مەسرور بارزانی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی دیاری دەكات
2019-09-20 20:35:50
درەو میدیا:
هۆشیار زێباری لەبری (مەسعود بارزانی)، وەڵامی زارەكی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ دەداتەوە" ئاگاداری رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی نیە"، دوای دوو كاتژمێر لە كۆبونەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی دەیەوێت بارودۆخەكە ئارامبكاتەوە، مەسرور بارزانی بەنوسراو كۆمەڵێك دەسەڵات دەداتە قوباد تاڵەبانی، بەڵام قوباد تاڵەبانی رەتی دەكاتەوە.
یەكێتی لە سلێمانی كۆبوەوە!
ئەو كۆبونەوەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بڕیار بوو لە شاری هەولێر ئەنجامی بدات و پەیامێك بگەیەنێتە پارتی لەسەر رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا.
بەپێی زانیارییەكانی(درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەدا چەند بژاردەیەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان خراوەتە روو، بەڵام دواتر بژاردەی ( ئارامگرتن)یان لەم قۆناغەدا پەسەندكردووەو پێیان وابووە كە دۆخەكە هەستیارەو هەرجۆرە هەڵوێستێكی توند، بارودۆخەكە تێكدەكات. هەربۆیە چانسێكی تریان داوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێككەوتنەكە جێبەجێبكات، چونكە یەكێتی بەتەواوی نیگەرانە لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە، لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە تا ئێستا نزیكەی ( 20%)ی رێككەوتنەكەی نێوانیان جێبەجێكراوە، خۆ ئەگەر پارتی رێككەوتەنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكات، ئەوا بیر لە بژاردەی تر دەكەنەوە.
لە دوای كۆبونەوە دوو كاتژمێریەكە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند" جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێكەوتنی سیاسیو ئەو رێكەوتنەی پەیوەستە بەكابینەی نوێی حكومەتەوە گرنتی درێژە پێدانی رێكەوتنەكانمانە، لەكۆبونەوەكەدا جەختمان لەوە كردەوە پابەندی رێكەوتنی خۆمان دەبین لەگەڵ پارتی، هەرچیەك لەناوەڕۆكەكەیدا هەیە جێبەجێ بكرێت"
قوباد بە دەسەڵاتەكان رازی نیە!
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی كۆمەڵێك دەسەڵاتی داوە بە جێگرەكەی( قوباد تاڵەبانی) بەڵام ئەو دەسەڵاتانە زۆر كەمترە لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی هەشتەمدا( نێچیرڤان بارزانی) بۆ ( قوباد تاڵەبانی) دیاریكردبوو، بۆیە قوباد تاڵەبانی ئەو دەسەڵاتانەی رەتكردۆتەوەو نیگەرانیەكانی گەیاندۆتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە كە داوای رونكردنەوە بكرێت لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر دیارینەكردنی دەسەڵاتی تەواو بە جێگرەكەی.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، ئەو دەسەڵاتانەی كە بۆم دیاریكراوە، زۆر كەمترە لە دەسەڵاتەكانی رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنانو راژەی گشتی، تەنانەت لە دەسەڵاتەكانی شەعبان شەعبان چالیش كەمترە كە بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانە.
زێباری لەبری مەسعود بارزانی وەڵام دەداتەوە
لەدوای ناردنی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەكات و پێی رادەگەیەنێت " مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە مەسعود بارزانی کرد ئێمە شتەکەمان وا قورس نەکرد ئێوەش ئەوەندە روداوەكە قورس مەکەن" زێباری ئەوەشی بە كۆسرەت رەسوڵ راگەیاندووە " مەسعود بارزانی پێی وتووە كە ئەو ئاگاداری روداوی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی نیەو ئەو پرسە پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە" بۆیە تیمی یەكێتی لە حكومەت نامەیەك بۆ مەسرور بارزانی دەنێرن لەسەر روداوی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، بەڵام تا ئێستا مەسرور بارزانی وەڵامی تیمی یەكێتی نەداوەتەوەو لە رێگەی وەزیری ناوخۆوە رونكردنەوەیەكی لەسەر روداوەكە بڵاوكردەوەو رایگەیاند" لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەین".
نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ مەسعود بارزانی توندبووە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (خەندان)ی راگەیاندووە" لەنامەكەدا داوای رونكردنەوەمان لە كاك مەسعود كردوە و پێمانوتوە كە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە جێگەی قبوڵكردن نییە و دەبێت لێی بكۆڵدرێتەوە و چارەسەربكرێت، ئەمە یەكەمین جاری نییە پارتی كاری وادەكات، لەگەڵ یەكگرتو، لەگەڵ حزبی دیكە، بۆیە دەبێت بزانن چۆن چارەسەردەكرێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ببینە شەریكی راستەقینە لە سەرەتاسەری كوردستان، ئەو مامەڵەیەی ئەمڕۆ كراوە مامەڵەی دروستبونی دو ئیدارەیی و ئیجباركردنە بۆ دروستبونی دو ئیدارەیی، ئەوە مامەڵەی یەك ئیدارەیی و یەك هەرێمی و نەهێشتنی كارەساتی دوئیدارەیی كۆتایی پێ بهێنێت".
هۆكاری رێگری لە مەحمود سەنگاوی؟
تا ئێستا بەرەسمی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لە هۆكاری رێگریكردن نەكردووە لە ( مەحمود سەنگاوی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە دوێنی لە بازگەی سماقوڵی رێگری لێكرا كە دەویست بچێتە هەولێر بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە( درەو میدیا) لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە باس لە دوو هۆكار دەكرێت:.
• هۆكاری سەرەكی رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، نیگەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە زیاد بونی جموجوڵی سەركردە و كۆبونەوەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كوردستان لەو شارە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند: راستە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی زۆر نیگەران بوون لە وتارەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوی مەحمود سەنگاوی بەرامبەر بە مەسعود بارزانی، بەڵام تەنها ئەوە هۆكاری رێگریكردن نەبوو، بەڵكو هۆكارە سەرەكیەكە زیادبونی جموجوڵ و كۆبونەوەكانی یەكێتی بووە لە هەولێر.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكانی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا، بڕیاردراوە لە پێناو دوورخستنەوەی كێشەو فەوزا لە دەڤەری سلێمانی و زیادكردنی چالاكیان لە هەولێری پایتەخت، بەشێك لە كۆبونەوەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بگوازرێتەوە هەولێر و سەركردەكانی یەكێتیش زیاتر و بونیان هەبێت لە هەولێر، چونكە سەركردەكانی یەكێتی پێیان وابووە كە یەكێتی بەتەواوی لە هەولێر پاشەكشەی كردووەو دەیانەوێت پێگەی یەكێتی لە هەولێر بەهێز بكەنەوە.
سەرچاوە باڵاكەی پارتی ئەوەشی بۆ(درەو میدیا) ئاشكراكرد، كە " لە ماوەی رابردوودا جموجوڵی یەكێتی لە هەولێر سەركردایەتی پارتی نیگەرانكردووە، زۆرینەی هەرە زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە سلێمانین بەڵام بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیان هاتونەتە هەولێر، سەرەرای ئەوەیش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەو ماوەیەدا گەشتێكی بۆ هەولێركردووە، هەموو ئەو جموجوڵانەی یەكێتی پارتی نیگەرانكردووە.
• تۆڵەكردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكی (مەحمود سەنگاوی) كە لە حوزەیرانی رابردوو هێرشی توندی كردە سەر مەسعود بارزانی و بە "پیاوێكی زۆر بچوك"ی لەقەڵەمدا، ئەو لێدوانە لە كاتی خۆیدا مەسعود بارزانی و لایەنگرانی پارتی زۆر توڕەكرد بە جۆرێك بارەگای بارزانی لە وەڵامی مەحمود سەنگاویدا دەڵێت" مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە".
لێدوانی بەشێك لەبەرپرسانی پارتی ئەوە دەخەنە روو كە ئەو لێدوانە توندەی (مەحمود سەنگاوی) هۆكارێك بووە بۆ رێگریكردنەكە، شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" مانگێك نابێت كاك محمود لەمیدیای بینراو بێرێزی بەرامبەر مەرجەعی گەلەكەمان و سەرۆكی پارتی كرد خۆ تا ئێستا وامانگێك تێپەر دەبێت نە یەكێتی نە كاك محمود داوای لێبوردنیان لە قیادەو ئەندام و لایەنگرانی پارتی نەكردوە"