لایەنە سیاسیەكان بڕیار لەسەر سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی دەدەن
2019-10-01 07:21:52
درەو میدیا:
كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەكان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆدەبنەوە و بڕیاری كۆتایی دەدەن لەسەر لۆگۆ و سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان.
بە پێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) عەبدولڕەحمان مستەفا داوای كردووە ئەمڕۆ بۆ ماوەی 10 خولەك بەشداری لە كۆبونەوەی لایەنەكاندا بكات، بەڵام خواستی خۆی نەشاردۆتەوە بۆ رەزامەندی نواندن لەسەر داوای لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی.
لە یەكەم كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكاندا لە هەولێر پێشنیازی دانانی عومەر سیەد عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كرابوو بۆ سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەڵام عومەر سەید عەلی رەتیكردبوەوەو رایگەیاندبوو كە پێویستە كەسێكی خەڵكی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بكرێتە سەرۆكی قەوارەكە
زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەش دەكەن نیەتێك هەیە لای هەندێك هێزی سیاسی كە دواجار عەبدولڕەحمان مستەفا بكرێتە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ پارێزگای كەركوك .
لە دوو كۆبونەوەی رابردوویان لە شاری هەولێر، لایەنەكان لەسەر یەك لیستی رێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان.
• مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت.
• مخەوەل( رێپێدراو)ی گشتی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ناوچە كوردستانیەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان
• مخەوەل( رێپێدراو)ی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.