Draw Media

پەروەردە بە زمانی ژمارە‌و داتا 

پەروەردە بە زمانی ژمارە‌و داتا 

2019-09-21 13:32:10


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نزیكەی (ملیۆنێك‌و 800 هەزار) قوتابی‌و خوێندكار بۆ ساڵی نوێی خوێندن رویان لە خوێندنگەكان كردەوە، لە دواین یاسای بودجەدا كە ساڵی 2013 دەرچووە، كەرتی پەروەردە رێژەی 16%ی بودجەی گشتی بۆ تەرخانكراوە، بەڵام هێشتا ئەم كەرتە یەكێك لە خراپترین كەرتە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئامارەكانی خوێندنی ساڵی 2017-2018 باسلەوە دەكەن، رێژەی 60%ی بینای خوێندنگەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، نزیكەی (2 هەزار) خوێندنگە زیاتر لە دوو دەوام تاوەكو پێنج دەوامیان تێدا دەكرێت، زیاتر لە (3 هەزار) خوێندنگە كارەبا‌و دیوارو باخچەی تایبەت بەخۆیان نییە، ئەم راپۆرتە بە داتاو ژمارە وردەكاری دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو.

زەنگێكی مەترسیدار
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خوێندنگەیەكی بنەڕەتی شاری دهۆك بەقەیرانێكی كۆنەوە زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020ی لێدا.
نزیكەی (7 هەزار) خوێندنگە ئەمڕۆ دەرگایان بەڕووی نزیكەی (ملیۆنێك‌و 800 هەزار) قوتابی‌و خوێنكاردا كردەوە، واتە رێژەی 32%ی كۆی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان وەكو قوتابی داخڵی پرۆسەی خوێندن بوون، ئەمە جگە لە نزیكەی (130 هەزار) مامۆستا‌و فەرمانبەر كە پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن.
ئەو خوێندنگایەی كە سەرۆكی حكومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی تێیدا لێدا، دوو ناوی هەیە (قوتابخانەی نی رەنگ- قوتابخانەی رێباز)، واتە لە یەك بینادا دوو خوێندنگە هەیە، ئەمە حاڵی زۆربەی خوێندنگەكانە لە هەرێمی كوردستان، یەك بیناو دوو خوێندنگە‌و دوو كاتی جیاوازی دەوامكردن.
سەرۆكی حكومەت لە وتاری دەستپێكی خوێندندا وتی:" بەپێی بەداواچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەرێمی كوردستان پێویستی بە 3500 پۆلی دیكە هەیە بۆ ئەوەی لە كێشەی چەند دەوامی رزگاری بێت‌و قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە قوتابخانەی شیاودا بخوێنن".

كورتەیەك لەبارەی وەزارەتی پەروەردەوە
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە 1992 دامەزراوە، وەزارەتی پەروەردە بە یاسای ژمارە (4) ساڵی (1992) كاری خۆی دەكات. 
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەدا بڵاوكراوەتەوە، لە دیوانی وەزارەت (5) راوێژكار هەیە، لەناو دیوانی وەزارەتدا (12) بەرێوەبەری گشتی هەیە، سەرەڕای بەرێوەبەری گشتی پەروەردەكان، لەگەڵ (7) بەرێوەبەرایەتی لەناو دیوانی وەزارەتی پەروەردە. 
وەزیری نوێی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان ناوی (ئالان حەمەسەعید)ە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم وەزیرە لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا بە گوڕو تینەوە داخڵی پرۆسەكە بووە، بەڵام نازانرێت ئایا دەتوانێت چارەسەری هەندێك لە كێشە زۆرو زەوەندەكانی پەروەردە چارەسەربكات، یاخود وەكو وەزیرەكانی تر هەندێك كێشەی تر بۆ كەرتەكە بەدێدەهێڵێت.
وەزارەتی پەروەردە لەدوای دروستبوونیەوە، زۆرینەی كات لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە بەرپرسیارێتی گەورەی شكستی ئەم كەرتە بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، یەكێتی نیشتمانی بەرپرسیارێتی یەك كابینەی دەكەوێتە ئەستۆ كە ئەو پۆستەی لەدەستدابووە، ئەمە سەرباری بەرپرسارێتی ئەو ماوەیەی كە شەڕی ناوخۆ هەبووە لە نێوان هەردوو پارتەكەدا.
لیستی ناوەی وەزیرەكانی پەروەردە لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
•    ناسیح غەفور كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ساڵی 1992 بوو بە یەكەمین وەزیری پەروەردە لە هەرێمی كوردستان.
•    لە كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێم ناسیح عەفور لە پۆستەكەی مایەوە.
•    ساڵی 1996 بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كابینەی حكومەت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دابەشبوو، حكومەتی هەر لایەك وەزیری پەروەردەی بۆخۆی دانا.
•    ساڵی 2005 حكومەت یەكیگرتەوە، دڵشاد عەبدولرەحمان كە سەربە یەكێتی نیشتمانی بوو، بوو بە یەكەم وەزیری حكومەتی یەكگرتووی نوێی هەرێم.
•    سەفین دزەیی كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ساڵی 2009 بوو بە وەزیری پەروەردە‌و تاوەكو ساڵی 2014 مایەوە.
•    پشتیوان سادق كە سەربە پارتی بوو، لە 2014 بۆ 2018 پۆستی وەزیری پەروەردەی وەرگرت.
•    ئالان حەمە سەعید كە سەربە پارتییە ئێستا وەزیری پەروەردەیە.

پەروەردە بە زمانی ژمارە‌و داتا !
بەپێی راپۆرتی ئینستتیۆتی (پەی) بۆ پەروەردەو گەشەپێدان كە  تایبەت بە خوێندنی ساڵی 2017-2018 ئامادەی كردووە، لەكۆی (5 هەزارو 234) خوێندنگە لە هەرێمی كوردستان:
•    (30)  قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ‌و قوڕ دروستكراون.
•    (3 هەزارو 162) خوێندنگە پێویستان بە نۆژەنكردنەوە، واتە 60%ی كۆی گشتی قوتابخانەكان لە هەرێم. 
•    (هەزارو 785) قوتابخانە دوو دەوامی تێدا دەكرێت.
•    (134) قوتابخانە سێ دەوامی تێدا دەكرێت.
•    (5) قوتابخانە چوار دەوام‌و پێنج دەوامی تێدا دەكرێت.
•    (194) قوتابخانە لە بینای كرێدان.
•    (100) قوتابخانە كارەبایان نیە. 
•    (501) خوێندنگە شورا (دیوار)یان نیە، ئەم ژمارەیە دەكاتە رێژەی (9%)ی كۆی گشتی خوێندنگەكان لە هەرێم.
•    (194) قوتابخانە لە بینای كرێدان.
•    (هەزارو 395) قوتابخانە، قوتابخانەی میوانن، واتە لە بینای تایبەتی خۆیاندا نین. 
•    (2 هەزارو 411) قوتابخانەی باخچەی نیە، كە دەكاتە رێژەی (46%) كۆی گشتی قوتابخانەكان لە هەرێم.
•    لەكۆی (317 هەزارو 619) رەحلەی یەك كەسیی، (36 هەزارو 84) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیە، ( 30 هەزارو 583) رەحلە خراپە.
•    لەكۆی ( 650 هەزارو 82) رەحلەی دوو كەسیی، (78 هەزارو 86) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 53 هەزارو 483) رەحلە خراپە.
•    (350) قوتابخانە تەوالێتی مامۆستای نیەو (159) قوتابخانە تەوالێتی قوتابی نیە.
•    (716) قوتابخانە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی خاوێنی نیە.
•    ژمارەی مامۆستا لەگەڵ میلاكدا یەكناگرێتەوە.
•    (128 هەزارو 424) مامۆستا هەیە، كە (54 هەزارو 110) مامۆستای لە رەگەزی نێر بەرێژەی (42%)و (74 هەزارو 311) مامۆستا لە رەگەزی مێن بە رێژەی (58%).
•    ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێم هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت.

پەروەردە.. بودجەیەكی نادیار !
سەرۆكی حكومەت هیچ قسەیەكی لەبارەی ئەوە نەكرد ئایا بودجەی تەرخانكردووە بۆ كردنەوەی بینای نوێی خوێندنگە یاخود نا، لەبری باسكردنی پرۆژەی حكومەت بۆ چارەسەری كێشەی بینا، داوای لە سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ كرد رۆڵی "نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بگێڕن"و لە هەڵمەتی كردنەوەی قوتابخانەی نوێ بەشداربن.
ماوەی (70) رۆژە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەت تائێستا بودجەی پەسەندنەكردووە، نازانرێت رێژەی لەسەدا چەندی بودجەی گشتی بۆ كەرتی پەروەردە تەرخان دەكات.
لە ساڵی 2013وە تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، بەرپرسان هۆكاری ئەمە بۆ شەڕی "داعش"‌و قەیرانی دارایی دەگێڕنەوە.
لەدواین بودجەی حكومەتی هەرێمدا كە ساڵی 2013 كاری پێكراوە، لە كۆی بودجەی ئەو ساڵە بڕی (ترلیۆنێك‌و 860 ملیار) دینار بۆ كەرتی پەروەردە تەرخانكراوە كە دەكاتەی 16%ی كۆی گشتی بودجەی ئەو ساڵە، ئەوە ساڵی زێڕینی كەرتی پەروەردە بوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە بودجەی تەرخانكراوی وەزارەتی پەروەردە لە هەموو كەرتەكانی تر زیاتربوو، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی بوژاندنەوەی ژێرخانی كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرینەی بودجەكە بۆ موچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی پەروەردە دەرۆیشت نەك كردنەوەی بینای خوێندنگە‌و پرۆژەی پەروەردەیی نوێ.
ساڵی 2013 كە بودجەی وەزارەتی پەروەردە بەرێژەی 16%ی كۆی بودجە دیاریكرا، ژمارەی مامۆستاو فەرمانبەر (167 هەزارو 566) كەس بوو.

وازهێنان لە خوێندن 
دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپ‌و مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووەو ناونوس نەكراون، كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین.
ژمارەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەكۆی (ملیۆنێك‌و 741 هەزارو 762) قوتابی (34 هەزارو 527) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان فاكتەری ئابوری كۆمەڵایەتی هەیە، بەشێكیشی پەیوەستە بە ژینگەی قوتابخانەوە كە ژینگەیەكی نەگونجاوە لەگەڵ خواست‌و ویستەكانیاندا، زۆرێك لە قوتابخانەكان وەك سەربازگە یاخود زیندانێك وان بۆ قوتابیان، بۆیە هەست بە خۆشی‌و ئاسودەیی ناكات لە ناو بینای قوتابخانە، كەمی‌و نەبوونی وانەكانی (وەرزش، میوزیك، هونەر..هتد) كاریگەری زۆری لەسەر وازهێنانی قوتابی هەیە.

چارەسەر
وەزیری نوێی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە دەستبەكاربووە، ئەو وەزارەتێكی وەرگرتووە كە بەدەست ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی سەرەوە دەناڵێنێت.
لە دەستپێكی كارەكانیدا وەزیری نوێ چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشانە كە بریتین لە:
* هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی هەردوو بابەتی ( بیركاری‌و زانست) بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا، كە ئەمە لە رابردوودا كێشەیەكی زۆری بۆ خودی خوێندكاران‌و كەسوكاریان‌و تەناتەت مامۆستایانیش دروست كردبوو.
* قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە لە خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانەوە، ئەوەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان كە چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی حكومییدا وەستاوە.
* پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020).
* ڕێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.
ئەم بڕیارانەی وەزیری پەروەردە ئەگەرچی بۆ  پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن لە هەرێمدا گرنگن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی كێشە قوڵە‌و گەورەكانی ئەو پرۆسەیە ناكات، چونكە چارەسەری كێشەكانی پەروەردە پێویستی بە بودجەی باش‌و پلانی ستراتیژی هەنوكەیی‌و درێژخایەن هەیەۆ بەشێك لەو كێشانە بەمشێوەیە چارەسەر دەبن:
* كەرتی پەروەردە بەدەست كەمی بینا‌و خراپی بیناوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حكومەت‌و وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ بونیاتنانی خوێندنگەی نوێ‌و نۆژەنكردنەوە‌و چاككردنی بیناكان‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا.
* دابینكردنی كەلوپەل‌و پێداویستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردن كە ئێستا تەكنۆلۆژیای پێشكەتوو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لەو پرۆسەیەدا.
* رێكخستنەوەی میلاكی خوێندنگەكان لە مامۆستا‌و فەرمانبەر‌و كارگوزار‌و باخەوان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، چونكە كێشە لە كەمی میلاكدا بەو شێوەیە نییە بەڵكو كێشەكە لە رێكخستنی میلاكاتدا هەیەو هەندێك خوێندنگە میلاكی زۆرە‌و هەندێكیش میلاكی زۆر كەمە.
* چاوخشاندنەوە بە بابەتەكانی خوێندن‌و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەم‌و دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا.
* بایەخدان بە مامۆستایان، كە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردە‌و فێركردنن‌و گۆڕانكاریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندنگەكاندا بەشێوەیەك كە ئەوانەی خوازیارن لەو بوارەدا خزمەت بكەن بواریان بۆ بڕەخسێت‌و ئەوانەشی چەندین ساڵە لەو ئەركەدان‌و ماندووبون پشوو بدەن‌و بگەڕێنەوە‌و خوێندكاران‌و پەروەردەش سود لە ئەزمونیان وەربگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand