Draw Media

لیستەكان چاویان لە دەنگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە

لیستەكان چاویان لە دەنگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە

2018-04-19 13:20:59


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف 

یەكێتی پەرێشانترین هێزی هەڵبژاردن
ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەرفراونە، بەوەی لە ساڵی 1976 ەوە شەهید دەدات و بەهەزاران خانەوادەی شەهیدی هەیە، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرە رۆژنامەنووس و نوسەر و رۆشنبیر و خوێنی نوێ و گەرمە سیاسییەی كە هەیەتی، بەڵام ئێستا ئەم هێزە بەهۆی باڵباڵێن و نەبوونی گوتارێكی روون بۆ پرس و پێشهاتەكان، ئەم هێزەی سەرگەردان كردووە، قۆرغكردنی سەركردایەتی و بڕیاربەدەستی ئەم هێزە، لەلایەن كۆمەڵێك دەموچاوەوە ئەم هێزەی بەجۆرێك پەرێشان كردووە، كە نازانێت لەكوێوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەكانی بەردەمی ببێتەوە، چی ئاڵنگارییە دەرەكییەكان چی ناوخۆییەکان، كە یەكێتی لەناوە و دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت، كێشە ناوخۆییەكانی كەمتر نین لە كێشە دەرەكییەكانی.
لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی خاوەنی گوتار و بەرنامەیەكی روونی نیە، دروشمی سەرەكیان ( بەدەستهێنانەوەی ئایندەیە) واتا خۆیان بڕیاریانداوە ئایندەیان لە دەستداوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەن، ئێستا یەكێتی هێزێكی پەراوێزخراوی سەرگەردانە، بەتەنها ماوەتەوە، ژمارەیەك لیستیش چاویان بڕیوەتە دەنگەكانی، هەرچەندە ئێستا یەكێتی رووی تیرەكانی لەو هێزە نوێیانەن كە چاویان لە دەنگەكانیەتی، بەڵام ئەوەی جەستەی یەكێتی شەكەت كردووە سەرەڕای ململانێ و یەكترشكاندنی باڵەكانی، دۆستە هاوپشتەكەیەتی كە ئێستا ئەویش پشتی تێكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەماوەی رابردوودا پارتی بۆ میكیاژكردنی دەسەڵاتی خۆی، هەمیشە یەكێتی بەكارهێناوە و یەكێتیش هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو حوكمرانییە بووە كە هەمیشە هێلکەكەی بۆ پارتی بووە و ریقنەكەشی بۆ یەكێتی.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبری گەشەكردن، بە بەردەوامی ئاستی دەنگەكانی كەمیكردووە، بۆنمونە لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی ( 349.164 ) دەنگ زیاتر لە ( 207.168 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (60%)ی دەنگەكانی سلێمانی ، لە هەڵبژاردنی 2005 ی لە كۆی (736.734) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ( 485.718) بە رێژەی (66%)، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 لە كۆی ( 1.168.459 ) زیاتر لە ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) واتا لە ماوەی 26 ساڵدا لەبری گەشەكردن بەرێژەی ( 27%) دەنگەكانی كەمیكردووە. 
دابەزینی كێرڤی دەنگەكانی یەكێتی هێندەی پەیوەستە بە ناوخۆی ئەو حیزبە و سەركردایەتییەكەی، هێندە پەیوەست نیە بە كارتێكەرە دەرەكییەكان، ئەم هێزە لە رابردوودا هەمیشە خۆی نوێ دەكردەوە و لە ئاستی كێشە و گۆڕانكارییەكاندا هەڵوێستی جدی هەبوو، بەڵام نەخۆشی ناوخۆیی یەكێتی و ململانێ و ناكۆكی سەركردایەتییەكەی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی و خێزانی  بەتەواوی ئەو هێزەی دوورخستەوە لە بەرنامە و پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی، ئێستا ناوەندی بڕیاری ئەو هێزە دیار نیە، هەركەسەو خۆی بە جەمسەر و باڵی سەرەكی دادەنێت، بەڵام جەوهەری بڕیاری یەكێتی لە ماڵی تاڵەبانییەوە دەدرێت و ئاسۆكانی داهاتووش بەرەو ئەوە دەڕۆن كە دواجار یەكێتی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی دەڕوات و دواجار ماڵی مام جەلال دەبنە چەقی بڕیاری سیاسی ئەو حزبە.   
یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 21 كورسی هەبووە ( سلێمانی 6 كورسی، كەركوك 6 ، هەولێر 4 ، دهۆك 1 ، دیالە 2 ، نەینەوا 2 كورسی ) بەو پێیەش یەكێتی لە سلێمانی ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) و 6 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر ( 168.688 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 23%) و 4 كورسی بەدەستهێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش ( 37.457 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 1 كورسی واتا لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكێتی ( 11) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا سەرەڕای بزوتنەوەی گۆڕان كە بەردەوام دەنگی یەكێتی بردووە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكە ئەمجارە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات هەروەك و لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی برد، سەرەرای لیستەكەی د. بەرهەم، جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، واتا یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا نەشتەرگەییەكی گەورەی بۆ دەكرێت و رەنگە ئەم هێزە بەشێك لە جەستەی لێبكرێتەوە و بچوكتر بێتەوە، وەك ئەوەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دانی بەوەدانا كە دەنگەكانیان دادەبەزێت.
ئێستا قسەكە لەسەر ئەوە نەماوە دەنگەكانی یەكێتی بە دروستبونی لیستەكەی بەرهەم ساڵح كەم دەكات، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە كامیان زۆرتر دەنگی یەكێتی دەبەن، لیستی یەكێتی یان لیستی هاوپەیمانی و دادپەروەری. 
ئێستا یەكێتی پەرێشانترین هێزی ناو هەڵبژاردنەكانە، نەك وەك ساڵانی رابردوو ڕکابەری  پارتی و گۆڕان نیە، بەڵكو بوەتە رکابەری هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، چونكە بە روونی دەزانێت، ئەوەی دەنگی یەكێتی دەبات ئەو دوو هێزەن، نەك گۆڕان و پارتی. 
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە(  1/6/1976 دامەزراوەو سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە، لەو كاتە تا كۆچی دوایی تاڵەبانی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكەن.
لەماوەی چوارساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتییانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەڕای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام هێشتا حكومەتداری لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوەدەبات.

خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو
1-هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكستان و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا رویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە، چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان، حكومەت هەڵدەوەشایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا.
2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا.
3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حێزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا.
4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامەو پرەنسیپی حیزبی نەرۆیشتووە هێندەی بەرژەوەندی ئاڕاستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێ.
5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكەو بەشێك لەسەركردەكانی.
6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لێیان دراوەو كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی.
7- پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتداو لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە.
8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات.
9- خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو.
10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لێستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی بە بەرهەم ساڵح كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت.
11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردانی ناو یەكێتی كە بڕیاری ناویەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكانەوە، ئەمە زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە لاوازانەدا كۆمەلێك خاڵی بەهێزی هەرماوە، بەو پێیەی یەكێتی خاوەنی بنكەی جەماوەری خۆیەتی و خاوەندی هەیكەلی حیزبی و هێزوو دەسەڵاتی حكومداری خۆیەتی لەناوچەی سەوز، واتا كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی كەمترین كاریگەری هەبووە لەسەر دەسەڵاتی ئەو حزبە لەناوچی جێنفوزی خۆی.   

خاڵی بەهێزی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو:
1-    یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال، ئەگەر كۆچی ئەو بۆشایی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی. 
2-    هێشتا هێزی دەسەڵاتداری لە سنوری زۆنی سەوزو سەرەڕای كەمكردنی دەنگەكانی.
3-    بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتەكانی، بەبەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێنفوزی.
4-    سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی.
5-    ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن. 

ئەگەرەكانی هەستانەوەی ئەم هێزە ئەگەرێكی قورس نیە ئەم هێزە دەتوانێت هەستێتەوە و گەشە بەخۆی بدات، تەنها رێگەی هەستانەوە و چارەسەركردنی خۆرەی ناوخۆییە، كە لە مێژە جەستەی ئەو هێزەی داڕزاندووە، بەڵام بەبونی مام جەلال ئەو خۆرەیە كاریگەری نەبووە و نەیانتوانیوە سەر دەركات، بەڵام ئێستا ئەو خۆرانە لە جەستەی یەكێتی سەریان دەركردووە، بەبێ بڕینی سەری ئەو خۆرانە و هێنانە پێشەوەی كادری ناوەندی كە رەنگە كەم هێز هەبێت وەك یەكێتی كادری خوێن گەرم و لێهاتووی هەبێت، ئەو هێزە ناتوانێت ببێتەوە بە هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی كوردستان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand