دوای 60 ساڵ كەسێكی دوور لە بنەماڵە لە كوبا دەسەڵاتی گرتە دەست
2018-04-19 11:05:54
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ
كوبا پێی نایە قۆناغێكی نوێیەوە، ماڵئاوایی لە قۆناغی دەسەڵاتی كاسترۆ و بنەماڵەكەی كرد، دوای ئەوەی ئەنجومەنی گەل " پەرلەمان سەركردەیەكی تری بۆ وڵات هەڵبژارد تا جێگای سەرۆكی ئێستا " رائول كاسترۆ" بگرێتەوە كە دوای (10) ساڵ لە سەرۆكایەتیكردنی بە ویستی خۆی دەستبەرداری دەسەڵات بوو.
ئەنجومەنی گەلی كوبا " میگێل دیاز كانیل" ی تەمەن 58 ساڵی وەك سەرۆكی وڵات هەڵبژارد، ئەوەش بە واتای كۆتایهاتنی حكومی فیدڵ و رائول كاسترۆ دێت كە لە دوای سەركەوتنی شۆڕی كوباوە لە ساڵی 1959 جگە لەو دوو برایە هیچ سەرۆكێكی تری بەخۆیەوە نەبینیوە.
نەوەیەكی نوێ
دیاز كایل ئەندازیاری ئەلیكترۆنی لە كوبا خوێندووە، ماوەی 30 ساڵ لە ریزەكانی حزبی شیوعیدا كاریكردووە و وەك وەزیری خوێندنی باڵا دەستبەكاربووە تائەوكاتەی لە ساڵی 2013 دا بە جێگری سەرۆك هەڵبژێردرا.
هەرچەندە دیاز كایل بە میانڕەو لە سەركردایەتیكردندا دادەنرێت، بەڵام هەڵوێستەكانی ئەمدواییەی زیاتر توندڕەویی نیشاندەدەن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی دەربارەی پەیوەندیی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئازادكردنی ئابوریی كوبا.
ساڵی 2015 گرتەیەكی ڤیدیۆی دزەپێكراو بڵاوكرایەوە كە تێیدا دیاز دەردەكەوێت لە كۆبوونەوەیەكی حزبیدا قسەدەكات و رەخنە لە " میدیای سەربەخۆ" دەگرێت و دەڵێت باڵیۆزخانەی وڵاتانی خۆرئاوای لە كوبا پشتیگری چالاكی روخێنەر دەكەن لە وڵاتدا، هەروەها هەنگاوی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆباما بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ وڵاتەكەیدا بەوە وەسفدەكات كە " رێگایەكی ترە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی كۆتاییی كە وێرانكردنی شۆڕشی كوبایە".
بەڕای بەشێك لە چاودێران لۆژیكی نییە قسە لەوە بكرێت كە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دیازە و بە قۆناغی پۆست كاسترۆ ناوبنرێت، لەبەرئەوەی رائول كاسترۆ وەك سەرۆكی حزبی شیوعی دەمێنێتەوە و ئەلیخاندرۆی كوڕیشی كە تەمەنی 52 ساڵە و ئەفسەرە بە پلەی عەمید لە وەزارەتی ناوخۆ، بە میراتگری خێزانی كاسترۆ لێی دەڕوانرێت.
دیاز كانێل دوا دەرچوونی لە زانكۆ وەك مامۆستای زانكۆ كاریكردووە و دواتر لە ریزەكانی حزبی شیوعی دەستی بەكاركردووە لەماوەیەكی كەمدا لە ناوچەی " ڤیلا كلارا" پۆستێكی باڵای حزبی گرتە دەست و لەو ناوچەیەش ژیانێكی خاكی و سادە دەژیا و بووە مایەی سەرنجی هاوڵاتیانی ناوچەكە و بە پێچەوانەی زۆرینەی سەركردەكانی حزبەوە زۆرجار بە پاسكیل هاتوچۆی دەكرد.
ساڵی 2003 دیاز بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی هەڵبژێردرا كە لە 15 ئەندام پێكدێت، ئەوەش بازێكی گەورە بوو لە رێچەكەی بەرزبوونەوەی لە ریزەكانی حزبدا و ساڵی 2009 دوای دەستبەرداربوونی فیدڵ كاسترۆ و هەڵبژاردنی رائۆلی برای بە سەرۆك، دیاز وەك وەزیری خوێندنی باڵا دیاریكرا و ساڵی 2012 هەنگاوێكی تر چووە پێشەەوە و لەگەڵ حەوت كەسی تر لە ئەنجومەنی وەزیران وەك جێگری سەرۆك دەستنیشانكرا و دوای ساڵێك بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دەوڵەت و جێگری یەكەمی سەرۆك بەرزكرایەوە.
بە دەستبەكاربوونی دیاز وەك سەرۆكی دەوڵەت دەشبێتە فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان و بەوەش پێویستە لەسەری مامەڵ پاسەوانی كۆن و ئەو ژەنەراڵانە بكات كە بەشێكی بنەڕەتین لە دامەزراوەی سەربازی لەدوای سەركەوتنی شۆڕشەوە و ژمارەیەكی زۆر لەو ژەنەراڵانە پۆستی باڵایان لە سوپا و حزبدا بەدەستەوەیە.
ئاڵنگارییەكان
یەكێك لەو ئاڵنگارییە گەورانەی كە رووبەڕووی دیاز دەبنەوە، داكشانی ئابوری و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانی ئابورییە خنكێنەرەیە كە كوبای تێدایە و داهاتی كرێكارێكی كوبا لە دەوڵەتدا مانگانە (30 دۆلار) تێپەڕناكات و 80%ی كوبییەكان لە كەرتی گشتی حكومەتدا كاردەكەن.
لە رابردوودا ڤەنزوێلا بڕێكی زۆر لە نەوتی بە نرخێكی زۆر كەم پێشكەشی كوبا دەكرد و بەهاكەی ساڵانە دەگەیشتە نزیكەی (6 ملیار) دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و ئاڵۆزییەكانی دۆخی ڤەنزوێلا و دوای كۆچی دوایی هۆگۆ چاڤێز، هاوكارییەكانی ڤەنزوێلا بۆ كوبا وەستان، هەروەها دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە سەرەتای ساڵی 2017دا پەیوەندییەكانی نێوان هاڤانا و واشنتۆنی تاریكتر كرد كە دوای چەندین ساڵ لە پچڕان ئاسایی ببوونەوە، ترەمپ كۆت و بەندی خستە سەر گەشتی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ كوبا و ئەو كەسانەی خوازیارن گەشتی كوبا بكەن پێویستە لە رێگەی گروپی گەشتیارییەوە بێت كە كۆمپانیا ئەمریكییەكان رێكیدەخەن.
وەسێتننامەكەی كاسترۆ
فیدڵ كاسترۆ لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی كوبا لە ساڵی 1959 بووە یەكەمین سەرۆكی كوبا و بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە سەرۆكایەتی وڵاتی كرد و ساڵی 2006 دەسەڵاتی رادەستی رائول كاسترۆی برای كرد و كاسترۆ ساڵی 2016 لە تەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
رائولی كاسترۆ لە كاتی مەراسیمی بەخاكسپاردنی خۆڵەمێشی جەستەی فیدڵ كاسترۆ وتی لەسەر داوای كاسترۆ پرۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان دەكات بۆ ئەوەی هیچ شوێن و شەقامێكی كوبا بەناوی فیدڵ كاسترۆوە نەكرێت و وتی " فیدڵ هەتا داو ساتەكانی ژیانی سوربووە لەسەر ئەوەی كە هیچ شوێنێكی گشتی نەكرێت بە ناویەوە و وێنەی لە هیچ دامەزراوە و گۆڕەپان و باخچەیە و شەقامێك و شوێنە گشتییەكاندا دانەنرێت و هیچ جۆرە پەیكەرێكی بۆ دروست نەكرێت."