Draw Media

بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی‌و پارتی  بە كاندیدكردنی تەیب جەبار ناڕازین

بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی‌و پارتی  بە كاندیدكردنی تەیب جەبار ناڕازین

2019-08-23 20:04:00


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ 
9ی ئەیلولی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەشێك لە ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ناڕازین‌و لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووشیاندا لە شاری هەولێر  ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزایی خۆیان بە لیژنە هاوبەشەكە راگەیاندووە. 
دانانی پارێزگاری كەركوك بە كوێ گەیشتووە؟
لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتی‌و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك.
بە گوێرەی سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ ( درەو میدیا) قسەیكرد: وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە:
-  یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان
- پارتی:  ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز
راشیگەیاند وەفدەكە بەجیا لەگەڵ  ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە.


ئەندامانی پارتی ناڕازین
لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ  ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك.
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێت‌و پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن".
هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن.
كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی پارتی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە"لە هەولێر لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی دا كۆبووینەتەوە، تۆپەكەمان فڕێدایەوە ساحەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب."
بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  ( محەمەد كەمال و كامەران كەركوك)ی دیارترین ناڕازییەكانن، لە رۆژی 11ی تەموزی رابردوو و دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ویستویانە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستن و ناڕەزایی دەرببڕن، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڵام دواتر لە سەركردایەتی پارتیەوە رێگریان لێكراوە. 
ناڕەزایی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەتایبەت لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا پرسیان پێناكرێت و پارتی كۆمەڵێك گەنجی تری هێناوەتە پێشەوە لە كەركوك و حساب بۆ ئەمان ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەندامانە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا زیانی زۆریان بەركەوتووە، بۆیە ئەوان بە رونی بە وەفدە هاوبەشەكەیان  راگەیاندووە  كاندید  فەرزكردن قبوڵناكەن، بەڵام وەفدی پارتی رایان گەیاندووە  ئەوە كێشەی ناوخۆی خۆیانەو چارەسەری دەكەن. 


لەبەغداد لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆدەبنەوە
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی لە بەغداد لەگەڵ وەفدی سیاسیی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك كۆببنەوە، چونكە وەفدی پارتی ئامادەنین لە كەركوك كۆبونەوە بكەن بۆیە كۆبونەوەكە دەبرێتە بەغداد،  ئەو سەرچاوەیە رەتیكردەوە كۆبونەوەكەی بەغداد لیستی برایەتی بێت، بەڵكو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتیەو لەگەڵ نوێنەری عەرەب و توركمانەكان كۆدەبێتەوە،ئەگەر بگەنە رێككەوتن ئەوا لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێرن.


45 رۆژ دیاریكراوە
بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان  سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، پێشتر ئاسۆ مامەند, ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندبوو" لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە"
بەڵام بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە), لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 28 ) رۆژ واتا هێشتا ( 17) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand