بە ژمارە، ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی ئەمازۆن
2019-08-24 17:57:48
درەو میدیا:
نزیكەی 20 رۆژە ئاگر لە دارستانەكانی ئەمازۆنی ئەمریكای باشور كەوتۆتەوە، دارستانەكانی ئەمازۆن بەسەر 9 وڵاتدا دابەشبووەو زۆرینەی روبەرەكەی دەكەوێتە بەرازیلەوە.
جاییر پۆڵسۆنارۆ، سەرۆكی بەڕازیل رێكخراوە ناحكوومییەكانی بە كردنەوەی ئاگرەكە تۆمەتبار كردوو وتی " رێكخراوە ناحكومییەكان هۆكارێكن بۆ زیاتر تەشەنەسەندنی ئاگرەكەی دارستانەكانی ئەمازۆن ، چونكە ئەگەر ئاگر نەبێت، ئەوان سودی دارایی ناكەن".
بەڵام (پەیمانگای توێژینەوە لە ژینگەی ئەمازۆن) هۆكارەكەی بۆ لەناوبردنی دارستان و بڕینەوەی دارەكان دەگەڕنێتەوە دەڵێت" سەرۆكی بەرازیل لە پێشودا بڕیاری ئەوەی دابوو كە روبەری دارستانەكە لە سنوری وڵاتەكەی كەمبكاتەوە و لەبری ئەوە زەوی پێویست بۆ وەبەرهێنان و كشتوكاڵ دەستبخات"
لە لێدوانێكی پێشویدا سەرۆكی بەرازیل وتبووی "یەك كیلۆ لە بەرهەمی كشتوكاڵی بەسود بەهادارترە لە دارێكی دارستانی ئامازۆن".
دارستانەكانی ئەمازۆن، فراونترین دارستانەكانی جیهانەو بە (سییەكانی زەوی) جیهان ناسراوەو لە ئێستادا ئاگرێكی گەورە لەو دارستانە كەوتۆتەوە:
• بەپێی ئاماری سەنتەری لێكۆڵینەوەی گەردونی بەرازیلی، تەنها لەم ساڵ( 1/1/2019 تا 21/8/2019) لە دارستانەكانی بەرازیلدا ( 75 هەزارو 336 ) ئاگر كەوتۆتەوە كە 52%ی لە دارستانەكانی ئەمازۆندا بووە.
• بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاگركەوتنەوە 84% زیادیكردووە،
• لە ( 15 تا 21/8/2019) زیاتر لە( 9 هەزارو 500 ) ئاگر لە دارستانەكانی ئەمازۆن كەوتۆتەوە.
• دارستانەكانی ئەمازۆن بەسەر 9 وڵاتی ئەمریكای باشوردا دابەشبووە( بەرازیل، ڤەنزوێلا، پۆلیڤیا، كۆڵۆمبیا، پیرۆ، گۆیانا، ئیكوادۆر، سۆرینام، گۆیانای فەرەنسی)
• لە 64%ی دارستانەكانی ئەمازۆن روبەرەكەی دەكەوێتە وڵاتی بەرازیلەوە
• روبەری دارستانەكانی ئەمازۆن ( 5 ملیۆن و 500 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە
• دارستانەكانی ئەمازۆن نزیكەی ( 2 ملیۆن و 500 هەزار) جۆر مێروی تێدایە.
• (40) هەزار جۆری روەكی تێدایە
• ( 2 هەزارو 200) جۆر ماسی تێدایە
• ( هەزار و 294) جۆر باڵندەی تێدایە
• ( 427) جۆر ئاژەڵی تێدا دەژی
• (378) جۆر خشۆك لە دارستانەكانی ئەمازۆن ئەژین
• (750 ) جۆر داری تێدایە