یەكێتی: رێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی جێگای قبوڵكردن نیە
2019-09-19 11:00:07
(درەو میدیا):
بەیانی ئەمرۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە بازگەی گۆمەسپان (یەكەم بازگەی پارتی دیموكراتی كوردستان) رێگری لێدەكرێت.
بەرپرسانی بازگەكە داوای لێدەكەن" باشترە نەچێتە هەولێر"، هێزێكی زۆر لەو ناوچەیە كۆدەكرێتەوە بۆ رێگری لە مەحمود سەنگاوی، دەمەقاڵی دروست دەبێت لە نێوانیاندا، مەحمود سەنگاوی دەگەڕێتەوەو ناچێتەوە هەولێر.
لەبەرامبەر ئەو رێگریەدا، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و رایگەیاند" وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەين و حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانين لەو كارە".
لەتیف شێخ عومەر وتى:" قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە".
سەرچاویەكی باڵای ئەمنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەبەرامبەر رێگریكردن لە چوونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر، یەكێتیش رێگری دەكات لە هاتنی بەرپرسانی باڵای پارتی بۆ ناوچەی سەوز، بۆ ئەو مەبەستەش بازگەكان ئاگاداركراونەتەوە".
مانگی حوزەیرانی رابردوو مەحمود سەنگاوی لە لێدوانێكدا رەخنەی توندی لە مەسعود بارزانی گرت و رایگەیاند:" مەسعود بارزانی زۆر بچوكە، ئەگەر پیاوێكی بچوك نەبوایە دوای كۆچی دوایی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بەیانێكی دەردەكردو دەیوت ئیتر من پارتی نیم و سەرۆكی كوردم و هەرچی كێشەیەكتان هەبوو بێنە لای من".