چی دەربارەی گروپی حەوت "G7" دەزانیت؟
2019-08-24 13:42:06
راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
چلوپێنجەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكو سەركردەكانی وڵاتانی گروپی حەوت لە هاوینەهەواری پیاریتز لە فەرەنسا دەستیپێكردو ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
گروپی حەوت چییە؟ ئەندامەكانی كێن؟ رۆڵی چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری تر لەم راپۆرتەدا دەدرێنەوە.
گروپی حەوت
گروپی حەوت رێكخراوێكە لە حەوت گەورەترین وڵاتی جیهان لە رووی ئابورییەوە پێكدێت ئەوانیش بریتین لە: كەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهاكانی وەك ئازادی، مافەكانی مرۆڤ، دیموكراتیەت، حوكمی یاسا، خۆشگوزەرانیو گەشەپێدانی بەردەوام لە بنەما سەرەكییەكانی ئەم گروپەیە.
كارەكانی گروپەكە
یەكەمین كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوت ساڵی 1975 بەڕێوەچوو، كاتێك شەش دەوڵەت بۆ " ئاڵوگۆڕكردنی بیروراو چارەسەر" بۆ قەیرانی ئابوری جیهانی كۆبوونەوەو ساڵی داهاتووش كەنەدا چووە ناو گروپەكەوە.
لە كۆبوونەوەی لوتكەی رێكخراوەكەدا وەزیرانو فەرمانبەرە مەدەنییەكانی هەر حەوت دەوڵەتەكە كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردنو تاوتوێكردنی كاروباری رێكخراوەكەو بەرژەوەندە هاوبەشەكانیان.
رێكخراوەكە هەر ساڵەو لەلایەن دەوڵەتێكی ئەندامەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەو دەوڵەتەی سەرۆكایەتی گروپەكە دەكات میوانداری كۆبوونەوەی لوتكەی ساڵانە دەكات كە دوو رۆژ دەخایەنێت.
پرسەكانی وەك سیاسەتەكانی تایبەت بە وزە، گۆڕانكاری كەشوهەوا، نەخۆشی كەمبوونەوەی بەرگری " ئەیدز" و ئاسایشی جیهانی لەو پرسانەن كە لە رێكخراوەكە لە كۆبوونەوەی لوتكەیدا لە پاڵ چەندین پرسی سەرەكییدا بایەخیان پێدەداتو تاوتوێیاندەكاتو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بەیاننامەی كۆتایی بڵاودەكرێتەوەو تێیدا ئەوەی رێككەوتنی لە بارەیەوە كراوە ئاشكرادەكرێت.
ئامادەبووە هەمیشییەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوت بریتین لە: سەرۆكی حكومەتەكان، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كە ئێستا جان كلود یانكەرە و لە كۆبوونەوەی ئەمساڵدا بەشدار نابێت بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ كراوە، هەروەها دۆناڵد تۆسك سەرۆك ئەنجومەنی ئەوروپاش ئامادە دەبێت.
هەمیشە ساڵانە نوێنەرانی وڵاتانی ترو نوێنەرانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بانگهێشتدەكرێنو كۆبوونەوەی ئەمساڵ كە لە پیاریتز دەبەسترێت تەوەرەی سەرەكی بریتییە لە " دژایەتیكردنی نایەكسانی".
ساڵانە لە كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوتدا، چالاكانی چەندین رێكخراو لە چالاكانی مافەكانی ژینگەوە تا چالاكانی دژ بە سەرمایەداری خۆپیشاندان دەكەنو بە زۆریش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شوێنی كۆبوونەوەكە دووردەخرێنەوە.
ئایا گروپی حەوت كاریگەرە؟
سەرەڕای ئەو رەخنانەی ئاراستەی گروپی حەوت دەكرێتو وەك" شتێكی دانسقەی هونەریی سەردەمی رابردوو" تەماشادەكرێت، بەڵام رێكخراوەكە چەندین سەركەوتنی گرنگی بەدەستهێناوە دیارترینیان بریتیە لە: دامەزراندنی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی نەخۆشی ئەیدزو سیلو مەلاریا، كە دەڵێت لە ساڵی 2002ەوە 27 ملیۆن كەسی رزگاركردووە.
هەروەها گروپی حەوت هێزی سەرەكیو بەگەڕخەری رێككەوتننامەی كەشوهەوا بوو كە ساڵی 2016 لە پاریس ئیمزاكرا، هەرچەندە لەو كاتەدا ئەمریكا داواكاری كشانەوەی لە رێككەوتنكە پێشكەشكرد.
بۆچی چین ئەندامی گروپی حەوت نیە؟
هەرچەندە چین گەورەترین دەوڵەتە لە رووی دانیشتوانەوەو دووەم گەورەترین ئابورییە لە جیهاندا، بەڵام سامانەكانی ئەو وڵاتە بە كەمتر لە وڵاتانی ئەندامی گروپی حەوت ئەژماردەكرێت، ئەوەش بە گوێرەی ئەژماری پشكو بەركەوتەی تاك لە سامانەكانی وڵات، لەبەرئەوە چین بەگوێرەی پێوەرەكانی وڵاتانی گروپی حەوت بە وڵاتێكی خاوەن ئابوریی پێشكەوتوو دانانرێت، هەرچەندە ئەندامە لە گروپی بیستداو خاوەنی چەندین شاری نوێو زەبەلاحی وەك شەنگەهایە.
روسیا ئەندام بووە لە كۆمەڵەی حەوت؟
روسیا ساڵی 1998 چووە گروپەكەوەو ئەو كات بە گروپی هەشت ناودەبرا، بەڵام ساڵی 2014 ئەندامێتی روسیای هەڵپەسێردرا، ئەوەش دوای ئەوەی روسیا نیمچە دوورگەی كریمیای كۆنترۆڵكردۆ كردی بە بەشێك لەو وڵاتە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا باوەڕی وایە كە پێویستە روسیا بگەڕێنرێتەوە بۆ رێكخراوەو جەختدەكاتەوە " پێویستە روسیا لەسەر مێزی دانوستانەكان ئامادەبێت".
ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوی گروپەكە دەبنەوە
چەند ناكۆكییەك لە نێوان ئەندامانی وڵاتانی گروپی حەوتدا هەیە، دیارترینیان ناكۆكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەگەڵ هەموو ئەندامانی تری رێكخراوەكە دەربارەی باج لەسەر هاوردەو ئەو رێوشوێنانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرتویەتیەبەر دەربارەی گۆڕانكاری كەشوهەوا لە كۆبوونەوەی گروپەكە كە ساڵی رابردوو لە كەنەدا بەڕێوچوو.
هەروەها گروپەكە رەخنەی ئەوەی ئاراستەدەكرێت كە كارەكانی لەگەڵ دۆخی سیاسیو ئابوری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكناگرێتەوە، هەروەها هیچ وڵاتێكی كیشوەری ئەفریقا، یان وڵاتانی ئەمریكای لاتین یان هیچ وڵاتێكی باشووری گۆی زەویی ئەندامی رێكخراوەكە نین.
هاوكات گروپەكە رووبەڕووی ئاڵنگاری ئابورییە تازەو خێرا گەشەسەندوەكانی وەك هیندستانو بەرازیل دەبێتەوە كە ئەندامی رێكخراوەكە نین هەرچەندە ئەندامی گروپی بیستن، پسپۆرانی ئابوریی پێشبیندەكەن كە ئەو ئابورییە تازە گەشەسەندوانە لەرووی ئابورییەوە پێش وڵاتانی گروپی حەوت بكەون.