لەبارەی دەستگیركردنی سیروانی كوێخا نەجمەوە
2019-08-28 14:15:13
(درەو میدیا):
دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی لە چەمچەماڵ، یەكێتی بەفەرمی مستەفا چاڵاوی لە شوێنی سیروان كوێخا نەجم دیاریكرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە بڕیارێكی كۆسرەت رەسوڵ عەلی پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵی لە سیروانی كوێخا نەجم وەرگیراوەتەوەو مستەفا چاڵاویی كە ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی ئەو حزبەیە، لە شوێنەكەی دانرا.
سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی ئەو حزبە، ماوەی سێ رۆژە لە قەڵاچوالان دەستبەسەرە.
دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 25-8-2019 بە ماددەی 421/31، لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتیی چالاكییەكانی دژەتیرۆر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سیروانی كوێخا نەجم دەركردووە.
لەبارەی هۆكاری دۆسیەی دەستبەسەركردنی سیروانی كوێخا نەجم باس لە دوو گێڕانەوەی جیاواز دەكرێت:
• گیڕانەوەی یەكەم: هەندێك سەرچاوەی باڵای ناو یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون باسلەوە دەكەن، سیروانی كوێخا نەجم هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی حزبەكەی داوە، سیروانی كوێخا نەجم كاندیدبوو بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وزاری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەوترێت لەسەر پشكی كەركوكییەكان ویستویەتی ئەو پۆستە وەرگرێت، بەڵام كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی رێگرییان لێكردووەو لەوەوە كەوتوەتە ناكۆكی لەگەڵ ئاسۆ ئەڵمانی.
• گێرانەوەی دووەم: هەندێك سەرچاوەی تری ناو یەكێتی كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە باس لەوە دەكەن، یەكێتی زانیوەیەتی دەزگای هەواڵگری پارتی (پاراستن) لەڕێگەی هاوسەری دووەمییەوە، سیروانی كوێخا نەجمی بەكارهێناوە لەدژی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، تا ئەو رادەیەی پلانداڕێژراوە بۆ تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانیو بۆ ئەو مەبەستە سیروانی كوێخا نەجم لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای سەربازی پارتی كۆبوەتەوەو بڕیاربووە چەند سەركردەیەكی تری باڵای پارتی ببینێت، بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆ ئەڵمانی پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان سیروان كوێخا نەجمو ئاسۆ ئەڵمانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كێشەی نێوان ئاسۆ ئەڵمانیو پارتییەوە هەیەو لەماوەی رابردوودا ئاسۆ ئەڵمانی لە كەركوك زیانی زۆری بە پارتی گەیاندووە.
(درەو میدیا) ناتونێت هیچ یەكێك لەم گێڕانەوانە پشتڕاست بكاتەوە، چونكە پرۆسەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ سیروانی كوێخا نەجم بەشێوەیەكی نهێنی بەڕێوەدەچێتو نەچووەتە ناو دادگاوەو زیاتر لێكۆڵینەوەیەكی ئەمنی حزبییە.