كورد 63%ی كورسیەكانی پارێزگای كەركوك بەدەستدەهێنێتەوە ؟
2019-10-01 18:20:35
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
لایەنە كوردیەكان لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش رێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستا كورد (63%)ی كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بەدەستەوەیەو ناتوانن پارێزگارێك دابنێن، لە یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لیستی برایەتی كورد لە پارێزگای كەركوك ( 68%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئایا كورد دەتوانێت پارێزگاری لە دەنگ و كورسیەكانی خۆی بكات لەو پارێزگایە.
(درەو میدیا) لەم شیكاریەدا ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كورد دەخاتە روو.
لیستی هاوبەش
دوای سێ كۆبونەوە 16 لایەنی كوردی هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان رایگەیاند بەناوی ( هاوپەیمانی كوردستانی )و (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشوی كەركوك وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە دیاریكرا، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك ژمارە (1 ) بۆ یەكێتی دەبێت و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا ژمارە (1 ) بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت.
22/7/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی یاساهەمواركراوەكە( 14 )كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوە كە ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵ بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.
لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تانەی داوە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ پێداچونەوە بە ئەژماری دەنگدەران، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەوناوچانە بكرێت كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رووبەرووی كۆمەڵێك گرفت دەبێتەوەو ترسی لە كەمبونەوەی دەنگەكانی هەیە.
ئاستەنگەكانی كورد لە هەڵبژاردندا
لە ئێستادا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆی (41) كورسی (26) كورسی هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد زۆرن و ئەستەمە بتوانێت پارێزگاری لە پێگەكەی خۆی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسیەكانی لە ( 41 ) كورسیەوە بۆ (14) كورسی كەم دەبێتەوە، بۆیە بەپێی رێژەی كورسیەكانی كورد لە ئێستادا كە(63%) ئەگەر كورد ئەو رێژەیە بهێنێتەوە ئەوا لەكۆی (14) كورسیەكە دەبێت (9) كورسی بەدەستبهێنێت.
• لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی 14 ساڵەی كورد هات لە كەركوك كە پێشتر پارێزگارو زۆرینەی پۆستە هەستیارەكانی لەدەستدابوو بەڵام هەمووی لەدەستدا و ئێستا بە 26 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاوە توانای دانانی پارێزگاری كەركوكیان نیە، كێشەو بەربەستەكانی بەردەم كورد لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان:
• كورد لیستی هاوبەشی پێكهێناوە بەڵام هێشتا متمانە نیە لە نێوانیاندا، بەو پێیە تائێستاش سەرەرای چەندین رێككەوتن لە نێوان یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە پارێزگار دابنێن.
• بەپێی یاسای هەڵبژاردنی رێگە نادرێت هیچ سندوقێك لەدەرەوەی كەركوك دابنرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كە بە زیاتر لە 50 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لەدەرەوەی كەركوكن و لە هەولێر و چەمچەماڵ و سلێمانی نیشتەجێن و رێگە نادرێت سندوقی دەنگدان لەوناوچانە دابنرێت، بەوەش دەنگێكی زۆری كورد لەدەست دەچێت، ئاوارەیەكی زۆری پارێزگای نەینەوا كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس ئەژمار دەكرێت لە دهۆك و هەولێرن، كە زۆرینەی زۆری دەنگی كوردە، ئەگەر سندوقی دەنگدانیان بۆ دادەنرێت، چئن دەتوانن دەنگ بدەن.
• بڕیاردراوە لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت، واتا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵن ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان.
• هێنانی ژمارەیەكی زۆری عەرەب بۆ كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری كە بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی دەنگی كورد لەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە
• ئەو ناوچانەی كە بایۆمەتریان نەكردووە ئەتوانن بە یەكێك لە ناسنامەكانیان دەنگبدەن، كە ئەمەش زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوچەی حەویجەیە كە زۆرینەیان بایۆمەتریان نیە.
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2005 دا
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لەكۆی (385 هەزارو 861) دەنگدەر لیستی برایەتی( 261 هەزارو 577) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 67.8%) دەنگەكان، واتا لە كۆی( 41 )كورسی پارێزگە (26 )كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی 1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا
• لیستی برایەتی ( 261577 )دەنگ بەرێژەی ( 67.8%)
• بەرەی توركمانی ( 54213 ) دەنگ بەرێژەی ( 14%)
• بەرەی عەرەربی بۆ دیالۆگی نیشتیمانی ( 17275 ) دەنگ بەرێژەی ( 4.5%)
• بەرەی تەوافوقی عیراقی ( 14458 ) دەنگ بەرێژەی ( 3.7%)
• هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو (12051 ) بەرێژەی (3%)
• لیستی عێراقیەی نیشتیمانی ( 9262 ) بەرێژەی (2.4%)
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 5739) بەرێژەی ( 1.5%)
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا
لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی(37%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
• لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات
• لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو 6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% )
• لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% ) و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا.
سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا.
بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی.
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا
بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات .
- یەكێتی 209964 دەنگ 6 كورسی
- پارتی 63076 دەنگ 2 كورسی
- بەرەی توركمانی 71492 دەنگ 2 كورسی
- هاوپەیمانی عەرەبی 53796 دەنگ 1 كورسی
- هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 38328 دەنگ 1 كورسی
كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر.
- یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا
- هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا
- بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا
- لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی
- نەوەی نوێ ( 13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا
- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ
دەنگ و كورسیەكانی كورد كەمدەكات؟
لەیەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە كەركوك كورد زۆرینەی رەها(50+1)ی دەنگ و كورسی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێنا، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت كورد بتوانێت ئەو دەنگ و كورسیانە بەدەستبهێنێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی برایەتی كەركوك كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە و لە (68%)ی دەنگی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە.
بەڵام لەدوای ئەو هەڵبژاردنی 2005 ەوە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە یان كەمتر لە نیوەی كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش، رێوشوێنەكان زۆر توند بوونە بەتایبەت بەرامبەر بەو ناوچانەو شوێنانەی كە زۆرترین دەنگی كوردی تێدایە، لە رێگەكردن لە دانانی سندوق لەناوچە ئاوارە نشینەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و بایۆمەتری و نەمانی دەسەڵاتی كورد لەو پارێزگایە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاریگەری لەسەر چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان دەبێت، بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك كە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا ئەمە دووەم هەڵبژاردنە بكرێت، كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و چارەنوسی ئەو پارێزگایە دەبێت