قادر عەزیز: هۆكاری دانەنانی پارێزگاری كەركوك بەتەنها پارتیە
2019-10-01 06:56:32
درەو میدیا:
" هۆكاری دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك تەنها پارتیە كەس كێشەی نیە تەنها پارتیە ڕێككەوتنەكان جێ بەجێ ناكات "ئەمە وتەی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە.
قادر عەزیز پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكات لەسەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنامەكانی نێوانیان" یەكێتی كێشەی نیە، كەس كێشەی نیە تەنها پارتیە ڕێككەوتنەكان جێ بەجێ ناكات و هۆكاری دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك تەنها پارتیە بەداخەوە ئەمە ئاماژەیەكی خراپە و بۆ خۆیان زیان دەكەن ئەگەر وابێت لەمەودوا هیچ متمانەیەك بە ڕێككەوتنەكان نامێنێت وە یەكێتیش دەبێت بڕیاری خۆی بدات ئەگەر پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبێت ، چونكە یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە بەشداری لەحكومەت كردووە نەك لەسەر بنەمای تر."
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەرانی حزبەكەی لە دانانی ئەو یاریدەدەرانەی مەسرور بارزانی دەردەبڕێت "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەت خەریكە چەندین یاریدەدەر بۆ خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر حسابی یەكێتی و گۆڕان، بەڕاستی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانن لەم هەڵسوكەوتە وە پێمان باشە بۆ ئەوە "میسداقیەتە" لەنێوانماندا بمێنێت بۆ ئایندەش ئێمە پابەندی ڕێككەوتنەكان بین، ئەو ڕێككەوتنانەی حكومەتی لەسەر دامەزراوە، ئەو ڕێككەوتنەی پارێزگاری كەركوك، پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت، وە حەزدەكەم بزانی بەشداری یەكێتی لەحكومەت لەسەر بنەمای ئەم ڕێككەوتنانەیە ."
بە وتەی قادر عەزیز قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی گەیاندۆتە یەكێتی "بەڵێ، بەڵێ، پێی وتوین و نەیشاردۆتەوە كە تا ئێستا وەك پێویست دەسەڵاتەكانی نەدراوەتێ، "كاك قوباد" ئەمەی بە بەمەكتەبی سیاسی وتووە و مەكتەبی سیاسی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات وە بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەكی خراپە، وە یەكێتی ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت، ئەگەر خەڵكەكەی دەسەڵاتی نەبێت لەناو حكومەت كەواتە یەكێتی چی دەكات لەناو حكومەت؟. ئاشكراشیكرد" بڕیارە لەهەفتەی داهاتوو پارتی و یەكیتی كۆببنەوە ئەم مەسەلانە یەكلایی بكەنەوە كە پارتی بۆچی پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت و لەسەر چ بنەمایەك ئەم ڕێككەوتنانە كراوە؟ ."
قادر عەزیز ئەوەشی وت" ئەم سیاسەتەی پارتی هەڵەیە دەیكەن و زیان بە خۆیان و حكومەتەكەی خۆیان دەگەیەنن، یەكێتی هێزی سەرەكیە لەبەشداری كردنی لەم حكومەتەدا، ئەوان دروشمی كوردستانی بەهێزیان بەرز كردۆتەوە، ئایا بەم شێوەیە كوردستان بەهێز دەبێت؟ بەم شێوەیە حكومەتەكە بەهێز دەبێت؟ ئەمە بۆ خۆیان خراپە." بڕیاری كشانەوە لە حكومەت دەدەن؟ قادر عەزیز وتی" نا ئێستا زووە بۆ ئەو بریارە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەكێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حكومەتە بەردەوام نابێت."
سەبارەت بەیەك لیستی حزبە كوردیەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت " یەك لیستی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان پێشنیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لایەنەكانی تریش ڕازی بوون، چونكە بەلای یەكێتیەوە یەك لیستی كورد لەو ناوچانە گرنگە چونكە ئەو ناوچانە ناوچەی جێناكۆكن و تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە بۆیە پێویستە كورد زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنیت یا لانی كەم، دەنگی كورد كەم نەكات ، یەكێتی لەو ڕوانگەیەوە داوای یەك لیستی كردووە، خۆشبەختانە هەموو لایەنەكان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ئەم یەك لیستیە پێویستە تا بتوانین زۆرینەی دەنگی نەك كورد بەڵكو دەنگی غەیرە كوردیش بەدەست بهێنین، ئێستا تەنها ماوەتەوە سەر لۆگۆ و دیاریكردنی سەرۆكی لیست و ناوی كاندیدەكان بۆیە وەك ئاماژەم پێی كرد بەرژەوەندی كورد لەوەیە كە زۆرترین كورد بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكات."
قادر عەزیز جەختییكردەوە یەكێتی هەمان جەماوەری پێش 16ی ئۆكتۆبەری هەیە، لەو ڕوەوە وتی" یەكێتی سەنگ و قورسایی پێش 16ی ئۆكتۆبەری ماوە ئەگەرنا چۆن شەش كورسی دەهێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا." ئەگەر خەڵك پێی وابێت یەكێتی لەكەركوك خیانەتی لێكردوون ئەی بۆ ئەو هەموو دەنگەی پێدەدەن بۆ دەنگیان بە هیچ حیزبێكی تر نەدا؟ ئەمە تۆمەتێكە لە ئەنجامی شكستی ڕیفراندۆم ، چونكە ئەوانەی ڕیفراندۆمیان كرد تا خۆیان لە بەرپرسیارێتیەكە بدزنەوە و شكستی خۆیان دابپۆشن دەڵێن یەكێتی خیانەتی كردووە ، بەڵام ئەوە قەناعەتی میللەتی ئێمە نیە ئەوەی كەركوكی بەجێ نەهێشت وە ئەو ناوچانەی بەجێنەهێشت تەنها یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لەبەر ئەوە خەڵك بەچاوی خۆی لە "ئەرزی واقیعدا" ئەم شتانە دەبینێت و گوێ نادات بەم پڕوپاگەندانە، یەكێتی دڵنیایە لەوەی كە دەنگی جارانی پێشوو پێش 16ی ئۆكتۆبەر دەهێنێتەوە لەكەركوك، خۆ ئەگەر خۆشی ئەم دەنگە نەهێنێتەوە لیستی كوردی ئەم دەنگە دەهێنێتەوە، لیستی كوردی بۆ یەكێتی گرنگە ، چونكە مەسەلەكە بەرژەوەندی یەكێتی خۆی نیە ، بەڵكو زیاتر بەرژەوەندی كوردە لەم ناوچانە."