Draw Media

كۆریای باكور تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی رادەگرێت

كۆریای باكور تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی رادەگرێت

2018-04-21 10:47:11


میدیا رەسمییەكانی كۆریای باكور رایانگەیاند پیۆنگ یانگ بڕیاریداوە دەستبەجێ‌ تاقیكردنەوەی ئەتۆمی و موشەكییەكانی رابگرێت و بنكەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەی ئەتۆمی دابخات لە پێناوی پەرەپێدانی كەرتی ئابوری و بەدیهێنانی ئاشتی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەگەری ئەوە هەیە كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور دوو كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باشوور و سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامبدات.
ئاژانسی ناوەندەنی هەواڵەكانی كۆریا لەسەر زاری كیم جۆن ئونەوە بڵاویانكردەوە كە وڵاتەكەی چیتر پێویستی بە تاقیكردنەوەی  ئەتۆمی یان مووشەكی بالیستی كیشوەربڕ نییە، چونكە ئامانجی پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی بە تەواوەتی بەدیهێناوە.
ئەمەش یەكەمینجارە كیم جۆن ئون بە راستەوخۆ باس لە هەڵوێستی بەرامبەر پرۆگراكی چەكی ئەتۆمی وڵاتەكەی بكات، پێش دوو كۆبووەنەوەی چاوەڕوانكراوی یەكەمیان لەگەڵ مۆن جی ئین سەرۆكی كۆریای باشوور لەم هەفتەیەدا و دوومیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی ئایار و سەرەتای حوەزیراندا.
باپیری كیم جۆن ئون بناغەی پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی لە كۆریای باكور داناو باوكیشی بەردەوام بوو لە كاركردن تێیدا، بەڵام بەڵێندان بە راگرتنی وەرچەرخانێكی گەورەیە لە هەڵوێستی ئەو سەركردە گەنجە 34 ساڵە كە ئاسایشی وڵاتەكەی بە چەكی ئەتۆمی پتەوتركرد و چەندین ساڵی ئاهەنگی دەگێڕا بە نمایشكردنی چەكەكانی وەك بەشێك لە شەرعیەتی رژێم و هێزەكەی.

کیم جۆن ئون: نامەوێت ببمە سەددام و قەزافییەکی تر


راگرتنی تاقیكردنەوە  ئەتۆمییەكان و داخستنی بنكەیەكی تاقیكردنەوە ئەتۆمیی ناگاتە چاوەڕوانییە و داواكاری ئەمریكا كە خۆی لە هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی هەموو چەكە ئەتۆمییە و مووشەكەكانی كۆریای باكوردا دەبینێتەوە، بەڵام بە رای شارەزایان راگەیاندنی ئەم سازشە ئێستانەك لەگەڵ كۆبوونەوەی لوتكەدا دەریدەخات كە كیم جۆن ئون جدییە لە دانوستانەكانی داماڵینی چەكی ئەتۆمیی.
ئاژانسی هەواڵەكانی كۆریای باكور رایگەیاند دوای كۆبوونەوەی كیم لەگەڵ لیژنەی ناوەندی حزبی كرێكارانی دەسەڵاتدار، گۆڕەپانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان لە كۆماری دیموكراتی میللی هەڵدەوەشێنرێتەوە بۆ گەرەنتی وەستاندنی تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكان بە شێوەیەكە شەفاف.
بنكەی " پونجی ری " لە باكوری كۆریای باكور ئەو تاكە شوێنەیە كە هەر شەش تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكەی ژێر زەوی كۆریای باكوری تێدا ئەنجامدراوە، لەوانەش گەورەترین تەقینەوە ئەتۆمییەكانی ئەیوللی رابردووی پیۆنگ یانگ.
ئاژانسەكەی كۆریای باكور دەشڵێت:" هەوڵەكان چڕدەكەینەوە بۆ بونیادنانی ئابورییەك سۆسیالیستی بەهێز و باشتركردنی ژیانی گەل بە شێوەیەكی گەورە لەرێگەی بەگەڕخستنی هەموو سەرچاوە مرۆیی و مادییەكانی وڵات."

كیم جۆن ئون پەیامێك ئاراستەی سەددام و قەزافی دەکات
سەرۆكایەتی كۆریای باشوور رایگەیاند كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور هاوتار كۆرییەكەی ئاگاداركردوەتەوە كە نایەوێت ببێتە " سەددام حسێن و موعەمەر قەزافی" یەكی تر و بڕیاری كۆتایی بۆ راگرتنی تاقیكردنەوە ئەتۆمیی و مووشەكییەكانی بۆ سەلماندنی ئەوە دەركردووە.
ترەمپ پێشوازی لێدەكات
ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی كۆریای باكور لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە پێشوازی لێكرا و ترەمی لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" كۆریای باكور رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵپەساردنی هەموو تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی و داخستنی بنكەیەكی تاقیكردنەوەی ئەتۆمیی، ئەمە هەواڵێكی زۆر باشە بۆ كۆریای باكور و جیهان و پێشكەوتنێكی گەورەیە، چاوەڕوانی كۆبوونەوەكەمانم."
هاوكات سەرۆكایەتی كۆریای باشوور لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەو بڕیارەی كۆریای باكور بەرەوپێشكەوتنێكی گرنگە بۆ داماڵینی چەكی ئەتۆمیی لە نیمچە دوورگەی كۆریا و دەبێتە هۆی رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ كۆبونەوەی سەركەوتوو لە نێوان كۆریا و ئەمریكادا.
شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنیش رایگەیاند پێشوازی لەو هەڵوێستەی كۆریای باكور دەكات، بەڵام پێویستە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی داماڵینی چەكی ئەتۆمی بە رێگایەك كە چاودێری بكرێت.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand