Draw Media

كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی ناڕەزایەتی بۆ بارزانی دەنێرێت

كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی ناڕەزایەتی بۆ بارزانی دەنێرێت

2019-09-19 15:22:57


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
یەكێتی ئامادەكاری دەكرد بۆ ئەوەی لە هەولێرەوە پەیامێكی بەهێز لەبارەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بە پارتی بدات، بەڵام پارتی بە رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی، سەرەنجی لەسەر كۆبونەوەكە هەڵگرت، ئەمە یەكێتییەكانی زیاتر توڕەكرد، كۆسرەت رەسوڵ عەلی نامەیەكی توندی بۆ مەسعود بارزانی نارد، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی‌و ناوەڕۆكی نامەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ بارزانی‌و چیرۆكی "دێگەڵە‌و پردێ‌و سماقوڵی"‌و ریشەی كێشەی سنور لەنێوان پارتی‌و یەكێتی دەگێڕێتەوە.

سەنگاوی.. دواین ئەلقەی زنجیرەیەك
بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردسان لە بازگەی "سماقوڵی" رێگریی لە مەحمەد سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد بچێتە ناو شاری هەولێرەوە.
مەحمود سەنگاوی بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەرێكەوتبوو، بەڵام لەكاتی گەیشتنی بە بازگەكە، هێزێكی زۆری پارتی دەبینێت كە بڵاوەیانپێكراوە، هێزەكە داوای لێدەكەن بگەڕێتەوە‌و رێگای تێپەڕبوونی پێنادەن، هەندێك دەمەقاڵێ دروستدەبێت‌و مەحمود سەنگاوی ناچار بە گەڕانەوە دەكرێت بۆ ناو شاری سلێمانی.
ئێستا سەنگاوی لە ماڵەكەی خۆیەتی لە شاری سلێمانی، (درەو میدیا) هەوڵیدا لەبارەی رووداوەكەوە قسەی لەگەڵدا بكات، بەڵام یەكێك لە كەسە نزیكەكانی وەڵامی تەلەفۆنەكەی دایەوە‌و پێی راگەیاندین، خەڵكێكی زۆر سەردانیان كردووە‌و ئێستا ناتوانێت قسە بكات.
مانگی حوزەیرانی رابردوو، مەحمود سەنگاوی لە وتارێكدا لەبەردەم پێشمەرگە دێرینەكانی حزبەكەی لە گەرمیان، رەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی گرت‌و وتی:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی‌ دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی‌ نیم‌و سەرۆكی‌ كوردم‌و هەرچی‌ كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای‌ من".
سەنگاوی بەم لێدوانە‌و چەند لێدوانێكی پێشتری پارتییەكانی توڕەكرد، بۆیە پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن رێگریكردنی ئەمڕۆی پارتی، پەیوەندی بە لێدوانە توندەكانی ئەوەوە هەبێت لەبارەی پارتی‌و سەركردەكانییەوە.

وەزارەتی ناوخۆ: لێكۆڵینەوە دەكەین
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەكە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكردو رایگەیاند" وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەین‌و حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانین لەو كارە".
لەتیف شێخ عومەر وتی:" قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی روداوەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ:" لە زاڵگەیەكی دۆڵی سماقۆلی رووداوێكی نەخوازراو روویداوە، كە هیچ بڕیارو راسپاردەی لە پشتەوە نەبووە. بۆیە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە، لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەنجام دەدەین..".
بەر لە بڵاوبوونەوەی رونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرچاویەكی ئەمنی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەبەرامبەر رێگریكردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر، یەكێتیش رێگری دەكات لە هاتنی بەرپرسانی باڵای پارتی بۆ ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بازگەكان ئاگاداركراونەتەوە".
بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی ئێستا هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە‌و رێگریكردن لە دروستبوونی گرژی زیاتر.
كاردانەوەی بەرپرسانی پارتی لەبارەی رووداوەكە جۆراوجۆرە، كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی:" بەرپرسی بازگەكە بە مەحمود سەنگاوی وتووە چاوەڕێ بكەن تا تەلەفۆنێك دەكەم، بەڵام مەحمود سەنگاوی چاوەڕێی نەكردووەو گەڕاوەتەوە، بۆیە كێشەیەكی گەورە نەبووە، میدیاكان گەورەیان كردووە".
بەڵام بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەڵێ:" دەكرێت كاك مەحمود سەنگاوی نەناسرابێتەوە، بۆیە رێگری لێكراوە، لەبەرئەوە رێگریكردنەكە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە نەبووە".

نامەیەك لە كۆسرەت رەسوڵەوە بۆ بارزانی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو كۆبونەوەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە مەحمود سەنگاوی بۆ بەشداریكردن تێیدا بەرەو هەولێر بەڕێكەوتووە، كۆبونەوەیەكی هەستیار بووە لەبارەی چارەنوسی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بڕیاردراوە لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر چارەنوسی مانەوە یاخود دەرچوونی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت بدرێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەشێكی زۆر سەركردەكانی یەكێتی (بەدیاریكراوی گروپی كەركوكییەكان ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی) نیگەرانن لەوەی كە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهینانی كابینەی نوێ بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە.
هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی باسلەوە دەكەن، ئەوەی تائێستا لە رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی جێبەجێكراوە، تەنیا 20%ی رێككەوتنەكەیە، پۆستی پارێزگاری كەركوك هێشتا یەكلانەكراوەتەوە، دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتدا نادیارە، پۆستی سەرۆكی سێ دەستە كە بەر یەكێتی كەوتووە هێشتا پڕنەكراوەتەوە، خالید شوانی وەكو وەزیری هەرێم دەستبەكاربووە بەڵام هێشتا ناونیشان‌و ئەركەكەی نادیارە‌و فەرمانی بۆ دەرنەكراوە. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەسەر راسپاردەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، نامەیەكی توندی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە.
لەنامەكەدا كۆسرەت رەسوڵ پرسی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و رووداوی رێگریكردنەكەی بازگەی سماقوڵی لە مەحمود سەنگاوی تێكەڵكردووە‌و داوا لە بارزانی خۆی بێتە ناوەوە‌و دەستوەردان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

لە سماقوڵییەوە بۆ دێگەڵە !
ئەو بازگەیەی كە تێیدا رێگری لە تێپەڕبوونی مەحمود سەنگاوی كرا، ناوی بازگەی "سماقوڵی"یە، دەكەوێتە دۆڵی سماقوڵی سەربە ناحیەی دێگەڵە، (سماقوڵی)‌و دەربەندی (گۆمەسپان) بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
لەناو دۆڵی سماقوڵیدا سێ گوند هەن كە هەرسێكیان ناویان "سماقوڵی"یە، بازگەی سماقوڵی كە رووداوەكەی ئەمڕۆ تێیدا رویداوە (15 بۆ 20) كیلۆمەتر لە ناحیەی دێگەڵەی سەربە قەزای كۆیەوە دورە، دێگەڵە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هاوشێوەی سنوری نێوان كۆریای باكورو كۆریای باشوری لێهاتووە، سەرباری ئاشتەوایی نێوان هەردوو حزب‌و راگرتنی شەڕ لە ساڵی 1998دا، بەڵام هەمیشە دێگەڵە وەكو هێڵی جیاكەرەوەی دەسەڵات‌و قەڵەمڕەوی نێوان پارتی‌و یەكێتی ماوەتەوە.
رۆژی "31ی ئابی 1996" لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، هێزەكانی پارتی بە پاڵپشتی هێزەكانی سوپای عێراق، هێزەكانی یەكێتیان لە هەولێر دەركرد‌و دواتر یەكێتی بەتەواوەتی لە سنوری هەرێمی كوردستان كرایە دەرەوە، دوای (40 رۆژ) مانەوە لەناو سنورەكانی ئێران، هێزەكانی یەكێتی هێرشیان هێنا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی كە لە رووداوەكانی 31ی ئابدا لەدەستیان دابوو (پارتی دەڵێن لەو هێرشەدا سوپای پاسدارانی ئێران پاڵپشتی هێزەكانی یەكێتی كردووە).
یەكێتی دەستیكرد بە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان، رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 1996 پێشڕەوی هێزەكانی یەكێتی بە بڕیارێكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی لە سنوری ناحیەی "دێگەڵە" راوەستا، ئیتر لەوكاتەوە "دێگەڵە" بوو بە ناوێكی ناسراو لە فەرهەنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا.
رۆژانی دوای راگرتنی شەڕی ناوخۆ، كاتێك پارتی لە هەولێر حكومەتێكی بە سەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیس‌و یەكێتیش لە سلێمانی حكومەتێكی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ دروستكرد، دێگەڵە سنوری جیاكەرەوەی دوو حكومەتەكە بوو.
ساڵی 2005 یەكێتی‌و پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە دواتر ناوی لێنرا "رێككەوتنی ستراتیژی" حكومەتیان یەكخست‌و لەو كاتەوە لە هەرێمی كوردستان یەك حكومەتی هەیە، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە هێڵی سنوری دێگەڵە كاڵ بكاتەوە، رۆژانی دانوستانی ئاشتی، هونەرمەندی شێوەكار (ئیسماعیل خەیات) هەندێك لە بەردەكانی سنوری دێگەڵەی رەنگ كرد‌و وێنەی لەسەر كێشان، ئەو بەو كارە داوای ئاشتی دەكرد، وێنەی سەر ئەو بەردانە بەمدواییە كاڵبوونەوە، بەڵام هەندێك گەنجی شێوەكار، چونە شوێنەكە‌و تابلۆی سەربەردەكانیان لەسەر هێڵكارییەكەی كۆنەكەی ئیسماعیل خەیات تۆخكردەوە، رەنگە ئەمە نیشاندەری ئەوەبێت هێشتا زۆر كەس لە كوردستان باوەڕیان بەوە نەهێناوە كە سەردەمی "دوو ئیدارەیی" كۆتایی هاتووە. 

ریشەیەكی مێژویی
سنورو جیاكردنەوەی قەڵەمڕەویی لە مێژووی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كورددا لە باشوری كوردستان ریشەی هەیە.
ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردوو، باڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی پارتی جیابووەوە، دوای ئەم جیابونەوەیە سنوری كاركردنی هەردوولا لە یەكتر جیاكرایەوە.
ساڵی 1975 دوای ئاوابوونی شۆڕشی كورد بە رێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی، یەكێتی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی دروستكرا، یەكێتییەكان ئەم رووداوەیان ناوناوە "شۆڕشی نوێ"، لەگەڵ دروستبوونی یەكێتیدا "شۆڕشی كۆن"‌و "شۆڕشی نوێ" لەسەر ناوچەی جێنفوز كەوتنە ململانێی‌و دواتر ناوچەی قەڵەمڕەوی هەردوو شۆڕشەكە لەیەكتر جیاكرانەوە، بەڵام بەشێوەی فەرمی لەدوای دروستبوونی بەرەی كوردستانییەوە لە 7ی ئایاری 1987 سنوری چالاكی نێوان یەكێتی‌و دیاریكرا، لەوكاتەدا تەواوی گوندەكانی كوردستان لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو، بەپێی رێككەوتنەكە:
•     پارتی سنوری دەسەڵاتی لە بادینان‌و یەكێتیش لە سلێمانی‌و هەولێرو كەركوك دەبێت.
•    رێگە بە پارتی دەدرێت سەردانی ناوچەكانی ژێر دەستی یەكێتی بكات، بەڵام بۆی نیە هیچ چالاكییەك لە سنوری دەسەڵاتی هێزەكانی یەكێتی ئەنجام بدات.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە
لە سنوری ناوچەی جیاكەرەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەردەوام مێژووی خۆی دووبارە دەكاتەوە.
یەكەمین رێگری ئاشكرا دوای كۆتایهاتنی سەردەمی "دوو ئیدارەیی" لە سنوری دێگەڵە لە ساڵی 2013دا بوو، لەسەروبەندی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی بەمەبەستی بەشداریكردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرو شاری هەولێر بەڕێكەوت، بەڵام هێزێكی سەربە پارتی رێگری لێكرد بچێتەناو هەولێرەوە، ئەوە لەكاتێكدا بوو كۆسرەت رەسوڵ سەرباری پۆستە حزبییەكەی پۆستێكی حكومی هەبوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، واتە جێگری مەسعود بارزانی بوو.
لە دووەم هەنگاویشدا كاتێك پەرلەمانتارانی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی دژی بڕیارو هەڵوێستەكانی پارتی هەڵوێستی توندیان نواند، پارتی لە 15ی ئابی 2015دا لە بازگەی دێگەڵە رێگری لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری گۆڕان كرد بگەڕێنەوە بۆسەر كارەكانیان، پەرلەمانتارەكان بە ناچاری بەرەو سلێمانی گەڕانەوە.
هەمان ساڵ‌و لە رۆژی 10 ئۆكتۆبەردا هێزەكانی پارتی نوسینگەی كەناڵی (NRT) لە هەولێر داخست‌و كارمەندەكانی نوسینگەكەیان لە سنوری دێگەڵەوە ئاودیوی سلێمانی كردەوە.
رۆژی 12ی ئۆكتۆبەری 2015 پرسی سنورو دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی خۆی نمایشكردەوە، هێزێكی پارتی لە بازگەی (پردێ)ی نێوان هەولێرو كەركوك، رێگرییان لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆسەر كارەكەی لە شاری هەولێر (ئەوكات ناكۆكییەكان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و چارەنوسی پۆستەكەی مەسعود بارزانی گەیشتبووە لوتكە).
رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی دواین ئەلقەی زنجیرە چیرۆكێكە كە باس لەوەدەكات دوای 28 ساڵ لە رزگاربوون لە دەستی حوكمڕانی بەعس‌و دروستكردنی حوكمی خۆماڵی، هێشتا كورد لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە ئیدارەیەكی یەكگرتوو دروستبكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand