"لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین، لەدەوڵەتانی دنیا ئەنجومەنی حیزبەكان نیە"
2019-09-04 07:44:20
درەو میدیا:
د. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت كە" سەردەمی شاخمان بەڕێكرد، لەدەوڵەتانی دنیا ئەنجومەنی حیزبەكان نیە، بۆیە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین كە پەرلەمان و حكومەتە، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی."
د. شۆڕش حاجی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەپێی پرەنسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئێمە لەگەڵ دامەزراوەی هاوچەرخین بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان وە لەوەشدا لەگەڵ ئەوەین كەدامەزراوەی هاوچەرخ كە پەرلەمانی كوردستان "مەرجەع" بێت هەم بۆ دەركردنی یاسا و چاودێری كردنی حكومەت وەهەم بۆ باسكردنی هەر مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی یا هەر بەرنامەیەكی تر كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەو سەردەمەمان بەڕێكردووە كە سەردەمی شاخ بوو لە "غیابی" پەرلەمان و حكومەت هەموو حیزبەكان ئەوەی كە پێی دەوترێت ئەنجومەن ئێستا، بەڵام ئەوكات بەرەی كوردستانی بوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی كە ڕوبەڕوی گەلەكەمان دەبوەوە تا یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بین كە ئەوە 28 ساڵ تێپەڕی بەسەر پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە پەرلەمان ببێتە مەرجەع."
د.شۆڕش حاجی زیاتر ڕونیكردەوە" مەبەستم ئەوەیە بەرەی كوردستانی لەوكاتەدا گرنگ بوو بۆ یەكخستنی ڕای لایەنەكان بەڵام ئەو سەردەمە تێپەڕی سەردەمی ئێستا، سەردەمی پەرلەمان و حكومەت و هەڵبژاردنە لەدەوڵەتەكانی دنیا ئەنجومەنی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا نیە، من خۆم وەك شۆڕش حاجی لەگەڵ ئەوەم كەسی یەكەم و دووەمی حیزبەكان یا لەناو پەرلەمانی كوردستان یا لەناو حكومەتدا بن لەدەرەوەی دامەزراوەی حكومەت و پەرلەمان هیچ كەس مەرجەع نەبێت، مەرجەع لای ئێمە پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەكانێتی."
د.شۆڕش حاجی دەڵێت" ئەو حیزبانە دامەزراوەی ڕێكخراوەیی خۆیان هەیە، وە ڕێگای تر هەیە كە ئەو حیزبانە بتوانن بۆچونی خۆیان بگەیەنن ئەویش لەڕێگای نوێنەرەكانیان دەتوانن لەگەڵ ئەو حیزبانەی نوێنەرییان لەپەرلەمان و حكومەت هەیە كۆبننەوە و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان لەسەر پرسەكان بگەیەنن، ڕێزم هەیە بۆ هەموو حیزبەكان بەڵام كاتێك حیزبێك لەو ئاستەدا نەبێت هیچ نوێنەری لەپەلەمان و حكومەت نەبێت ناكرێت ئێمە بچین لەبەر خاتری ئەوان سی ساڵ بگەڕێینەوە دواوە وەكو سەردەمی شاخ یان وەك ئەوەی ئێمە بچین ئەنجومەنێك بۆ هۆزەكانی ئەمەزۆن دروست بكەین."