بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: من پیاوێكی گەورە نیم !
2019-09-21 14:40:24
(درەو میدیا):
رۆژێك بەر لە رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، مشتومڕ لەنێوان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رویداوە.
رۆژی 18ی ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح سەردانی مەسعود بارزانی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی سیاسی باڵاوە دەستیكەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرهەم ساڵح بە موجامەلەكردنی مەسعود بارزانی دەستی بە قسەكردن كردووە.
بەرهەم ساڵح بە بارزانی وتووە:" ئێوە پیاوێكی گەورەنو هەمیشە رۆڵی براگەورەتان بینیوە، ئێستاش ئەتوانن لە ئاستی هەرێمو عێراق رۆڵتان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكاندا".
لە وەڵامدا، مەسعود بارزانی بە توانجەوە وتویەتی:" من گەورە نیم، پیاوێكی بچوكم"، بارزانی ئەمەی وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەكانی مانگی رابردووی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسكردووە كە وتی:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلالو نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی نیمو سەرۆكی كوردمو هەرچی كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای من".
بارزانی بە ڕوونی بە بەرهەم ساڵحی وتووە:" ئێوە لێرە دەڵێن پیاوی گەورەنو لە دەرەوەش هاوڕێكانتان پێمان دەڵێن پیاوی بچوك.. من هەرگیز شتم بیر ناچێت، بەتایبەت ئەو قسانەی لە میدیاكانەوە پێم دەڵێن".
لەبەرامبەردا بەرهەم ساڵح، زمانی قسەكردنی لە موجامەلەوە گۆڕیوە بۆ رەخنەو كۆمەڵێك گلەیی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی كردووەو پێی وتووە:" بڕیاری حكومیو سیاسی ماوەیەكی درێژ لای ئێوە بووە، كوا ئەو بەڵێنانەی بەخەڵك دراوە، ئێوە هۆكاری ئەم دۆخەن، گەندەڵیو مەحسوبیەت زیادیكردووەو كەمینەكردووە".
بەرهەم ساڵح پرسیاری لە بارزانی كردووە:" ئێوە ئاگادارن چی رودەدات ؟ ئێستا خەڵك نائومێدە، حزب بازاڕو كەسابەتی لە خەڵكی سەندوەتەوە.. دۆستەكانمان لە بەغداد گلەییمان لێدەكەن، ئێوە پشتیوانی جدی نین، لە عێراق بەهەموو خراپییەكانەوە لێپرسینەوە هەیە، بەڵام لە كوردستان نییە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێوەیەكی گشتی مەسعود بارزانی ساردسڕ بووە لە میوانداریكردنی بەرهەم ساڵح.
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، هۆكاری ساردوسڕییەكەی بارزانی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە" سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بووە، مەسعود بارزانی ئەو سەردانەی بەرهەم ساڵحی بەدەستوەردان لە كێشەكانی ناو بنەماڵەكەی لەم كاتەدا لێكداوەتەوە".
سایتی بارەگای بارزانی هەواڵی سەردانەكەی بەرهەم ساڵحی بۆلای مەسعود بارزانی بەمشێوەیە روماڵكردووە" لە دیدارەكەدا پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باسو تەئكید لە پێویستیی تەباییو یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە".
رۆژێك دوای ئەم مشتومڕەی نێوان بەرهەم ساڵحو مەسعود بارزانی، بەدیاریكراوە لە رۆژی 19ی ئەم مانگە، هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازگەی سماقوڵی رێگری كرد لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بچێت بۆ ناو شاری هەولێر، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵحەوە.