Draw Media

" كەس دژی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان نیە"

" كەس دژی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان نیە"

2019-09-03 07:33:50


درەو میدیا:
" كەس دژی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان نیەو دەبێت حیزبەكان خۆیان تەكلیف لە كاك مەسعود بارزانی بكەن بۆ سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە، وە بڕواناكەم كەسیش دژی سەرۆكایەتی كردنی بێت." ئەمە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە كە لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریكا راگەیاندووە.
 مانگی تەموزی رابردوو (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا بەناوی" بارزانی بەیاسا دەكرێتە مەرجەع" راپۆرتێكی ووردی لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە.
بە وتەی محەمەدی حاجی مەحمود كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی حزبەكانی پێباشە" من پێم وایە هەموو حیزبەكان پێیان باشە و كەس دژی نەبووە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە من یەكەمجار لەگەڵ بەڕێز كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی دانیشتم و ئەو بابەتەم پێشنیار كرد ئەوانیش پێشوازییان لێكرد و وتیان شتێكی باشە."
پاساوی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە لای محەمەدی حاجی مەحمود بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە " ڕاستە لەكوردستان سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك لە حیزبەكان لە حكومەتدا نین وە كۆمەڵێكی تریشیان لە هیچیاندا نین، ئێستا زۆرێك لە حیزبەكان چوار ساڵە پێكەوە كۆنەبونەتەوە لەكاتێكدا هەموویان ئامانجیان یەكە و بۆ كورد و دەزگا شەرعیەكان كاردەكەن ئەمانە خۆی بۆی هەموویان وەشتێكی پێویستە كە كۆیان بكاتەوە كە ئەمە ئەنجومەنێكە ڕاوێژكارییە، سیاسیە هەر ناوێكی هەبێت ئەم حیزبانە ماوە ماوە كۆبكاتەوە بۆ تاوتوێ كردنی كێشەكان كە ئێستا كێشەی ئەمریكا و ئێران لەناوچەكەدا هەیە كەكورد لەناوچەكەدا زیانمەند دەبێت دەبێت كورد كۆبێتەوە بزانێت چی بكات؟، خۆ ئەمە شتێكی تازە نیە بۆ نمونە لە ئەمریكا ئەنجومەنی پیران هەیە لە بەریتانیا لۆردات هەیە لە وڵاتانی عەرەبی "ئەعیان" هەیە، خۆ ئەگەر لەكوردستانیشدا شتێكی وا هەبێت كە بتوانێت ڕاوێژكاری لەنێوان حیزبەكاندا هەبێت و نەخشەیەك دابنێن كە بیخەنە بەردەم پەرلەمان و حكومەت ڕەنگە ئەوكات پەرلەمانی كوردستان بتوانێت بە بڕیارك چوارچێوەیەك بۆ ئەو ئەنجومەنە دابنێت."
 

هەندێك ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە ویستی هەندێك كەسایەتی و لایەنە بۆ داتاشینی پۆست و هێنانە پێشەوەی بارزانی وەك مەرجەع؟
محەمەدی حاجی مەحـمود دەڵێت" من پێم وایە بەحوكمی ئەو دۆخی ئێستا هەیە لەناوچەكە "كاك مەسعود بارزانی" دەتوانێت لەقۆناغی یەكەمدا سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات، من واقیعانە بیردەكەمەوە نە وەك حیزبی، نە بەڕقی شەخسی بیردەكەمەوە كوردستان ئێستا بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كێشەمان لەگەڵ عیراق و وڵاتانی هەرێمی هەیە شوێنەواری شەڕی داعش و قەیرانی ئابوریمان هەیە جۆرەها كێشەی تریش جا بۆیە ئەگەر ئەو ئەنجومەنە بتوانێت ئەو حیزبانە هەمووی كۆبكاتەوە ئەوا زۆرباشە، خاڵی دووەم، پێم وانیە كاك مەسعود پێویستی بە پۆست هەبێت خۆ كاك مەسعود ئێستا سەرۆكی هەرێم نیە پادشای هۆڵەندی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هاتن، هەموویان ئەویشیان بینی بەبێ ئەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە لەكوردستان واتە بڕواناكەم ئێستا ئەو "مەسعود بارزانی" پێویستی بەوەبێت كەسەرۆكی ئەو ئەنجومەنە بێت بەڵام كورد ئێستا خۆی پێویستی بەچیە و بەكێیە بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە؟ من پێم وایە ئەوكات حیزبەكان دەبێت خۆیان پێشنیار بكەن داوا لەكاك مەسعود بكەن بۆ سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە. .من پێم وایە ئێستا زۆر پێویستە سەرۆكایەتی كاك مەسعود بۆ ئەو ئەنجومەنە، چونكە بە حوكمی كەسایەتی و پێگەی حیزبەكەی كە ئێستا گەورەترین حیزبی كوردستانە و نیوەی زیاتری هەموو حیزبەكانی تری هەیە وە خۆشی كەسایەتیەكی دیار و ناسراوە."

بەبۆچونی محەمەدی حاجی مەحمود زۆربەی زۆری حیزبەكان ڕازی دەبن كە "مەسعود بارزانی" سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات و وتی" من پێم وایە زۆربەی زۆری حیزبەكان بەسەرۆكایەتی كردنی ؟كاك مەسعود" لەو ئەنجومەنەدا ڕازی دەبن، هەروەك لە ڕاگەیاندنەكانەوە گوێ-مان لێیەتی بۆ یەكێتی نیشتمانی كاتێك من دەستپێشخەریم كرد ئەوان وتیان ئێمە خۆمان لەسەركردایەتی ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەین بەڵام لەگەڵی بوون، وە بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان پێش ماوەیەك داوایان كرد كەدەڵێن با كۆبونەوەی هەموو حیزبەكان بكرێت، كۆبونەوەی حیزبەكانیش دەبێت لە چوارچێوەیەكدا بێت كە ئەو چوارچێوەیە ئەنجومەنەكەیە، بۆیە بەبۆچونی من نەك دەبێت ڕازی بن ئەو حیزبانە ( یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها نەوەی نوێ) بەسەرۆكایەتی كردنی كاك مەسعود لەو ئەنجومەنە بەڵكو دەبێت" تەكلیفی لێ بكەن، من كاك مەسعودیشم نەبینیووە تابزانم ڕازی دەبێت یا نا بەسەرۆكایەتی كردنی ئەو ئەنجومەنە بەڵام ئەوكاتەی حیزبەكان ڕێككەوتن كە داوایان لێكرد ئەوكات دەردەكەوێت ڕازی دەبێت یاخود نا كەسەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە بكات."
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand