شاسوار عەبدولواحید: ئێستا كاتی راپەڕین و ناڕەزایی دەربڕینە
2019-10-02 14:29:48
درەو میدیا:
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا پشتیوان لە خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكات و دەڵێت" پێویستە خۆپیشاندانەكانی ناوەراست و باشوری عێراق بگەنە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە" داوای راپەڕین و دەربڕینی ناڕەزایی دەكات و دەڵێت " ئەگەر ئێستا خەڵك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟"
لە پەیامەكەیدا شاسوار عەبدولواحید بە رونی جەخت دەكاتەوە :
• هەمو ئەو گوزەران خراپی هاوڵاتیان و دزینی سەروەتی وڵات لە لایەن بەرپرسان و ناعەدالەتی و نەبونی خزمەتگوزاری كە لە بەغداد و باشوری عێراق هاوڵاتییان باسی لێوە دەكەن، ئەوا لە هەرێمی كوردستان زۆر بەزیادەوە بونی هەیە.
• لە هەرێمی كوردستان نەك ئەوانە هەن، بەڵكو موچەی فەرمانبەرانیش نادەن و هاوڵاتییان و كاسبكارانی ناو بازار لە دۆخێكی زۆر خراپدان.
• گەنجانمان بێ كارن و تەنها لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا زیاد لە نیو ملیۆن گەنجی تەمەن ١٨ سال تا ٢٥ ساڵمان هەن كە بێكارن، وە نزیكەی ٢٠٠ هەزار گەنجی دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان بێ كارن و دانەمەزراون و نازانن داهاتویان بە كوێ دەگات.
• ژنان و كچانمان بێ كارن و لە ماڵەوە فەرامۆش كراون و هیچ هەلێكی كار یان ستراتیژێك نییە بۆ خزمەتی ژنان.
• كوردستان بێ ساحیبە و ئەوەی هەیە ئەوەیە كە هەر بەرپرسە و دەستی گرتوە بەسەر بازرگانی و بزنسێكدا و قوتی میلەتیان گرتوە و خەری خۆیان و مناڵەكانیانن دەوڵەمەندیان كەن.
• سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بێ ساحیبن و سەركردەی دڵسۆزیان نییە و كەسیش نازانیت كێ لە خەمی ئەم شارانە و هاولاتیانی ئەم شارانەن.
• كەركوك نەك وێران كراوە و بە جێهێڵدراوە، بەلكو ئێیستاش دوو حیزنی دەسەلاتدار تەنها لە خەمی نەوتی كەركوكن و بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن بای حەسەن و هاڤانایان دێتەوە دەستتا نەوتەكەی بەرن.نەك بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن خەلكی كەركوك دڵخۆش بكەن.
• چەند بنەمالەیەكی سیاسی فەرمانڕەوا، تەنها ئەوە ماوە بینە ناو ماڵی هاولاتییان و ناومالەكانیان بدزن، دەنا هیچ نەماوە نەیكەن.
• ئایا ئەگەر ئێستا خەلك رانەپەڕێت و نارەزایەتی دەرنەبڕێت و داوای مافی خۆی نەكات، ئەوا كەی دەیكات؟
• من بەش بە حالی خۆم لەگەڵتانم ، وە ئامادەم خۆم لەگەلتان بێمە سەر شەقام و داوای مافی خەلكی بەشخوراوی وڵاتەكەمان بكەین.
• دەبێت هەمومان پێكەوە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و باوەڕمان بە یەكتر هەبیت و پێكەوە دەست و پشتی یەك بگرین.
• دەبێت مامۆستا و كاسبكار، فەرمانبەر و دانەمزراو، چینی هەژار و مام ناوەند، رۆشنبیر و هاوڵاتی ئاسایی، هەموو پێكەوە پشتی یەك بگرن و پێكەوە هەمومان بێینە سەر شەقام.
• پارتی و یەكێتی پێیان وایە میلەت هیج ناكەن و خەلك نارەزایی دەرنابڕێت. بەلام تەنها چونمان بۆ سەر شەقامەكان و دانیشتنمان لەسەر جادە، پەیامێكی زۆر رونە بۆ دەسەڵات و گۆڕانكاری گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
• منداڵەكانمان سبەی لێنان دەپرسن كە ئاخۆ چینان كردوە بۆ ئەوەی داهاتوی ئەوان خۆش بكەین؟ ئاخۆ هەلوێستمان چی بووە لە ئاست ئەوم هەموو زوڵمەی دو حیزبی فەرمانڕەوا؟