Draw Media

"زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی"

"زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی"

2019-09-01 15:21:13


(درەو میدیا):
بزوتنەوەی گۆڕان لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەكاتەوە، بەپێی قسەی هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاد لە كاندیدێك دەبێت بۆ پۆستی رێكخەری گشتی.
هێمن شێخانی بونی مەرجەع بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست نازانێت و دەڵێت" جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم".
شێخانی لەم گفتوگۆیەدا باس لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دەكات‌و دەڵێت گۆڕان هێشتا بەتەواوەتی ئەو پۆستانەی وەرنەگرتووە كە لە كابینەی نوێی حكومەتدا رێككەوتنی لەسەر كردووە.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
درەو: بەپێی دواین زانیارییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە بكات، پێشتر كۆبونەوەتان رەتدەكردەوە، چۆن بوو ئێستا بڕیاری كۆبونەوەتان داوە؟
هێمن شێخانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكێتی خۆی كێشەی هەیە، ئەوە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانییە، بڕیارمانداوە ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروستووە هێورببێتەوە، ئەو گرژیانە لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، نە لەبەرژەوەندی ئەو حزبانەدایە كە سەركردایەتییەكەیان لە سلێمانییە، نە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەدایە.
درەو: باس لەوە دەكرێت وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گلەییان هەیە لە مامەڵەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ؟
هێمن شێخانی: تا ئێستا ئەوەی كە من لە زاری خۆیانەوە (وەزیرەكانی گۆڕان) بیستومە، هیچ بەربەستێك لەبەردەم كارەكانیاندا نییە، راستە ئەركەكانیان قورسە‌و سەرەتایە، بەڵام ئەو بەرنامەیەی هەنگاوی بۆدەنێن تائێستا هیچ بەربەستێكیان نەبووە.
درەو: ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێوە لە پیرمام لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، ئەو كۆبوەنەوەیە بۆچی بوو ؟
هێمن شێخانی: چارەسەركردنی كێشەی كەركوك خاڵێكی گرنگ‌و جەوهەرییە، دانیشتنەكان دەبێت دوو لایەنەو سێ لایەنە نەبێت، هێزی یەكەم لە پارێزگای كەركوك كە یەكێتییە دەبێت ئەوانیش لە كۆبونەوەكاندا بن‌و رێككەون لەسەر ئەوەی پشكی كورد چەندەو چۆن پارێزگاری لێدەكەن، هەروەها لە كۆبونەوەكەدا باس لەوە كراوە كە پشكی 12%ی بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا نەهاتۆتە خوارەوە، بۆ نمونە (3) نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە پشكی گۆڕانە، بەڵام تائێستا دیاری نەكراوە بۆ كام وڵاتەیە.
درەو: رێگری هەیە یان رۆتینیە رێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی هەمووی جێبەجێنەكراوە ؟
هێمن شێخانی: نا.. نا رێگری نیەو من تا ئێستا هیچ رێگرییەكم نەبینیوە، پێشم وانیە رێگری هەبێت، ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ كراوە كۆتا كۆبونەوە دەبێت بۆ رونكردنەوەی زیاتری پشكی گۆڕان لە حكومەت.
درەو: رەخنەی ئەوەی لە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت، كە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام لە پارتی نە سەرۆك و نەجێگری سەرۆك ئامادە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ نەبوون ؟
هێمن شێخانی: بەرای ئێمە پرسەكە بەتایبەت پرسی كەركوك ئەوەندە گرنگە، لای ئێمە ئەگەر پۆستی لەسەرو كاك عومەریشەوە هەمانبوایە دەماننارد، واتا پرسەكە گرنگە، گرنگە ئەوەیە ئێمە پەیامەكە بگەیەنین هەوڵەكە بدەین، ئامانجەكەمان بپێكین، ئەوەی ئەوان كەسی یەكەمیان نەناردووەو ئێمە كەسی یەكەم چووە ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام ئێمە كەسی لەسەرو كاك عومەرییشەوە هەمان بوایە دەماننارد. 
درەو: بزوتنەوەی گۆڕان كەی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت ؟ 
هێمن شێخانی: لە 14ی مانگ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دەكرێت بە رێكخەریشەوە.
درەو: ئامادەكاری كراوە، رێوشوێن‌و هەنگاوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە گیراوەتەبەر ؟
هێمن شێخانی: بەڵێ، ئامادەكاری كراوەو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە.
درەو: گۆڕانكاری دەكرێت لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا ؟   
هێمن شێخانی: دەرگای گۆڕانكاری لە 100% دەكرێتەوە، ئەو ئەندامانەی كە دەردەچنەوە پەیوەندی بە دەنگدانی جڤاتی نیشتیمانییەوە هەیە كە دەنگی پێدەدرێتەوە، بەڵام بەتەئكید گۆڕانكاری لە خانەی راپەڕاندن دەكرێت.
درەو: گۆڕانكارییەكە رێكخەری گشتیش دەگرێتەوە ؟
هێمن شێخانی: من ئەوە نازانم، چونكە من ئێستاش نازانم كێن ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین ؟
درەو: عومەر سەید عەلی بۆ ئەم خولەش وەكو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەمێنێتەوە ؟
هێمن شێخانی: باوەڕ بكە تائێستا نازانم ئەوانەی كاندیدی رێكخەری گشتین كێن، ئەزانم كەسی شیاومان هەیە، بەڵام نازانم كاندیدەكانی رێكخەری گشتی كێن.
درەو: جگە لە عومەر سەید عەلی كەسی تر بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كاندید دەكات ؟
هێمن شێخانی: ئەوەی خۆم تەوەقوعی دەكەم لە كاندیدێك زیاتر هەیە بۆ رێكخەری گشتی.
درەو: ئێستا باس لە بەمەرجەعكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەكرێت لەرێگەی پرۆژەیاسایەكەوە، رای بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە چییە ؟ 
هێمن شێخانی: رای خۆم‌و بەشی زۆری ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیش ئەوەیە كە تاكە مەرجەعی ئێمە خودی بەرنامەكەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، لە رابردوودا ئەو بووەو بۆ ئێستاو داهاتووش هەر ئەوە مەرجەعمانە، هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆمان نازانین. من وەكو هێمن، جگە لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كەسێكی تر بە مەرجەعی خۆم نازانم.
درەو: ئێوە بوونی مەرجەعێكی سیاسی بە زیان بۆ هەرێمی كوردستان دەزانن ؟
هێمن شێخانی: مەرجەع پێویست نیە، پێموایە گرفت‌و كێشەكان قوڵتردەكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand