزانی: لەگەڵ كاك قوباد گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتن

مەسرور بارزانی: لەگەڵ كاك قوباد گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتن

2019-10-02 18:30:09


درەو میدیا:
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا باسی لە كێشەكانی نێوان خۆی و قوباد تاڵەبانی كردووەو وتویەتی" هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لێكتێگەیشتن هەیە"
بەشێك لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتكرا بە قسەكردن لە سەر ئەو نیگەرانیانەی كە لایەنەكان بەتایبەتیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیەتی لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دیمكراتی كوردستان و پێنەدانی دەسەڵات بە قوباد تاڵەبانی.

ئەزمونی رابردوو دوبارە نابێتەوە
وەزیرێكی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی رایگەیاند" لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی زۆر بە روونی قسەیكردووەو وتویەتی"با بۆ هەموو لایەك روون بێت كە یەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەو نایانەوێت ئەزمونی رابردوو دووبارە بكەنەوە كە حكومەتێك لە سلێمانی و حكومەتێكیش لە هەولێرو دهۆك بێت"
سەبارەت بە پێنەدانی دەسەڵات بەقوباد تاڵەبانی مەسرور بارزانی باسی لەوە كردووە" بەپێی یاسا دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی دیاریكراوە، هەرگیز جارێكی تر ئەو دەسەڵاتانەی پێنادرێتەوە كە لە كابینەكانی پێشوو پێی دراوە، بەشێك لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی پێشوو دراوە بە قوباد تاڵەبانی، لەبەر خاتری مام جەلال بوەو بەشێكیشی بەهۆی بارودۆخی شەڕو دڵرازیكردنەوە بووە، بۆیە هەرگیز ئەو ئەزمونە روناداتەوە كە دەسەڵات دابەشبكرێت لە نێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی"

كێ حساب بۆ قسەی قادر عەزیز دەكات!
سەبارەت بە قسەكانی قادر عەزیز ئەندامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندبوو قوباد تاڵەبانی نیگەرانیەكانی گەیاندۆتە مەكتەبی سیاسی"  مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی" نیگەرانی خۆم بە كاك قوباد راگەیاندووە لەسەر ئەو لێدوانە، بەڵام كاك قوباد پێی راگەیاندم كە قسەكانی قادر عەزیز قسەی فەرمی یەكێتی نیەو  كەس حساب بۆ قسەی قادر عەزیز ناكات" 
مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەی قسەكانی لە زاری قوباد تاڵەبانیەوە كردووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هیچی رەتنەكردۆتەوە، بەسەر لەقاندن راستی قسەكانی مەسرور بارزانی سەلماندووە. 

مەسرور بارزانی هۆشداری پێداون!
لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی هۆشداری داوەتە ئەندامانی كابینەكەی و جەختی كردۆتەوە كە " كە ئەمە یەكەم ئەزمونی حكومەتداریمە نامەوێ لەبەر خاترانەو حزبیانە ئەزمونی حكومەتداری خۆم ناشرین بكەم، من یاسا جێبەجێ دەكەم، بۆیە هەر گلەیی و نیگەرانیەكتان هەیە لە دەسەڵاتەكانتان، بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و یاسای وەزارەتەكانتان، پێویست ناكات بیبەنە مەكتەبی سیاسیەكانتان چونكە ئێستا ئێوە ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانن و نوێنەری حكومەتن نەك حزب"  
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی سەرەتای رەواندنەوەی گرژی و نیگەرانیەكانی یەكێتیە لە پارتی، كە بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكانی نێوانیان و پێنەدانی دەسەڵات بە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی درووست بوبو. 

 پێشینەیەك
یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و 72 رۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی جێگیرو سەقامگیر نەبووە‌و (6) پۆست هەن كە پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆست هەن كە پڕكراونەتەوە‌و كێشەی دەسەڵات‌و ئەركیان هەیە.

پۆستە پڕنەكراوەكانی یەكێتی
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) لە كابینەی نوێدا (6) پۆست هەن كە هێشتا پڕنەكراونەتەوە، كە ئەمانەن:
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە.
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەم پۆستە بەر یەكێتی كەوتووە‌و (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە.
•    پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، ئەم پۆستەش بەر یەكێتی كەوتووە‌و (ئیسماعیل مەحمود) كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی، بەڵام رەتیكردۆتەوە. 
•    پۆستی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و هێشتا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە.
•    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەم پۆستە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە‌و (شوان قلیاسانی  ) كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە، ئەم پۆستە پێویستی بە دەكردنی یاسایەك هەیە لە پەرلەمانی كوردستان.
•    پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم پۆستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوو دورخراوەتەوەو كراوە بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێدەچێت لەم كابینەیەدا ئەم پۆستە ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی نەوت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، هەندێك زانیاری تر هەن باسلەوە دەكەن رەنگە بەیەكجاری پۆستەكە لاببرێت‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدات.
جگە لەو (6) پۆستەی كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە، (2) پۆستێكی تر هەن لە كابینەی نوێدا كە پڕكراونەتەوە، بەڵام كێشەیان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی)‌ تا ئێستا دەسەڵاتەكانی دیاری نەكراوە، پۆستی وەزیری هەرێم بۆكاروباری نێوان هەرێم و بەغداد (خالید شوانی) كە تا ئێستا ناونیشانی ئەو پۆستە دیارینەكراوە
قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جاری دووەم لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە، پۆستێك كە ئێستا كێشەی دەسەڵاتی هەیە.

قوباد تاڵەبانی بەدەسەڵاتی كەم رازیە؟
تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا.
قوباد تاڵەبانی دەنگی زۆری هێنا، بەڵام دەسكەوتی كەمی چنییەوە، ئەو ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیارنین، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكەوتووە، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە كە لە كابینەی پێشوودا دەسەڵاتی زۆری بە قوباد تاڵەبانی دابوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت نایەوێت هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە قوباد تاڵەبانی بدات..
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بەروونی ئەوەی بە گوێی قوباد تاڵەبانیدا داوە كە ئەو دەسەڵاتانەی پێشووی پێناداتەوە، بۆیە دواجار رەنگە قوباد تاڵەبانی بە كۆت و بەند و دەسەڵاتە دیاریكراوەكەی مەسرور بارزانی رازی بێت و كۆتایی بە نیگەرانی و سكاڵاكانی بێنێت كە دەیخستە بەردەم مەكتەبی سیاسی حزبەكەی.  
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand