Draw Media

كورد بە چوار لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی كەركوك دەكات 

كورد بە چوار لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی كەركوك دەكات 

2019-10-02 15:00:21


درەو میدیا:
د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك و ئەبوشەهاب پارێزگاری پێشوتری كەركوك ( ئیدارەی سلێمانی) دوو لیستی جیای سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك درووست دەكەن، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی هەیە لە پاڵپشتیكردنی پارتی لە لیستەكەی د. نەجمەدین كەریم و پارتیش دڵنیایی دەدات كە لیستی سێبەریان نابێت. 
چاوەڕەوان دەكرێت كورد بە چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكات ( لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، لیستەكەی د. نەجمەدین كەریم، لیستەكەی ئەبو شەهاب، لیستی نەوەی نوێ) 

ترسی یەكێتی لە نەجمەدین كەریم؟   
د. نەجمەدین كەریم  ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارێزگاری پێشووی كەركوك ( 2011 – 2017 )، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو لە پارێزگای كەركوك،  لەكۆی ( 209 هەزارو 964 ) دەنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو پارێزگایە، بەتەنها ( 150 هەزارو 84 )دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی ( 71.5%)ی دەنگەكان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی ( درەو میدیا) لەدوای پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش كە 16 پارت و لایەنی سیاسی لەخۆ دەگرێت، د. نەجمەدین كەریم  جموجوڵەكانی بۆ درووستكردنی لیستی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە زۆرێك لە حزب و كارەكتەرە  سیاسیەكانەوە كردووە.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گومانی هەیە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ( نەجمەدین كەریم) وەك فشار بەكار بهێنێت لەبەرامبەر یەكێتی و بۆیە وەك لیستی سێبەری پارتی ناوی دەبات. 
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لە كۆبونەوەی رۆژی 29/9/2019ی لایەنە سیاسیەكان كە لە شاری هەولێر بەرێوەچوو سەبارەت بە پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، رزگار عەلی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی چەند جارێك ئەو پرسی درووستكردنی لیستی لەلایەن ( د. نەجمەدین كەریم) ەوە وروژاندووەو بە گوێی نوێنەری پارتیدا داوە كە ئەوان پاڵپشتی دەكەن، لەبەرامبەردا خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، دڵنیایی داوە كە ئەوان كاندیدەكانی خۆیان دەخەنە ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستانیەوەو پاڵپشتی پشتیوانی لە لیستی سێبەرناكەن وەك ئاماژەیەك بە.   

لیستەكەی ئەبو شەهاب
ئیحسان نەجم (ئەبو شەهاب) ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیاریداوە بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بكات.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا)، ئەبو شەهاب كە لە ساڵی ( 1994 – 1996 ) پارێزگاری كەركوك بووە لە دەربەندیخان، لە ئێستادا سەرقاڵی درووستكردنی لیستێكە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
ئەبو شەهاب لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 2005، لیستێكی سەربەخۆی درووست كرد بەناوی ( لیستی قەڵا) لە كاتێكدا لایەنە كوردیەكان بە لیستی ( برایەتی كەركوك ) بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان كردوو لە كۆی ( 41 ) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا(26) كورسی ئەو ئەنجومەنەیان بەدەستهێنا.    

ئەبو شەهاب كێیە؟ 
•    ئیحسان نەجم ( ئەبو شەهاب) لە ساڵی 1948 لە كەركوك لەدایك بووە
•    یەكێكە لە دەستەی دامەزرینەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان
•    لەكۆنگرەی یەكی یەكێتی ( 1992 )بووەتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی
•     پارێزگاری كەركوك بووە لە ساڵی ( 1994 – 1996 ) لەدەربەندیخان
•    دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی نەوتە.
•    لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لیستێكی سەربەخۆی دروستكرد بەناوی (لیستی قەڵا)
•    ئێستا كەسایەتیەكی بێلایەنە

 
22/7/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی یاساهەمواركراوەكە( 14 )كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوە كە ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.

لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر  لیستی برایەتی( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، واتا  لە كۆی( 41 )كورسی پارێزگە (26 )كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و  گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی  بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی  1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand