ترەمپ پێشنیازێكی سەیر بۆ نەهێشتنی گەردەلول دەخاتەڕوو
2019-08-26 11:23:14
(درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازدەكات بە بۆمبی ئەتۆمی لە گەردەلولەكان بدرێت, پێش ئەوەی بگەنە خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئەمەش بەوتەی سایتی هەواڵی ئیكسیۆسی ئەمریكی.
بە گوێرەی ئەو سایتە ترەمپ لە میانی كۆبوونەوەیەكدا كە پرسی گەردەلولەكانی تێدا تاوتوێكراوە، پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئایا دەكرێت بۆمبی ئەتۆمیی بدرێت لە سەرچاوەی گەردەلولەكان لە كەناراوەكانی ئەفریقاو لەو رێگەیەوە پەكبخرێت؟
سەرچاوەیەك كە ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بووە رایگەیاندووە بەشداربووان سەریان سوڕماوەوەو وتویاینە " چیی بكەین لەگەڵ ئەمەدا؟"
سایتی ئۆكسیۆن مێژووی ئەو كۆبوونەوەیەی باس نەكردووە كە تێیدا باسی ئەو پرسە كراوە.
ئەمە یەكەمجار نیە كە ترەمپ پێشنیازی لەو شێوەیە دەكاتن ساڵی 2017. ترەمپ پرسیاری لە بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكا كرد كە ئایا دەكرێت بە بۆمب رێگە لە گەیشتنی گەردەلول بۆ خاكی ئەمریكا بگیرێت، بەڵام ترەمپ ئەو كاتە لەو گفتوگۆیەدا باسی بۆمبی ئەتۆمی نەكرد بەدیاریكراوە.
كۆشكی سپی رەتیكردوەتەوە كە كۆمێنت لەسەر ئەو بابەتە بدات، بەڵام سایتی ئیكسیۆس لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكاوە رایگەیاند كە " ئامانجەكەی ترەمپ خراپ نیە".
بیرۆكەكە نوێ نیە
ئەم بیرۆكەیەی كە ترەمپ بۆ بەرگرتن لە گەردەلول خستویەتییەڕوو نوێ نیە، پێشترو لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا یەكێك لە زاناكانی ئیدارەی ئەو كاتەی حكومەتی ئەمریكا پێشنیازێكی لەو شێوەیەی خستوتەبەر دەست ئیدارەی سەرۆك دویت ئایزنهاوەرو ئێستاش بیرۆكەكە جارێكی تر سەریهەڵداوەتەوە، هەرچەندە زاناكان لەو باوەڕەدان نین كە كەڵكی هەبێت ، " فەرمانگەی نیشتمانی تایبەت بە زەریاكانو بەرگە هەوا) لە سایتی فەرمی خۆی لاپەڕەیەكی بۆ ئەو بیرۆكەیە تەرخانكردووەو دەڵێت:" لەكاتی وەرزی گەردەلولەكاندا پێشنیازەكانی تایبەت بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنیان سەرهەڵدەداتەوە".
دەشڵێت:" كارەكە تەنها لە ئاگاداركردنەوەی گەردەلولەكەدا خۆی نابینێتەوە كە ئەگەر جێبەجێمانكردن بەڵكو بەهۆی باوە چالاكی بڵاوبونەوەی تیشك زۆر بەخێرایی لە زەوییەكانی دەوربەر روودەدات، پێویستیش ناكات كە بوترێت بیرۆكەیەكی باش نیە".
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ساڵانە رووبەڕووی چەندین گەردەلول دەبێتەوەوبەهۆیەوە زیانێكی زۆری پێدەگات، ساڵی 2017 گەردەلولی ( هارڤی) لەو وڵاتەیداو دەوترێت كە ئەوە بەهێزترین گەردەلولە كە ئەمریكا لە ماوەی 12 ساڵدا رووبەڕووی بوبێتەوە.
لەو كاتەوە بەردەوام كەناری خۆرهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رووبەڕووی زنجیرەیەك گەردەلولی وێرانكەر بوەتەوەو بەهۆیەوە هەزاران كەس مردونو زیانی چەندین ملیار دۆلاریشی لەو وڵاتە داوە.
" ئەم پیاوە دەبێت بڕوات"
ئەمریكییەكان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سەرسوڕمانی خۆیان بەم بیرۆكەیەی سەرۆكەكەیان دەربڕیوە، یەكێك بە سەرسوڕمانەوە نوسیویەتی" دەبێت چی رووبدات لە رێگەی هەڵەوە".
هەروەها چەندین كەسی تر هاشتاكی ( بەمشێوەیە كۆتایی جیهان دەستپێدەكات) یان راگەیاندووە.
كاملا هاریس كە هەوڵدەدات ببێتە كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە تویتێكیدا دەڵێت:" پێویستە ئەم پیاوە بڕوات".