سلێمانی لە تەڵاقدا پێشەنگە
2019-09-23 16:37:50
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت
لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان رێژەی جیابونەوەی نێوان هاوسەرەكان سێ هێندە زیادیكردووە، پارێزگای سلێمانی لە جیابونەوەی هاوسەراندا پێشەنگی هەموو ناوچەكانی كوردستانە، بەجۆرێك لە كۆی (سێ) گرێبەستی هاوسەرگیری، گرێبەستێكیان بە جیابونەوە "تەڵاق" كۆتایی هاتووە، لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم هاوسەرگیری بەڕێژەی 42% كەمكردووە.
كەمبونەوەیەكی مەترسیدار
چەند رۆژێكە قسەی پەرلەمانتارێك سەبارەت بە مەترسی كەمبوونەوەی ژمارەی كورد لە عێراقدا بووەتە باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەدیاریكراویش قسەیەكی پەرلەمانتارەكە كە داوا لە خەڵك دەكات وەچەی زیاتر بخەنەوە.
بەوپێیەی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەك كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانەو پابەندی شەریعەتی ئیسلامە، پرسی وەچەخستنەوە وابەستەیە بە گرێدانی ژیانی هاوسەگیرییەوە، واتا بەپێچەوانەی ئەوەی لە وڵاتانی خۆرئاواو چەندین وڵاتی جیهان هەیە، لە هەرێم شتێك نیە بەناوی وەچەخستنەوە لەدەرەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە (واتە رێگەپێدراو نییە لەڕووی كۆمەڵایەتیو یاساییەوە)، بۆیە قسەكردن لەسەر پرسی هاوسەرگیری لە كوردستان وەڵامی بەشێك لەو پرسیارانە دەداتەوە كە لەبارەی وەچەخستنەوە دروستبوون.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) كە پشتئەستور بە ئامارو داتا فەرمییەكان ئامادەكراوە، رێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمیكردووە.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، بەرزترین رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی 2012دا بووە، لەو ساڵەدا (56 هەزارو 2) گرێبەستی هاوسەگیری كراوە.
بەڵام دوای دەركەوتنی قەیرانی دارایی، بەتایبەتیش لەدوای ساڵی 2014ەوە رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری كەمیكردەوە، لە ساڵی 2014دا لە هەرێمی كوردستان (47 هەزارو 444) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە، واتا بەراورد 2012و پێش قەیرانی دارایی نزیكەی (9 هەزار) گرێبەستی هاوسەرگیری كەمیكردووە.
لە ساڵی 2015دا رێژەكە بووە بە (43 هەزارو 410) گرێبەستی هاوسەرگیری، ساڵی 2016 كە قەیرانی دارایی گەیشتە لوتكەو حكومەت سیستمی "پاشەكەوت"ی بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپاند، رێژەی هاوسەرگیری زیاتر كەمیكردو گەیشتە (32 هەزارو 789) گرێبەستی هاوسەرگیری، بەبەراورد بە ساڵی 2012 كەمكردنەكە گەیشتە (23 هەزارو 213) گرێبەستی هاوسەرگیری، كە بەرێژەی سەدی كەمبونەوەكە دەگاتە (42%).
قەیرانی داراییو بڕینی پێشینەی هاوسەرگیریو سیستمی پاشەكەوتی موچە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كەمبونەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری هەبوو.
ئەم ساڵانەی دواییو بەر لە قەیرانی دارایی، پێشینەی هاوسەرگیری رۆڵی گەورەی بینی لە زیادبوونی پرۆسەی هاوسەرگیریدا، حكومەت لەرێگەی ئەو قەرزە بچوكەوە كە بەپێی یاسای ژمارەی (17)ی ساڵی 2010 یاسای پێشینەی هاوسەرگیری بڕیاری لەسەردرابوو، بۆ هەر هاوسەرگیرییەك بڕی (5 ملیۆن) دینار قەرزی بە كچو كوڕە گەنجەكان دەدا.
ئامارەكان چی دەڵێن ؟
بەپێی ئامارە فەرمییەكان رێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010وە بۆ 2018 بەمشێوەیە بووە:
• لە 2010دا (39 هەزارو 414) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2011دا (50 هەزارو 418) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2012دا (56 هەزارو 2) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2013دا (52 هەزارو 749) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2014دا (47 هەزارو 444) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2015دا (43 هەزارو 410) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2016دا (32 هەزارو 789) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2017دا (35 هەزارو 761) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
• لە 2018دا (39 هەزارو 763) گرێبەستی هاوسەرگیری كراوە
ئامارەكان لەبارەی تەڵاق چی دەڵێن ؟
ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، هەڵوەشانەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری "تەڵاق" لە ماوەی هەشت ساڵدا لە 2010 بۆ 2018 بەرێژەی (150%) زیادی كردووە.
بەگوێرەی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2010دا لەكۆی (39 هەزارو 414) گرێبەستی هاوسەرگیری (3 هەزارو 726) گرێبەستیان هەڵوەشاوەتەوە، واتە بە جیابونەوەو تەڵاق كۆتایی هاتووە، واتە رێژەی (9.5%)ی كۆی گرێبەستەكانی هاوسەرگیری هەڵوەشاوەتەوە.
ساڵی 2018 رێژەی جیابونەوە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیكردووە، بەجۆرێك لەكۆی (39 هەزارو 763) گرێبەستی هاوسەرگیری (9 هەزارو 192) گرێبەستیان بە جیابونەوەو تەڵاق كۆتایی هاتووە، واتە زیادبوونی تەڵاق لەو ساڵەدا بەرێژەی (23%) زیادی كردووە.
بەراوردكردنی ژمارەكان دەریدەخات جیابونەوە هاوسەرەكان لەیەكتر لەماوەی 2010وە بۆ 2018 بەرێژەی (130%) زیادی كردووە، بەڵام دەبێت باس لەوەبكرێت كە لەكۆی ئەم هەشت ساڵەی كە رێژەی جیابونەوەی زیادی كردووە، چوار ساڵیان هەرێمی كوردستان بە قەیرانی دارایی قورسو ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكانو شەڕی "داعش"دا تێپەڕیوە.
سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە !
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی لە رێژەی تەڵاقدا لە پلەی یەكەمدایەو لە پێش پارێزگاكانی ترەوەیە.
رێژەی هاوسەرگیریو تەڵاق لە ساڵی 2018 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بووە:
• پارێزگای سلێمانی: ( 13 هەزارو 836) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (4 هەزارو 85) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی (30%).
• پارێزگای هەولێر: (15 هەزارو 25) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (3 هەزارو 598) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی (24%).
• پارێزگای دهۆك: (10 هەزارو 902) گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووەو (هەزارو 509) تەڵاق هەبووە، بەڕێژەی( 14%)
بەپێی ئەم ئامارانە، رێژەی جیابونەوەی هاوسەرەكان لە سلێمانی دوو هێندەی جیابونەوەی هاوسەرەكانە لە پارێزگای دهۆك.
چەند بەراوردكارییەكی تر
• پارێزگای سلێمانی: لە 2017دا (هەزارو 360) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (4 هەزارو 85)، واتا ( 2 هەزارو 725) حاڵەت زیادیكردووە.
• پارێزگای هەولێر: لە 2017دا (2 هەزارو 985) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (3 هەزارو 598)، واتا (613) حاڵەت زیادیكردووە.
• پارێزگای دهۆك: لە 2017دا (هەزارو 384) جیابونەوەی هاوسەرگیری هەبووە، بەڵام لە 2018 زیادیكردووە بۆ (هەزارو 509)، واتا (125) حاڵەت زیادیكردووە.