ئاوەڵزاوایەكی كۆسرەت رەسوڵ بۆ پارێزگاری كەركوك كاندید دەكرێت
2019-09-04 08:45:35
درەو میدیا:
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدێكی تر بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكەن.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە(درەو میدیا)ی راگەیاند: پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی ( كەریم حەمەبۆر كاكەیی) رێككەوتوون بۆ پارێزگاری كەركوك.
بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) كاندیدكردنی كەریم حەمەبۆر كاكەیی دوای ئەوە هاتووە، لیژنە هاوبەشەكەیاندا لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبونەتەوە بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پارتی و یەكێتیش ناڕازیبوون بە دانانی تەیب جەبار و بەراشكاوی وتویانە دەنگی پێنادەن.
كەریم حەمەبۆر كاكەیی ئاوەڵزاوی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیە و لە شاری هەولێر دادەنیشێت، بەڵام سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئەوەشی ئاشكراكرد، رەزامەندی پارتیشی بۆ وەرگیراوە، ئاماژەی بە دوو سیناریۆ كرد لە دیاریكردنی كەریم حەمبۆر كاكەیی بۆ پارێزگاری كەركوك:
سیناریۆی یەكەم: لەبەر ئەوەی لە كۆبونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەندامانی لیستی برایەتی یەكێتی و پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژە بەوە كراوە، كە لەرووی یاساییەوە دەبێت(3) كاندید هەبێت بۆ پارێزگاری كەركوك لە ناو ئەنجومەنی پارێزگار، بۆیە نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت، لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی هەوڵ ئەدەن دوو كاندیدی تر زیاد بكەن، یەكێك لەو كاندیدانەش كەریم حەمەبۆر كاكەییە، دیاریكردنی بۆ زیادكردنی كاندیدەكانە.
سیناریۆی دووەم: بەهۆی ناڕازی بونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەبەرامبەر كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك، یەكێتی و پارتی بیریان لە كاندیدی دیكە كردووەتەوە، چونكە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دژی كاندیدكردنی بوون، بە بیانۆی ئەوەی پرسیان پێنەكراوە لە دیاریكردنیدا.
لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019، لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك.
وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە:
- یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان
- پارتی: ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز
وەفدەكە بەجیا لەگەڵ ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە.
بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە, لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 40 ) رۆژ واتا هێشتا ( 5) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە.