Draw Media

خەسرەو گۆران: هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك پارتی نیە

خەسرەو گۆران: هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك پارتی نیە

2019-10-02 06:43:12


درەو میدیا: 
 
" هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك عەرەب و توركمانە، نەك پارتی، پارتی پێشنیازی یەك لیستی كردووە، هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە" ئەمانە بەشێكن لە بۆچونی خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە.
 بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتیشە لەبارەی یەك لیستی كوردەوە دەڵێت" پێشنیازی یەك لیستی كورد لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر هی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مانگێك لەمەوبەر لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی بڕیاردارا ئەگەر كورد بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد لەناوچە جێ ناكۆكەكان بەیەك لیست بێت یا بەیەك دەنگ بێت ." 

سەبارەت بەوەی بەدەر لەبەرژەوەندی گشتی كورد، كام لایەن لەو هاوپەیمانێتیە كوردییە براوە و قازانجی یەكەم بەدەست دەهێنێت؟ خەسرۆ گۆران وتی" لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە، بۆ نمونە لە نەینەوا لە 70% ی دەنگەكان بۆ پارتیە، لەكەركوك بەپێچەوانەوەیە لەوانەیە 60% - 65% ی بۆ یەكێتی بێت."

وتیشی" لە كەركوك لیستە كوردییەكە بۆی هەیە 26كاندیدی هەبێت، لەموسڵ دەتوانین چل و هەشت كاندیدمان هەبێت بێگومان لەكەركوك زۆرترین كاندیدەكان بەر یەكێتی دەكەوێت لە موسڵ-یش بەر پارتی دەكەوێت وە لایەنەكانی تریش كاندیدییان دەبێت لەناو لیستەكە بەڵام هەیانە لەوانە كاندیدی نابێت."
 ئەو ئەندامەی سەركرادیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە لەسەر دەنگی كورد، لەو ڕووەوە وتی" بێگومان 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری هەیە چۆن كاریگەری نیە، یەكەم، پارێزگاری ئەو شارە كورد نیە، ئەنجومەنی پارێزگا لەكاركەوتووە ئاسایش لەوێ نیە، پێشمەرگەی لێ نیە، پارێزگار تەعریب دەكات، عەرەبی هاوردەی هێناوە لەوانەیە ساختە بكرێت وە ئەو عەرەبانەی هێناویانن بەشداری بكەن لەهەڵبژاردن بەشێوەیەك لەشێوەكان، ئاوارەمان هەیە لەهەولێر و شارەكانی تر كەناتوانن دەنگ بدەن بۆیە دەبێت هەموو ئاسانكارییەك بكرێت تا ئەو خەڵكە بتوانن دەنگ بدات."
 سەبارەت بە دواكەوتنی دانانی پارێزگار بۆ كەركوك خەسرۆ گۆران ڕەتیدەكاتەوە كە ئەوان وەك پارتی رێگربووبن و دەڵێت" ئێمە ڕێگرنەبوین وە هەرگیز ڕێگریش نابین، لیژنەیەك هەیە پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك سەبارەت بە ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك یەك لەوانە دەستنیشانكردنی پارێزگارێكە بۆ كەركوك بەبۆچونی من عەرەب و توركمان نایەنە پێش لەو بابەتە ئەگەرنا پارتی هەمیشە ڕێزی ڕێككەوتنی خۆی دەگرێت لەگەڵ هەر لایەنێك."
 
بەرپرسەكەی پارتی سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" واتای چۆن قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی وەك پێشتر نەدراوەتێ؟ خۆ ئەوە حكومەتی "فیفتی بە فیفتی " نیە هی ساڵانی 2005 و 2010 دوو ساڵ كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەت بێت و دوو ساڵیش كاك بەرهەم سەرۆك وەزیران بێت هیچ ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە نەكراوە، ئەو ڕێككەوتنە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2018 یە، سەرۆكی حكومەت سەرۆكە، جێگر جێگرە، یاریدەدەر یاریدەدەرە، هەركەس دەبێت سنوری دیاربێت، "مەهام" و دەسەڵاتەكانی دیاربێت."

خەسرۆ گۆران وتیشی" ئێستا حكومەتێكی دیكە هەیە، حكومەتی پێشوو كە كاك قوباد دەسەڵاتی هەبوو لە 2013 هاتە ئاراوە، ئێستا حكومەتێكی ترە و هەر حكومەتەی سیاسەتی خۆی هەیە هەر سەرۆكی حكومەتێك سەڵاحیاتی خۆی هەیە، چی دەكات یا نایكات، دەسەڵات دەدات یا نادات، یاخود دەسەڵات كەم دەكاتەوە ئەم حكومەتە ستراتیژیەتێكی تر و پلانێكی تری هەیە سەبارەت بەدەسەڵاتی وەزیرەكان و یاریدەدەرەكان و تەنانەت جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت، یا بەڕێوەبەرەگشتیەكان و پارێزگارەكان و ئەمە دەكرێت ئەو حكومەتە جیاوازی هەبێت لەگەڵ حكومەتەكانی تر بەڵام بەڕێز كاك قوباد هەر جێگری سەرۆكی حكومەتە."
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand