Draw Media

یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەكات؟

یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەكات؟

2018-04-21 09:29:38


راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف
ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز دەبێت، هەڵبژاردنێك كە ئەگەر یەكێتی مامەڵەیەكی دروستی لەگەڵدا نەكات دوور نیە هاوشێوەی ئەزمونی 25/7/2009 بەسەردا نەهێنێت، كە ئەو كات بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی دەنگی یەكێتی بۆخۆی برد، بەڵام ئەوكات لەبەر ئەوەی یەكێتی بەیەك لیست لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەشدار بوو، كەمكردنەوەی كورسییەكانی زۆر دەرنەكەوت، بەڵام ئێستا یەكێتی كە بە لیستی سەربەخۆی خۆی بەشدارە لە هەڵبژاردنەكان، ئەگەر دەستوەردانی هێزی هەرێمایەتی نەبێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێشبینیدەكرێت لیستەكەی بەرهەم ساڵح زیاتر لە 50%ی دەنگەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت، هەرچەندە بەرهەم ساڵحیش خاڵی لاوازی هەیە بەتایبەت لەوەی كە گوتارەكانی لاستیكین و رادیكاڵ نین بەرامبەر بە دەسەڵات كە تا ئەمڕۆش رادیكاڵبون لەبەرامبەر پارتی و یەكێتی خاڵی بەهێزە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و شەقامی ناڕازی، وەك ئەوەی نەوشیروان مستەفا كردی لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئاستی ململانێی لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەكان گەیاندە مریشكەرەشە، بەڵام بەپێی هەموو ئاماژەكان ئێستا لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێك لە دەنگی ناو یەكێتی بۆخۆی دەبات بەهۆی ئەوەی:
1-    جەماوەری یەكێتی لەسەركردایەتیەكەی بێزارە و لەدوای مردنی مام جەلالیش یەكێتی نەیتوانی سەركردایەتیەكی نوێ هەڵبژێرێت و سكرتێر یەكلابكاتەوە و بەیەك جەستەوە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادەبكات، بەمانایەكی تر یەكێتی بەجەستەیەكی شەكەتەوە دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە.
2-    لەناو خودی یەكێتیدا بەشێكی زۆری سەركردایەتیيەكەی وەلائیان بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح هەیە و بە ئاشكرا بانگەشە بۆ لیستەكەی دەكەن.
3-  پێشتر بەرهەم ساڵح لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی ناوەندی بڕیاریان دروستكرد و ئێستاش زۆرینەی ئەو ناوەندە وەلائیان بۆ لیستەكەی ئەو هەیە.
4- یەكێتی بە دوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەكات و بەتەواوی ناكۆكن لەو بارەیەوە، باڵی كۆسرەت رەسوڵ وەك هاوڕێیەكی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەو لیستەدا دەكەن و دەشوترێت لە هەندێك ناوچە كاری بۆدەكەن، بە پێچەوانەوە ماڵی مام جەلال و مەلا بەختیار بە سەختی دژایەتی دەكەن. 
5- بەشێك لە سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵحن و چاوەڕوان دەكرێت لە ناو هێزە چەكدارەكاندا بەرهەم ساڵح دەنگێكی زۆر بەرێت.
6- یەكێتی دەستیكردووە بە دوورخستنەوە و پاككردنەوەی خۆی لە بەرهەمییە كان، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی دەست بۆ سەركردە سەربازی و دیارەكانی بەرێت كە بە ئاشكرا كار بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەكەن، چونكە ترسی هەیە بەدەستبردن بۆ ئەوانە هێندەی تر شیرازەی یەكێتی تێكبچێت ودواجار زۆرینەی دەنگەكانی یەكێتی بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح بچن.
7-    پێشتر هەموو ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی ناو یەكێتی كە لە داخی سەركردایەتیيەكەیان دەنگەكانیان دەدا بە لیستەكانی دەرەوەی یەكێتی، ئەمجارە دەنگەكانیان بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەچێت.

ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی ئاڵۆزدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵح، هەنگاوی دوورخستنەوە و بەوتەی خۆیان (پاككردنەوەی یەكێتی ) لە بەرهەمیيەكان و نانبڕینیان، بە زیان بۆخۆیان دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی پێشتر ئەزمونی لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، كە یەكێتی بەشێكی زۆری لێ نانبڕاوكردن، كە ئەو پرۆسەیە تا ئێستاش زیانی بە ناوبانگ و پرەنسیپەكانی یەكێتی و دەنگەكانی گەیاندووە، بۆیە دووبارەكردنەوەی هەمان ئەزموون، دواجار بە قازانجی گەورەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح تەواو دەبێت، هەر هەنگاوێكی لەوشێوەیە زیادكردنی دەنگێكە بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح، لەماوەی رابردوودا یەكێتی چەندین بڕیاری دەركردووە بۆ دەركردنی كادرەكانی، لەوانە دەركردنی ژمارەیەك كادری لە دهۆك لە سۆران لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، ئەمانە ئەگەر لەژێر فشاری بەشێك لەلایەنگرانیدا بێت بەوەی پێویستە ئەوانە دەربكرێن، بەڵام دواجار زیانەكەی یەكێتی خۆی دەیدات، دوا بریاریش لێپێچینەوە و سەندنەوەی موڵك و ماڵی یەكێتی بووە لە بەرهەم ساڵح، بەڵام بە ئەنجامەكەی لە قازانجی بەرهەم ساڵح بووە، بەو پێیەی بەپێی نوسراوێكی دلێری سەید مەجید بەرپرسی مەكتەبی ئیدارەی گشتی یەكێتی، شایەدی بۆ بەرهەم ساڵح دەدات كە هەرچی موڵكی ماڵی لا بووە گەڕاندویەتیەوە بۆ ئیدارەی گشتی و ئەستۆپاكییەكی زۆری بۆ دەكات، واتا ئەو هەنگاوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە قازانجی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات.


یەكێتی چۆن مامەڵە بكات 
هەموو ئاگایانی سیاسی كۆكن لەسەر ئەوەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات، بەڵام یەكێتی چۆن دەتوانێت كەمترین زیان بكات لەم هەڵبژاردنەدا.
1- دورخستنەوەی دەموچاوە كۆنەكانی یەكێتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەتایبەتیش ئەوانەی كە جەماوەری یەكێتی لێیان بێزارە.
2- هەرجۆرە دژایەتیيەكی توندی یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح، یەكێتی دووجار زیانی لێ دەكات، بەو پێیەی دژایەتی بەرهەم ساڵح واتا دژایەتی یەكێتی، چونكە ئەو لە دوو وێستگەدا نوێنەری باڵای یەكێتی بووە، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەلایەكی تریش دژایەتیكردنی دەبێتە هۆی راكێشانی سۆزو عەتفی لایەنگرانی تری یەكێتی بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح.
3- كێبەركێی توند و هەڵدانەوەی فایل و فایلكاری بەرهەم ساڵح خۆسەرقاڵكردنی پێیەوە، بچوكبونەوەی ململانێ و كێبەركێی یەكێتی لەتەواوی پرسەكانی كوردستانەوە بۆ تەنها گۆشەیەك كە ئەویش شەڕكردن لەگەڵ جەستەی خۆت كە تا دوێنێ لەگەڵت بووە، بە مانایەكی تر بچوكردنەوەی خەمی گەورەی یەكێتیيە و راكێشانی سەرنجی لایەنگرانە بۆ پرسێك كە تا قسەی زیاتر لەسەر بكرێت كاریگەری خراپتری لەسەر یەكێتی دەبێت.
4- توندبوونەوەی ململانێكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح دوور نیە سەر بكێشێت بۆ لێكترازانی گەورەتر لەناو یەكێتی بەو پێیەی كۆمەڵێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە ئاشكرا لەگەڵ بەرهەم ساڵحن و بەشێكی دیكەش هاوسۆزن لەگەڵى.
5- یەكێتی ئەتوانێت دەست بۆ كارتی گەورەتر بەرێت لەم هەڵبژاردنە، كارتێك كە پەیوەستبێت بە ژیانی هاوڵاتیان و پرسی نەوت و ئابوری و چۆنیەتی مامەڵەكردن و كاریگەری دروستكردن لەسەر بەغداد، بەم شێوەیە لەلایەك دەبێتە خاوەن روئیایەكی رون كە ئێستا چی لایەنگرانی و چی هاوڵاتیانیش نازانن بەرنامەی روونی یەكێتی چیە بۆ دۆخی ئەمرۆ، لەلایەكیش سەرنجی لایەنگران و شەقامیش لەسەر بەرهەم ساڵح كەمدەكاتەوە.
6- یەكێتی ئەتوانێت بە كۆمەڵێك سەركردەی گەنج و دەموچاوی نوێوە هەڵمەتەێكی باشی هەڵبژاردن بكات و خۆی پاكبكاتەوە لەگەڵ لانی كەم لایەنگرانی خۆی، كە هەست بە ساردیيەك دەكرێت بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.
7- یەكێتی خاوەن سەركردایەتیيەكی پەرتەوازەیە، ئەم پەرتەوازەیيە كاریگەری دروستكردووە لەسەر پەرتەوازەیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا، بەشێك لەسەركردایەتیيەكەی ئەوەی تا ئێستاش لای جەماوەرەكەی خۆشەویستە، گەرموگوڕیان پێوە دیار نیە، لەبەرئەوەی دەیانەوێت شكستی هەڵبژاردن بخەنە ئەستۆی ئەو مەكتەب سیاسییانەی كە ئەوان پێیان وایە شكستیانهێناوە و هۆكاری سەرەكی شكستەكانی یەكێتین.

ئێستا یەكێتی بەتەواوی دركی بەوە كردووە كە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی دەبات، دەشزانێت هێشتا بەشێكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی هاوسۆزن لەگەڵی، بۆیە لەبەردەم چوار بژاردەدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح:
یەكەم/ دروستكردنی فشاری توند و هێرشی ئیعلامی و هەڵدانەوەی فایل بۆ بەرهەم ساڵح، كە ئەمەیان مەترسی هەیە لێكترازانی تر دروست بێت لەناو حزبەكە و بە زیانی یەكێتی بشكێتەوە.
دووەم/ بێدەنگیش لە ئاست هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح مەترسی ئەوەی هەیە، كە لایەنگرانی تری یەكێتیش دەنگ بەو لیستە بدەن و لیستەكەی فراوانتر بێت.
سێیەم/ خستنەرووی پرۆژەی بەدیل و بەرنامەی روون و گوتاری رۆشن لە ئاست پرس و قەیرانەكانی هەرێم، كە ئەمەیان لەلایەك  شەپۆلی فراونبوونی بنكەی جەماوەری لیستەكەی بەرهەم ساڵح رادەگرێت، لەلایەكیش كادرو لایەنگرانی خۆشی گەرمتر و بەرچاورونتر دەكات. 
چوارەم/ دەبێت یەكێتی بەشی ئەوە تیا بهێڵێتەوە، كە لەدوای هەڵبژاردن ئەگەری هاوپەیمانێتی و پێكەوەكاركردن ماوە لەگەڵ یەكێتی، بەو پێیەش یەكێتی لە هەردوو بژاردەی یەكەم زیان دەكات و لە بژاردەی سێیەمدا سودمەند دەبێت.
   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand